رێگاکانی مووسڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرانەوە

هاووڵاتییانی گوندە عەرەبەکان لە دەشتی نەینەوا لە لایەن حەشدی شەعبی هاندەدرێن

هێزەکانی پێشمەرگە رێگەی نێوان هەولێر و مووسڵیان کردەوە و ئەوەش دوای ئەوە هات کە بە هۆی جموجۆڵی سەربازیی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی داخرابوو.

لەم بارەیەوە جێگری میحوەری خازر شیخ عەتۆ زێباری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "رێگاکانی مووسڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوەیە و هاتوچۆ بەردەوامە".

زێباری جەختیشی لەوە کردەوە کە هەماهەنگی و پەیوەندی نێوان هەر دوو بازگەی بەیەکگەیشتنی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە گوندی بازگرتان لە میحوەری خازر بەردەوام و ئاساییە.

لێدوانی ئەم بەرپرسەی میحوەری خازر لە کاتێکدایە کە دەگوترێت بە هۆی جموجۆڵی سەربازیی هێزەکانی عێراقی، لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشەوە، رێگەکانی هاتوچۆی نێوان هەولێر و مووسڵیان داخرابوو.

پێشتر ئەفسەر لە بازگەکانی ئاسایش له سنووری هەولێر، عەقید عەگید گۆران بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندبوو: "زیادبوونی جموجۆلە سەربازییەکانی سوپای عێراق و هێزە عێراقییەکان لە بەرامبەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆی داخستی رێگاکانی مووسڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستان".

لە لایەکی دیکەوە فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیک، غەفوور برادۆستی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندبوو: "لە سنوورەکانی دەشتی نەینەوا رێگاکانمان لەگەڵ مووسڵ داخستووە، چونکە ئاگادارین هاووڵاتییانی گوندە عەرەبەکانی سنوورەکانی بەرامبەر پێشمەرگە لە دەشتی نەینەوا لە لایەن حەشدی شەعبی هاندەدرێن بۆ ئەوە دژی پێشمەرگە بجەنگن و دواتر ئەمە بکەنە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان".

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ئالۆزی تێکەوتووە، دوای داخستنی کایەی ئاسمانی هەرێم لە لایەن بەغدا، رۆژی رابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا لەبارەی ئەگەری هێرشی هێزەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان هۆشداری دا.