به‌غدا ده‌یه‌وێت به‌هاوكاری به‌شێك له‌ ئاسایشی كوردی دۆخی كه‌ركوك كۆنترۆڵ بكات

جگه‌ له‌یه‌كێتی زۆربه‌ی حیزبه‌ كوردیيه‌كان كه‌ركوكییان جێهێشتووه‌

به‌رێوه‌به‌ری ئاسایشی كه‌ركوكی یه‌كێتی رایده‌گه‌ێنێ، حكومه‌تی عێراق داوای لێكردووین هاوكاری ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی نێو شاری كه‌ركوك بكه‌ین.

عه‌مید هه‌ڵكه‌وت محه‌مه‌د، به‌رێوه‌به‌ری ئاسایشی كه‌ركوكی یه‌كێتی، به‌ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای راگه‌یاندووه‌:حكومه‌تی عێراق داوای هاوكاری لێكردووین بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و هاوكاری كردنی ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی عێراق.

هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه‌ داوامانكردووه‌ وه‌كو پێش 16 ی مانگی رابردوو ، هێزه‌كانمان رۆڵی پێبدرێت له‌نێو كه‌ركوكدا و باره‌گامان هه‌بێت، گه‌رچی گفتوگۆ هه‌یه‌ به‌ڵام رێككه‌وتن نه‌كراوه‌.

ناو به‌ناو له‌نێو كه‌ركوكدا له‌لایه‌ن خۆبه‌خشه‌ كورده‌كانه‌وه‌ ته‌قه‌ چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌نێو شاره‌كه‌دا رێوشوێنی ئه‌منی توند بگیرێته‌ به‌ر و ناو به‌ناو ماڵه‌ كورده‌كانیش بپشكنرێت، ره‌نگه‌ عێراق بیه‌وێت به‌هاوكاری به‌شێك له‌ ئاسایشی كوردی دۆخه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكات.

به‌پێی زانیاریه‌كانی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، گفتووگۆ له‌نێوان هێزه‌ كوردیه‌كان و حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌رده‌وامه‌، بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و گه‌رانه‌وه‌ی هێزه‌ كوردیه‌كان بۆ شاره‌كه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ جگه‌ له‌یه‌كێتی نیشتیمانی، زۆربه‌ی حیزبه‌ كوردیه‌كان كه‌ركوكییان جێهێشتووه‌.

دوای داگیركردنی كه‌ركوك، شه‌وانه‌ له‌لایه‌ن سوپاو میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی هێرش ده‌كرێته‌ سه‌رماڵه‌ كورده‌كان و گه‌نجان ره‌شبگیری ده‌كرێن، گه‌نجانی خۆبه‌خشی كوردیش ئه‌م زوڵم و سته‌مه‌ قه‌بووڵ ناكه‌ن و به‌ره‌نگارییان ده‌بنه‌وه‌.