سوپای زیمبابۆی ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرت

ئامانجی هێرشه‌كه‌ له‌نێوبردنی كه‌سانی ده‌وروبه‌ری سه‌رۆكی زیمبابۆیه‌

شه‌وی رابردوو سوپای زیمبابۆی له‌ هێرشێكی كتوپڕدا له‌ شاری هاراری پایته‌خت بڵاوبووه‌وه‌ و ده‌زگای ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمییان كۆنترۆڵكرد و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی سوپایان به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كانی وڵاتدا راگه‌یاند.

له‌مباره‌یه‌وه‌  ئێس بی مۆیۆ، گوته‌بێژی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی زیمبابۆی رایگه‌یاند: ئامانجی هێرشه‌كه‌ له‌نێوبردنی تاوانبارانی ده‌وروبه‌ری رۆبه‌رت موگابی، سه‌رۆكی زیمبابۆیه‌، هاوكات دڵنیایی دایه‌ خه‌ڵكی كه‌ موگابی و خێزانه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و سه‌لامه‌ت و پارێزراون.

هه‌روه‌ها گوتی: ئێـمه‌ ته‌نیا تاوانبارانی ده‌وروبه‌ری سه‌رۆكمان كردووه‌ته‌ ئامانج، كه‌ تاوانیان ئه‌نجامداوه‌ و بوونه‌ته‌ هۆكاری نه‌هامه‌تی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی وڵات و ده‌مانه‌وێت دادگاییان بكه‌ین، سوپای زیمبابۆی كار له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ ده‌كات و له‌دوای كۆتاییهاتنی ئه‌ركی سوپا، ژیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دۆخی ئاسایی خۆی.