به‌رپرسی پێشووی CIA: پێویسته‌ ئێران چاوه‌ڕوانی سزایه‌كی توند بێت

سەرۆك کۆماری ئێران په‌نا بۆ یەکێتیی ئەورووپا ده‌بات

مایكل هایدن به‌رپرسی پێشووی CIA له‌ لێدوانیكی ڕۆژنامه‌وانیدا بۆ میدیاکان ڕایگه‌یاندووه‌،‌ پێویسته‌ ئێران چاوه‌ڕوانی سزایه‌كی توند بێت، چونكه‌ سه‌رۆك ترامپ ستراتیجیی خۆی سه‌باره‌ت به‌و وڵاته‌ ئاشكرا كردووه‌، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی‌ دۆناڵد ترەمپ سووپای پاسدارانی ئێرانى خستە لیستەی تیرۆره‌وه‌.
 
مایك هایدن، ئه‌وه‌شی خستووه‌ته ‌ڕوو: "ستراتیتجییە نوێیەکەی ترەمپ، ڕه‌نگه‌ له‌ چه‌ند وڵاتێكی ئه‌ورووپی  كاردانه‌وه‌شی هه‌بێت و ڕه‌نگه‌ ئه‌وانیش هه‌ڵوێستی خۆیان له‌مه‌ڕ ئێران ڕوونتر بكه‌نه‌وه".‌

له‌ هه‌مبه‌ردا حه‌سه‌ن روحانى سەرۆك کۆماری ئێران لە کاردانەوەیەکی دیکەدا بە گوتە و هەڵوێستەکانی سەرۆكى ئەمریکا، ئاشکرای کرد زیانگەیاندن بە ڕێککەوتنی ناوکی، زەربەدانە لە ئاسایش و سەقامگیریی جیهان.
 
هاوکات سەرۆك کۆماری ئێران داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کردووە دژى بڕیارە نادروستەکانی ترەمپ کە هەوێنێ ناسەقامگیریی ناوچەکەیە، بوەستنەوە.

پاش بڕیاری ترەمپ و هەڵوێستی لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هۆشداری بۆ هاتنە دەرەوە، یان پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتنە کە بە "خراپترین ڕێککەوتن" وەسفی کردووە، وڵاتانی ئەورووپی و بەتایبەت بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا و یەکێتیی ئەرووپا داوایان لە ئەمریکا کردووە کە تاکلایەنە لەم بارەوە بڕیار نەدات.

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى