مه‌سرور بارزانی: هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌بایی و یه‌كڕیزی ئه‌م دۆخه‌ش تێپه‌ڕ ده‌كات

ئه‌نجامدانی ریفراندۆم یه‌كێ له‌و رێكاره‌ دیموكراتیك و ئاشتییانه‌ بووه‌

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێ، هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌بایی و یه‌كڕیزی ئه‌م دۆخه‌ش تێپه‌ڕ ده‌كات، ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی زیاتر بۆ هاونیشتمانیانی دابین ده‌كات.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 9/11/2017، مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ (تیم ستێیپۆلتن) جێگری باڵیۆزی ئۆستراڵیا له‌ عێراق كۆبوویه‌وه‌ و هه‌ردوولا له‌ میانه‌ی وتوێژه‌كانیاندا په‌یوه‌ندیی هه‌رێم و ئۆسترالیا و دوا پێشهاته‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدایان تاوتوێ كرد.

له‌ باره‌ی گرژیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدان، شاندی ئۆسترالی پاڵپشتی خۆیان بۆ هه‌رچی زووتر ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی نێوان هه‌ردوولا ده‌ربڕی و ئاواتیان خواست ده‌ستوور به‌ تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی هاوبه‌ش ببێت به‌ فاكته‌ری چاره‌سه‌ریی كێشه‌كانی ناوخۆی عێراق.

له‌ په‌یوه‌ندی به‌م ره‌وشه‌وه‌، مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌كاریی ته‌واوی بۆ دانوستانی فراوان له‌ باره‌ی سه‌رجه‌م كێشه‌كان ده‌ربڕیوه‌، به‌ مه‌رجێك گشت مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌چاو بكرێن.

هه‌روه‌ها راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ خوازیاری ئه‌وه‌ بووه‌ به‌ رێگه‌ی ئاشتییانه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و ئه‌نجامدانی ریفراندۆمیش یه‌كێ له‌و رێكاره‌ دیموكراتیك و ئاشتییانه‌ بووه‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌بایی و یه‌كڕیزی ئه‌م دۆخه‌ش تێپه‌ڕ ده‌كات، ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی زیاتر بۆ هاونیشتمانیانی دابین ده‌كات.