نێچیرڤان بارزانی: بودجه‌یه‌كمان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیان لێكه‌وتووی ده‌ربه‌ندیخان ته‌رخانكردووه‌

رێككه‌وتن بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان كراوه‌

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان،رایده‌گه‌ێنێ، بودجه‌یه‌كمان بۆ پارێزگای سلێمانی ته‌رخانكردووه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی زیان لێكه‌وتووی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ ده‌ربه‌ندیخان و له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپاش رێككه‌وتووین بۆ ئه‌وه‌ی لیژنه‌یه‌ك بنێرن بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی جێگری، له‌گه‌ڵ د.رێكه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید، وه‌زیری ته‌ندروستی، نه‌ورۆز مه‌ولوود، وه‌زیری شاره‌وانی، د.پشتیوان سادق، وه‌زیری په‌روه‌رده‌، عه‌بدولستار مه‌جید، وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون بۆ ره‌وشی لێقه‌وماوان و زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ سه‌ردانی ده‌ربه‌ندیخانیان كرد، پاشان له‌گه‌ڵ قائیمقام و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی قه‌زاكه‌ كۆبوونه‌وه‌.

دواترنێچیرڤان بارزانی، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌ڤانیدا رایگه‌یاند: بودجه‌یه‌كمان بۆ پارێزگای سلێمانی ته‌رخانكردووه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی زیان لێكه‌وتووی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ ده‌ربه‌ندیخان.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی حكومه‌ت پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری قوربانیانی ده‌ربه‌ندیخان و باشووری كوردستان و بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كرد.

نێچیرڤان بارزانی، له‌باره‌ی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانیش رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌وروپا رێككه‌وتووین بۆ ئه‌وه‌ی لیژنه‌یه‌ك بنێرن بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان.