داعش دوو خانووی له‌ شه‌رگات ته‌قانده‌وه‌

له‌ پێش چاوی دانیشتوانی گونده‌كه‌ بۆمبڕێژیان كردووه‌ 

ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش دوو خانوویان له‌ باكووری قه‌زای شه‌رگات سه‌ر به‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین ته‌قانده‌وه‌ كه‌ موڵكی دوو كارمه‌ندی هێزه‌ عێراقییه‌كان بوون.

موقه‌ده‌م عه‌بدولسه‌لام جبوری، ئه‌فسه‌ر له‌ سوپای عێراق، رایگه‌یاند: ژماره‌یه‌ك له‌ شانه‌ نووستووه‌كانی داعش دزه‌یان كرده‌ ناو گوندی كه‌نعوس باكووری قه‌زای شه‌رگات و دوو خانوویان له‌ پێش چاوی دانیشتوانی گونده‌كه‌ بۆمبڕێژ كرد و هه‌ردووكیان ته‌قانده‌وه‌.

گوتیشی: به‌ پێی ئه‌وه‌ی دانیشتوانی گونده‌كه‌ باسیان لێوه‌كردووه‌، چه‌كدارانی داعش بڕێك خۆراك، هه‌روه‌ها ئامێری په‌یوه‌ندییكردنیان له‌ناو دوو خانووه‌كه‌ بردووه‌ به‌رله‌وه‌ی بیان ته‌قێننه‌وه‌ و دواتر به‌ ئاراسته‌ی باخچه‌كانی لێواری رووباری دیجله‌ هه‌ڵاتوون.

ئه‌و دوو خانووه‌ی كه‌ له‌ شه‌ركات ته‌قێندراوه‌ته‌وه‌ موڵكی دوو كارمه‌ندی هێزه‌ عێراقییه‌كان بوون.

ئاماده‌كردنی : رزگار