4 بەرپرسی داعش كوژران

ژمارەیەك پلان دارێژەری داعش كوژران

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆریستانی داعش ، لەڕێی بۆردومانی ئاسمانییەوە كوژرانی چوار بەرپرسی داعشی لە عیراق و سوریا راگەیاند .

بەپێی بەیاننامەیەكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ، لەئاكامی زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی كە رۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ لەنزیك شاری قائیمی عیراق ئەنجام دراون، هەریەكە لە  یوسف دەمیر  كە یەكێكە لەبەرپرسیانی میدیایی داعش و  عومەر دەمیر رێكخەری چالاكییە دەرەكییەكانی داعش كوژراون.

وەك لەبەیاننامەیەكی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیدا هاتووە، رۆژی 3ی تشرینی یەكەم، هێرشێكی ئاسمانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەنزیك شاری مەیادین،  ئەبو یەزنی كوشتووە كە یەكێكە لەبەرپرسانی داعش و رۆڵی هەبووە لەكارئاسانی كردن لەگواستنەوەی چەك بۆ ئەو رێكخراوە.
هەروەها رۆژی 5ی تشرینی یەكەم، لەئاكامی هێرشێكی ئاسمانی لەنزیك  ئەلبوكەمالـی سوریا،  عەبدوڵا حاجۆ  كە یەكێك لەپلان داڕێژەرانی چالاكییە دەرەكییەكانی داعش كوژراوە.

 

 

سوهێل تاهیر : كوردستان تیڤی