یانه‌ی وێستهام یونایتد به‌فه‌رمی دیڤد مویسی سكۆتله‌ندی پێشكه‌ش به‌راگه‌یاندنه‌كان كرد

هه‌وارداران و خۆشه‌ویستانی ئه‌و یانه‌یه‌ بۆندی دیڤد مویس به‌سه‌ركێشی ناوده‌به‌ن


 یانه‌ی وێستهام به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵسانه‌وه‌ی و خۆده‌ربازكردن‌ له‌خانه‌ی دابه‌زین بۆ ریزی پله‌ دووه‌كان بۆندی له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ سكۆتله‌ندیه‌ ئه‌نجامدا.

لای خۆیانه‌وه‌ هه‌وارداران و خۆشه‌ویستانی ئه‌و یانه‌یه‌ بۆندی دیڤد مویس به‌سه‌ركێشی ناوده‌به‌ن به‌تایبه‌ت كه‌ ماوه‌ی بۆنده‌كه‌ی ناوبراو بۆ شه‌ش مانگه‌.

دیڤد مویس له‌ساڵی دووهه‌زاروسێزده‌ یه‌كێك بوو له‌به‌ناوبانگترین ڕاهێنه‌ره‌كان له‌وڵاتی ئینگلته‌را به‌هۆی ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئیڤرتۆن كه‌ له‌نێوان ساڵانی دووهه‌زارو دوو تا دوو هه‌زارو سێزده له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ به‌رده‌وامبوو.

 دواتر ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ دووچاری چه‌ند شكستێك بووه‌یه‌وه‌ له‌وانه‌  كاتێ بووه‌ ڕاهێنه‌ری مان یونایتد كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ ئه‌نجامه‌كانی وه‌ك پێویست نه‌بوو، ئه‌وه‌بوو رووی كرده‌ ریال سوسیداد و دواتر سه‌نده‌رلاندو دواجار وه‌ك ڕاهێنه‌ری وێستهام ده‌ست نیشانكرا.

لای خۆیه‌وه‌ دیڤد مویس له‌لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كاركردنم له‌گه‌ڵ ویستهام بۆ من و یانه‌كه‌ باش ده‌بێت.

 هه‌روه‌ها ناوبراو وتیشی ئاساییه‌ جارێكی دیكه‌ بگه‌رێمه‌وه‌ كاری ڕاهێنه‌رایه‌تی و خۆشه‌ویستیم بۆ ئه‌م كاره‌م هه‌یه‌، جێی ئاماژه‌یه‌ مویس له‌كاتێك ئه‌ركی ئه‌و یانه‌یه‌ی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ یانه‌كه‌ له‌خانه‌ی هه‌ژده‌هه‌می ریزبه‌ندیه‌ و مه‌ترسی دابه‌زینی له‌سه‌ره‌.