دواهه‌مین ئامارى زیانه‌كانى زه‌وى له‌رزه‌كه‌ى دوێنێ شه‌و راگه‌ێندرا

له‌ باشووری كوردستان 7 هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و 321 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون

شه‌وی رابردوو بومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز له‌ رۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستانیدا و به‌گوێره‌ی پێوه‌ری رێخته‌ر 7.2 پله‌ی تێپه‌ڕاندووه‌و له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ هه‌ستی پێكراوه‌ و به‌ هۆی زه‌مین له‌رزه‌كه‌شه‌وه‌  زه‌ره‌رو زیانێكی زۆری گیانی و مادیى لێكه‌وتۆته‌وه‌.

ئه‌مرۆ /11/2017 رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید وه‌زیری ته‌ندرووستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دواین ئاماری قوربانیانی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی هه‌رێمی كوردستانی راگه‌یاند و گووتی: به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ له‌ باشووری كوردستان 7 هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و 321 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون به‌ هه‌زاران هاوڵاتیش تووشی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بون و گه‌یه‌نراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌كان".

هه‌روه‌ها له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا وه‌زیرى ته‌ندروستى رایگه‌یاند: له‌ شارۆچكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان 4 كه‌س و له‌ ناوچه‌ی گه‌رمیان 2 كه‌س و له‌ شاری سلێمانیش كه‌سێك به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

راشی گه‌یاند: 120 كه‌س به‌هۆی ترس و دڵه‌ڕاوكێوه‌و 201 كه‌سی دیكه‌ش به‌هۆی برینداربوونه‌وه‌ گه‌یه‌نراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌كان.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ى دوێنێ شه‌و له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ئاماری زه‌ره‌ره‌ گیانی و مادییه‌كان به‌م جۆره‌ تۆمار كراون:

 پزیشكی دادوه‌ری ئێران تا ئێستا گیان له‌ده‌ستدانی 207 كه‌سی پشتڕاست كردووه‌ته‌وه‌ و له‌ كۆی ناوچه‌كانی رۆژئاواش دوو هه‌زار و 504 كه‌س برینداربوونه‌

قوربانیه‌كانیش  له‌ شاره‌كانی رۆژهه‌لاتی كوردستان  له‌ سه‌رپێلی زه‌هاو: 152 كه‌س و له‌  ئیسلام ئابادی غه‌رب: 22 كه‌س و له‌  سه‌لاسی باوه‌جانی: 15 كه‌س و له‌  كه‌ره‌ندی غه‌رب: 14 كه‌س و له‌ قه‌سری شیرین: 14 كه‌سن.

ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ زه‌ره‌رێكی مادیی زۆر كه‌ به‌ر ناوچه‌كان كه‌وتووه‌.