وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا سامانی خامه‌نه‌یی و 80 به‌رپرسی ئه‌م وڵاته‌ ئاشكرا ده‌كات

ته‌نیا 5% هاوڵاتیانی ئێران كۆی گشتی سامانیان له‌به‌رده‌سته‌

كۆمیته‌ی كاروباری دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا یاسایه‌كی په‌سند كردووه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و یاسایه‌ وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا راسپێردراوه‌ كه‌ سامانی عه‌لی خامه‌نه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران و 80 كه‌س له‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی ئه‌م وڵاته‌ و هه‌روه‌ها فه‌رمانده‌كانی سوپای پاسداران بۆ خه‌ڵكی ئێران و جیهان ئاشكرا بكات .

به‌گوێره‌ی ئه‌و یاسایه‌ كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ 43 ده‌نگی ئه‌رێنی و 16 ده‌نگی نه‌رێنی له‌ژێر ناوی ئاشكراكردنی داراییه‌كانی رێبه‌رانی ئێران په‌سه‌ندكرا، وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا ئه‌ركی ئاشكرا كردنی سامانی رێبه‌ری ئێران و به‌رپرسانی ئه‌م وڵاته‌ی پێ راسپێردراوه‌ .

ئه‌و یاسایه‌ داوا له‌ حكومه‌تی ئه‌مریكا ده‌كات كه‌ هه‌موو سامانی عه‌لی خامه‌نه‌یی ئاشكرا بكات و هه‌روه‌ها شێوازی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و سامانه‌ش بخاته‌ڕوو .

ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی باسی ئاشكرا كردنی سامانیان له‌ بڕگه‌كانی یاساكه‌دا هاتووه‌ بریتین له‌: عه‌لی خامه‌نه‌یی رێبه‌ری ئێران، حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئه‌م وڵاته‌، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستوور، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی ئێران، وه‌زیری ئیتڵاعات، سه‌رۆكی ده‌زگای ئه‌منیی سوپای پاسداران، فه‌رمانده‌كانی سوپای پاسداران و له‌ناویاندا قاسم سلێمانی كه‌ فه‌رمانده‌ی سوپای قودسه‌ .

به‌گوێره‌ی ئاماری سه‌نته‌ره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئابووریی، ته‌نیا 5% هاوڵاتیانی ئێران كۆی گشتی سامانیان له‌به‌رده‌سته‌، كه‌ بریتین له‌ رێبه‌ری ئه‌م وڵاته‌ و كه‌سانی نزیكی، 95% خه‌ڵكیش له‌ هه‌ژاریدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن .

شایه‌نی باسه‌ كه‌ دامه‌زراوه‌ی ناحكومیی بۆرگن سامانی رێبه‌ری ئێرانی به‌ 95 ملیار دۆلار خه‌مڵاندووه‌.

سه‌رچاوه‌ / عه‌ره‌بییه‌

مه‌سعود / كوردستان تیڤی