دۆناڵد ترامپ كشانه‌وه‌ی تیله‌رسن له‌ پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌

تیله‌رسنیش هه‌واڵی ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌كه‌ی خۆی ه‌ هه‌واڵێكی كۆمیدیی وه‌سفكرد

دۆناڵد ترامپ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا رۆژی هه‌ینی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن گوایه‌ كۆشكی سپی داوای له‌ ریكس تیله‌رسن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كردووه‌ تا ده‌ست له‌ پۆسته‌كه‌ی بكێشێته‌وه‌، ترامپ جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ناوبراو له‌ پۆسته‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌.

راگه‌یاندنه‌كانی ئه‌مریكا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ له‌سه‌ر زاری ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌یانه‌وه‌ باسیان له‌ پلانێكی كۆشكی سپی كرد بۆ گۆڕینی ریكس تیله‌رسن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ و دانانی مایك پامپیۆ له‌ جێگه‌ی ناوبراو.

دۆناڵد ترامپ له‌ وه‌ڵامی ئه‌و هه‌واڵانه‌دا له‌ په‌یامێكی تویته‌ریدا نووسیویه‌تی كه‌: راگه‌یاندنه‌كان گریمانه‌یان كردووه‌ كه‌ من ریكس تیله‌رسنم له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی لاداوه‌، یان به‌مزووانه‌ واز له‌ پۆسته‌كه‌ی ده‌هێنێت، ئه‌وه‌ش هه‌واڵی درۆیه‌.

ترامپ له‌ درێژه‌دا وتیشی كه‌ تیله‌رسن له‌سه‌ر كار لاناچێت و هه‌رچه‌نده‌ كه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێ پرس ناكۆكیمان هه‌یه‌، به‌ڵام خۆمان به‌باشی له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌گونجێنین و ئه‌مریكاش بۆجارێكی دیكه‌ به‌ باشی پێگه‌ی رێزی خۆی به‌ده‌ست هێناوه‌ته‌وه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ تیله‌رسنیش سه‌رله‌ به‌یانی هه‌ینی هه‌واڵی ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌كه‌ی خۆی له‌ پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و هه‌روه‌ها ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ نزیكترین هاوكاره‌كانی له‌م وه‌زاره‌تخانه‌یه‌ به‌ هه‌واڵێكی كۆمیدیی وه‌سفكرد.

سه‌رچاوه‌ / ده‌نگی ئه‌مریكا

مه‌سعود / كوردستان تیڤی