لۆس ئه‌نجلۆس كلیپه‌رز پێنجه‌م یاری له‌سه‌ریه‌كی دۆڕاند

تیپی میواندار به‌ جیاوازی هه‌شت خاڵ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.


له‌ خولی باسكه‌ی تیپه‌ پیشه‌گه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكای ناسراو به‌ ئێن بی ئه‌ی، تیپی نیوئۆرلیانز پێلیكانس به‌ سه‌دویانزه‌ خاڵ به‌رامبه‌ر سه‌دوسێ خاڵ له‌ تیپی لۆس ئه‌نجلۆس كلیپه‌رزی میوانی برده‌وه.

 یاریه‌كه‌ له‌ هۆڵی سمۆتی كینگز سێنته‌ر له‌ شاری نیوئۆرلیانز به‌ڕێوه‌چوو كه‌ تیایدا یاریزانانی هه‌ردوو تیپ له‌ ململانێیه‌كی توندی یه‌كتری دا بوون بۆ تۆماركردنی خاڵه‌كان، تا له‌ئه‌نجامدا تیپی میواندار به‌ جیاوازی هه‌شت خاڵ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.

 یاریزان دیماركۆس كازینز ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌شكردو سیی و پێنج خاڵی بۆ نیوئۆرلیانز تۆماركرد، ئه‌نتۆنی دێڤیزی هاوكاره‌كه‌شی بیستوپێنج خاڵی دیكه‌ی بۆ هه‌مان تیپ به‌ده‌ستهێنا.

 به‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش كۆی خاڵه‌كانی نیوئۆرلیانز له‌ پله‌ی پێنجه‌می گڕوپی ڕۆژئاوای ئێن بی ئه‌ی بۆ بیست خاڵ به‌رزبووه‌وه‌و لۆس ئه‌نجلۆس كلیپه‌رزیش پێنجه‌م یاری له‌سه‌ریه‌كی دۆڕاندو به‌ كۆكردنه‌وه‌ی حه‌ڤده‌ خاڵ له‌ پله‌ی سیانزه‌می گڕوپه‌كه‌ دێت.