میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵى ڕێبوار تاڵه‌بانى

حه‌شدى شه‌عبى شه‌وانه‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵى كادیرانى پارتى و خه‌ڵكانیكیش چاوساغییان ده‌كه‌ن

میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك و هه‌وڵى دزینى ئۆتۆمبێله‌كانى ده‌ده‌ن، هاوكات تانكێك له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌یدا جێگیر ده‌كه‌ن.

به‌ختیار تاڵه‌بانى، براى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: " چه‌كداره‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ شارى كه‌ركووك هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵى ڕیبوار تاڵه‌بانى.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ چه‌كداره‌كان ویستوویانه‌ ئۆتۆمبێله‌كانى (ڕێبوار تاڵه‌بانى) بدزن، به‌ڵام دواى هه‌وڵێكى زۆر ناچاربوون جێان بهێڵن، چونكه‌ نه‌یانتوانیوه‌ به‌كاریان بخه‌ن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ جگه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌كان، ده‌رگاى ژووره‌كانیان شكاندووه‌ و به‌دواى به‌ڵگه‌نامه‌ و شتى تردا گه‌ڕاون و  ئه‌و شتانه‌ی پێویست بووه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان بردوویانه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه‌ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى، تانكێكیان له‌به‌رامبه‌ر ماڵى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك جێگیر كردووه‌.


به‌ختیار تاڵه‌بانى، گوتیشی: "به‌پێی زانیارییه‌كان، چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى شه‌وانه‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵى كادیرانى پارتى و خه‌ڵكانیكیش چاوساغییان ده‌كه‌ن.

ئا: سامان زاهیر