عه‌لی بابا له‌ رۆژی زگورتییه‌كاندا ریكۆردی شكاند

ئه‌م رێژه‌ی فرۆشتنه‌ ته‌نیا له‌ 24 كاتژمێردا روویداوه‌

سایتی فرۆشتنی ئه‌نته‌رنێتیی عه‌لی بابا له‌ چین، رۆژی شه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ توانیی ریكۆردی فرۆشی ئینته‌رنێتیی كاڵا له‌مساڵدا بشكێنێت و بگاته‌ 25 ملیار دۆلار فرۆشتن له‌ رۆژێكدا، كه‌ ئه‌م رێژه‌ی فرۆشتنه‌ ته‌نیا له‌ 24 كاتژمێردا روویداوه‌، ئه‌م ریكۆرد شكاندنه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆژه‌ی به‌ رۆژی زگورتییه‌كان ناوزه‌دكراوه‌.

ماركێتی ئینته‌رنێتیی عه‌لی بابا رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ وێڕای راگه‌یاندنی ریكۆردێكی تازه‌ی فرۆشی ئینته‌رنێتیی، ئاشكرای كرد كه‌ رێژه‌ی فرۆشی ئه‌مساڵ له‌چاو ساڵی رابردوو %39 زیادی كردووه‌.

هه‌ر به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی عه‌لی بابا، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ هه‌ر چركه‌یه‌كدا 256 هه‌زار كه‌س پاره‌یان داوه‌ به‌ كڕینه‌كانیان له‌م فرۆشگایه‌.

وه‌ك ئاماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن زۆرترین كڕیاره‌كانیش له‌ رۆژی زگورتییه‌كان له‌مساڵدا له‌ وڵاتانی ئه‌فغانستان و هیندۆراس بوونه‌.

شاره‌زایانی ئابووریی پێیانوایه‌ كه‌ فرۆشگای ئینته‌رنی عه‌لی بابا له‌ساڵی 2009ـدا به‌ ناونانی رۆژی 11ـی نۆڤه‌مبه‌ر به‌ رۆژی زگورتیه‌كان، ئه‌و چینه‌ی كۆمه‌ڵگای هانداوه‌ تا له‌سه‌ر ئه‌نته‌رنێت شت بكڕن، به‌مه‌ش تا ئێستا عه‌لی بابا زیاترین سوودی مادیی به‌خۆی گه‌یاندووه‌.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ڕه‌نسا
مه‌سعود مه‌عروف / كوردستان تی ڤی