هاتوچۆی هه‌ولێر له‌ هه‌وڵی نه‌هێشتنی ترافیك لایته‌كاندایه‌

بۆ زیاتر ئاسانكاری بۆ شوفێران و نه‌هێشتنی قه‌ره‌بالغی

دوای ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌ ترافیك لایته‌كانی بنه‌سڵاوه‌و عه‌داله‌و ئه‌ندازه‌و 18 ی شوبات و ئاسكی باداوه‌ داخران، مشت و مڕی شۆفێران و خه‌ڵكی لێكه‌وته‌وه‌ .

بۆ زانینی هۆكاری داخستنی ترافیك لایته‌كان فازل حاجی، وته‌بێژی پۆلیسى هاتوچۆی هه‌ولێر به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی راگه‌یاند: هۆكاری داخستنی ترافیك لایته‌كان بۆ خزمه‌تكردنه‌ به‌ ژینگه‌و پاك و خاوێنی هه‌وای شار و كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغییه‌ له‌ شه‌قامه‌كان.

راشیگه‌یاند : ئێمه‌ پێشكه‌وتووترین ئه‌زموونى پرۆگرامی جیهانمان په‌یره‌و كردووه‌ كه‌ ئه‌ویش  ئه‌زموونی وڵاتی كۆریایه‌ بۆ شۆفێران، ئێمه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین_ كۆلێژی ئه‌ندازیاری سیستمی بازنه‌ییمان خستۆته‌ لاوه‌ و سیستمی شێوه‌ لاكێشه‌ییمان بۆ شۆفێران كارا كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌م قه‌ره‌باڵغی و وه‌ستانی ئۆتۆمبیله‌كان % 100 ناهێڵێت هه‌میش به‌ر به‌ دیارده‌یه‌كی نه‌شاز و نه‌خوازراو و ناشارستانی وه‌ك سواڵكردن ده‌گرێت.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا وته‌بێژی پۆلیسى هاتووچۆ رایگه‌یاند: كار ده‌كه‌ین بۆ داخستنی ته‌واوی ترافیك لایته‌كان ئه‌وه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ل شاره‌وانی و رێگاو بان به‌ دابینكردنی پێداویستییه‌كان .

گوتیشی: ئێمه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ ته‌واوی پۆلیس له‌ ترافیكه‌كان نه‌هێڵین و سیستمێك هاوشێوه‌ی وڵاتی ئورده‌ن دروست بكه‌ین، كه‌ پێویست به‌ بوونی ترافیك و پۆلیسی هاتووچۆ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان نه‌كات .

پێداچوونه‌وه‌: رزگار