مەسروور بارزانی: هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی مافە دەستووریەکانی قبوڵ ناکات

مەسروور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا ده‌كات


مەسروور بارزانی رایگه‌یاند: پێویستە کێشەکان بە شێوەیەکی ریشەیی و لە بنەڕەتدا چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی هەمیشە لە بازنەی ئەو نادادپەروەریە مێژووییانەی کە لە بەرامبەر گەلەکەماندا دەکرێت نەسووڕێینەوە. ئه‌م وتانه‌ی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی رامۆن کاساس باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا.


ئەمرۆ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە رامۆن کاساس باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا کرد.

لەم دیدارەدا دواڕەوشی ناوچەکە و پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لە سەر کرا و باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتیی یەکێتی ئەوروپای بۆ هەرچی زووتر دەست پێکردنی دیالۆگێکی راستەوخۆ هەولێر و بەغدا لە سەر بنەمای دەستور دەربڕی و ئاواتی خواست هەرچی زووتر گرژیەکانی نێوان هەردوولا کۆتاییان پێ بهێنرێت.

لە پەیوەندی بە پەرەسەندنە سەربازی و سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پێویستە کێشەکان بە شێوەیەکی ریشەیی و لە بنەڕەتدا چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی هەمیشە لە بازنەی ئەو نادادپەروەریە مێژووییانەی کە لە بەرامبەر گەلەکەماندا دەکرێت نەسووڕێینەوە.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئامادەیی هەرێمی بۆ چارەسەریی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دووپات کردەوە و لە هەمانکاتیشدا جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی مافە دەستووریەکانی قبوڵ ناکات و ئاواتی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر بێنە سەر هێل بۆ ئەوەی لەمپەرەکانی بەردەم گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لابدرێن و بەر لە گرژییی زیاتر لە دەڤەرەکەدا بگیرێت.