به‌هۆی داگیركردنی كه‌ركووك رێژەی هه‌نارده‌ی نه‌وت كه‌میكرووه‌

ھەناردەی نەوتی عێراق بەرێژەی 7% داكەوت


ھەناردەی نەوتی عێراق بەھۆی داگیركارییەكانی سەر كوردستان بەرێژەی 7% داكەوتووە ،ئەوەش زیانی  بە ئابووری ئەو وڵاتە گه‌یاندووه‌.

بەگوێرەی ئاژانسی بلۆمبێرگ، دوای ھێرشەكەی حەشدی شەعبی بۆ سەر كوردستان و داگیركردنی كەركووك، ھەناردەی نەوتی عێراق بەرێژەی 7% داكەوت.

بەگوێرەی ھەواڵی ئەو ئاژانسە، پێشتر ھەناردەی نەوتی عێراق  نزیكەی 4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بووە، كەچی ئێستا 3 ملیۆن و 720  ھەزار بەرمیلی رۆژانەیە، ئەوەش بەھۆی راوەستانی ھەناردەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور.

ئەمەش لە كاتێكدایە حكومەتی عێراق ھەناردەی نەوتی باشووری زیادكردووە، تاوەكو قەرەبووی ئەو كەمكردنەوەیە بكات، ھاوكات دوێنی چوارشەممەش وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەی بڵاوكردەوە، كە لەگەڵ توركیا رێكنەكەوتوون بۆ ھەناردەكردنەوەی نەوتی كەركووك بۆ بەندەری جەیھان.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌ندامێكى لێژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ئاشكراى كرد، عێراق كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى هاڤانا و باى حه‌سه‌ن له‌ كه‌ركووك داده‌خات. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، گه‌ر هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كورستاندا نه‌كات، ناتوانێت نه‌وتى كه‌ركووك هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكات.


فوئاد حسێن، ئه‌ندامى لێژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: "حكوومه‌تى عێراق هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌ریه‌كه‌ له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى بابه‌ گوڕ گوڕ، زه‌مبوور، خه‌فازه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ ڕاگرتووه‌ و ته‌نها بۆ ناوخۆ نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕۆژانه‌ نزیكه‌ى 70 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ بیره‌ نه‌وته‌كان ده‌رده‌هێنێ و سه‌رله‌نوێ نه‌وته‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ بیره‌كانه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش مه‌ترسی و كاریگه‌رى نه‌رێنى بۆ داهاتووى ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ هه‌یه‌".


ئه‌وشى خسته‌ڕوو، كه‌ حكوومه‌تى عێراق به‌ بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك هاتووه‌ته‌ كه‌ركووك و ده‌ستى به‌سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كاندا گرتووه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ پێی ماده‌ى 112ى ده‌ستوورى عێراق ده‌بێ هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان حكوومه‌تى عێراق و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك بۆ شێوازى به‌ڕێوه‌بردنى كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان هه‌بێت، به‌ڵام حكوومه‌تى عێراق به‌ بێ پرس، ده‌ستى به‌سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كاندا گرتووه‌، ده‌شڵێت: "ده‌بێ ماده‌ى 140 وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێ".


ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، ڕوونیشى كرده‌وه‌، به‌رپرسیارێتى ڕووداوه‌كان له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تى عێراقدایه‌ و ئێرانیش به‌رپرسیاره‌، چونكه‌ ئێران ئیداره‌ى حه‌شدى شه‌عبی ده‌دات.


فوئاد حسێن، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى عێراق جگه‌ له‌ بۆڕییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ناتوانێت به‌ بۆڕی دیكه‌ نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ده‌ره‌وه‌ هه‌نارده‌ بكان، بۆیه‌ هه‌ر ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان هه‌ماهه‌نگى بكات، ئه‌گه‌رنا، ده‌بێت نه‌وتى كێڵگه‌كان ڕابگرێ، گوتیشی: "عێراق كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى هاڤانا و بای حه‌سه‌ن له‌ كه‌ركووك داده‌خات".