دوو كچ له‌ هه‌ولێر به‌ هۆكاری جیاجیا كوژران

بكوژه‌كان به‌ فه‌رمانی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون

له‌م هه‌فته‌یه‌دا دوو كچ له‌ شاری هه‌ولێر به‌ هۆكاری جیاجیا كوژران و بكوژه‌كانیش به‌ فه‌رمانی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون و په‌راوی یاساییان بۆ كراوه‌ته‌وه‌.

رائید هۆگر عه‌زیز ،وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی راگه‌یاند: 2 كچ له‌م هه‌فته‌یه‌دا به‌ هۆكاری جیا جیا كوژراون.

رووداوی یه‌كه‌م كچێكی 15 ساڵانه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن كورێكه‌وه‌ كوژراوه‌ دوای بوونی كێشه‌یه‌ك له‌ نێوان كورو كچه‌كه‌ و له‌یه‌كتێنه‌گه‌یشتنیان كوره‌كه‌ به‌ ئۆتۆمبێڵ له‌ كچه‌كه‌ ده‌دات و ده‌یكوژێت.

رووداوی دووه‌م دوێنێ ئێواره‌ برایه‌ك خوشكه‌كه‌ی خۆی له‌ شارۆچكه‌ی كه‌سنه‌زان ده‌كوژێت به‌ هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تى.

راشیگه‌یاند : له‌ ئێستادا بكوژه‌كان به‌ فه‌رمانی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون و په‌راوی یاساییان بۆ كراوه‌ته‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: رزگار