سه‌رۆكی ئه‌مریكا  له‌ ماوه‌ی ١٠ مانگدا به‌ به‌های ٤٩ ملیار دۆلار چه‌كی فرۆشتووه‌

ئیداره‌ی تره‌مپ په‌رۆشتره‌ بۆ رێككه‌وتنی فرۆشتنی چه‌ك

سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ له‌ ماوه‌ی 10ی مانگی ده‌ستبه‌كاربوونی به‌ به‌های نزیكه‌ی ٤٩ ملیار دۆلار رێككه‌وتنی فڕۆشتنی چه‌كی واژوو كردووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كانی رێككه‌وتنی سه‌ربازیی له‌ لایه‌ن كۆنگرێسه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، تره‌مپ یه‌كێكه‌ له‌و سه‌رۆكانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی حوكمڕانیدا زۆرترین چه‌كی فڕۆشتووه‌ به‌راورد به‌ سه‌رۆكه‌كانی پێشووتری ئه‌مریكا.

به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌ ماوه‌ی كانوونی دووه‌م تا تشرینی دووه‌می ٢٠١٧، ئیداره‌ی تره‌مپ به‌ به‌های نزیكه‌ی ٤٩ ملیار دۆلار چه‌ك، ته‌قه‌مه‌نی و پێداویستی سه‌ربازیی به‌ چه‌ندین وڵات فرۆشتووه‌ كه‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ گه‌وره‌ترین ئاسته‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌ ساڵانه‌ی دواییدا تۆماری كردبێت.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ساڵی رابردوو ئه‌مریكا به‌ به‌های ٣٣ ملیار دۆلار چه‌كی به‌ ده‌ره‌وه‌ فڕۆشتبوو. پێشبینی ده‌كرێت ئه‌مساڵ ئه‌مریكا به‌ به‌ھای ٥٠ ملیار دۆلار چه‌ك بفرۆشێت و ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ئیداره‌ی تره‌مپ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئیداره‌كانی پێشوو په‌رۆشتره‌ بۆ رێككه‌وتنی فرۆشتنی چه‌ك.

ئاماده‌كردنی: رزگار