رفاندنی هاووڵاتیانی كورد له‌ كه‌ركوك به‌رده‌وامه‌

ته‌قه‌ له‌ نێوان هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق دروست بووه‌

رفاندنی هاووڵاتیانی كورد له‌ كه‌ركوك له‌لایه‌ن سوپاو چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی به‌رده‌وامه‌و له‌ هه‌مانكاتیشدا دزی و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان رووی له‌ زیادبوون كردووه‌، هه‌روه‌ها هێزی سوات و هێزه‌ عێڕاقییه‌كان له‌ناو یه‌كدا بووه‌ به‌شه‌ڕیان و ته‌قه‌یان له‌یه‌كتر كردووه‌ به‌هۆیه‌وه‌ چه‌كدارێكـ بریندار بووه‌.

شه‌وی رابردوو له‌گه‌ڕه‌كی ڕاپه‌ڕین  نزیكـ فولكه‌ی وه‌ستانی پاسه‌كانی شۆریجه‌ ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییه‌كی عه‌ره‌ب به‌ناوی عه‌باس محه‌مه‌د له‌جۆری جێب لاریدۆ - ۲٠۱٤ - سلیمانی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كـ چه‌كدار كه‌جلی سه‌ربازییان له‌به‌ر بووه‌ دزرا ،چه‌كداره‌كان دوو ئۆتۆمبێلیان پێ بووه‌ یه‌كێكیان له‌جۆری مه‌رزیه‌ بووه‌ .

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌شه‌قامی باروتخانه‌ی شاری كه‌ركوكـ له‌سه‌رووی مزگه‌وتی ڕزگاری هێزی سوات و هێزه‌ عێڕاقییه‌كان له‌ناو یه‌كدا بووه‌ به‌شه‌ڕیان و ته‌قه‌یان له‌یه‌كتر كردووه‌ به‌هۆیه‌وه‌ چه‌كدارێكـ بریندار بووه‌.

هه‌ر له‌كه‌ركوك گه‌نجیك به‌ناوی ئه‌حمه‌د عه‌باس كه‌ كورده‌ و خوێندكاری زانكۆیه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی رفێندراو، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراو له‌سه‌ر دووكانی هاوڵاتییه‌كی كورد نووسراوه‌ داواكراوه‌ به‌ خوێن.