سیاسه‌تمه‌دارانى فەرەنسی كۆمه‌ڵگا‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ قه‌رزداری كوردو پێشمه‌رگه‌ ده‌زانن

داوايان كرد فه‌ره‌نسا پشتگریی كوردستان بكات

له‌ پاریسى پایته‌ختى فه‌ڕه‌نساداو لە میانەی کۆنفرانسێکدا، راپۆرتی چاودێرانى فه‌ڕه‌نسایى سه‌باره‌ت به‌ ڕاپرسی و دۆخی سیاسیی ئێستای كوردستان، هاوکات ئه‌و گه‌مارۆ‌ تووندانه‌ی، كه‌ له‌ لایه‌ن وڵاته‌ دراوسێكانەوە به‌رانبه‌ر كوردستان كراوه‌ خرانە بەر باس و، (بێرنارد كوشنێر) وەزیری پێشووی دەرەوەی فەڕەنسا، داوای له‌ حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی كرد، به‌رانبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی هەرێمی‌ كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێ، خۆی به‌ به‌رپرس بزانێت.

نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ فه‌ڕه‌نسا، كۆنفرانسێكی تایبه‌تیان بۆ سه‌رجه‌م چاودێره‌ فه‌ڕه‌نساییه‌كانی ریفرەندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆییی هەرێمی كوردستان له شاری پاریس ئه‌نجام دا. 

د.عه‌لى دۆله‌مه‌ڕى نوێنه‌رایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ فه‌ره‌نسا راگەیاند: "ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌نجامدانی ئه‌م كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه،‌ كه‌ له‌ شێوازی پانێڵێكی كراوه‌ له‌ به‌رانبه‌ر میدیای فه‌ڕه‌نسایی و كوردی و نیوده‌وڵه‌تیدا ئه‌نجام درا، ئه‌وه‌ بوو كه‌ راپۆرتی ئه‌و چاودێرانه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕاپرسی و دۆخی سیاسیی ئێستای كوردستان، هاوکاوت ئه‌و گه‌مارۆ‌ تووندانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن وڵاته‌ دراوسێكانەوە به‌رانبه‌ر كوردستان كراوه،‌ به‌ راسته‌وخۆ باس بكرێت.

چاودێره فەرەنساییەکان بریتی بوون له‌ (بێرنارد كۆشنێر) وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، (فرێدریك تیسۆت) كۆنسووڵی پێشووی فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر، (بێرنارد هێنری لێڤی) بیرمه‌ندی فه‌ڕه‌نسایی، (ئێمیلی بانزێ) به‌ڕێوبه‌ری پێشووی ئه‌نستیتۆتی فه‌ڕه‌نسایی له‌ هه‌ولێر، (ره‌زا دیققه‌تی) فۆتۆگرافه‌ر، (كه‌نداڵ نه‌زان) سه‌رۆكی ئه‌نستیتۆتی كوردی له‌ پاریس، (بێنیامین ئه‌بتان) سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ورووپایی دژ به‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستی.

له‌و كۆنفرانسه‌دا،‌ کە له‌ ئه‌نستتیوتی فه‌ڕه‌نسا له‌ شاری پاریس ئه‌نجام درا، (بێرنارد كوشنێر) داوای له‌ حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی كردووە، کە خۆی به‌ به‌رپرس بزانێت به‌رانبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی هەرێمی‌ كوردستان له‌ كاتی ئێستادا تێیده‌په‌ڕێنێت.

هه‌روه‌ها (بێرنارد هێنری لێڤی) ره‌نگدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا‌ی نیوده‌وڵه‌تی به‌رانبه‌ر خواستی گه‌لی كوردستان به‌ دیارده‌یه‌كی خراپ ناوزه‌د كردووە، كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قابیلی قبووڵكردن نییه.

(لیڤی)ـی بیرمەند، له‌ وتاره‌كه‌یدا باسی خه‌باتی پێشمه‌رگه‌شی كردووە و كۆمه‌ڵگا‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ قه‌رزداری پێشمه‌رگه‌ وەسف کردووە.

دواتر (فرێدریك تیسۆت) باسی له‌ مێكانیزمی دیموكراسیه‌ت له‌ پڕۆسه‌ی ڕاپرسی كرد، هەروەها (ئێمیلی بانزێش) داوای له‌ حكوومه‌تی فه‌ره‌نسا كرد، پشتگریی ئاشته‌وایی له‌ كوردستان بكات. 

پاشانیش (ره‌زا دیققه‌تی) فۆتۆگرافه‌ر و رۆژنامه‌نووسی به‌ ناوبانگی فه‌ره‌نسایی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئێرانی، باسی له‌ بایەخی به‌شداریكردنی عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركووك كردووە، كه‌ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆییی هەرێمی كوردستان داوه‌، (كه‌نداڵ نه‌زان)یش به‌ وردی باسی له‌ پرۆتۆكۆلی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رێكخستنی دیموكراسیانه‌ی پرۆسه‌ی ریفرەندۆم كردووە.

لەبارەی ڕۆڵی ئەو کەسایەتیانەوە دۆڵەمەڕی دەڵێت: "هه‌ندێكیان دۆستی دێرینی كوردن و ڕۆڵێكی گرینگیان له‌ بنیاتنانی ئه‌م دۆستایه‌تییه‌ فه‌ڕه‌نسایی و كوردیەدا هه‌یه،‌ به‌ وردی چاودێریی دۆخه‌ جیاجیاكانی كوردستان و ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن، له‌ پاش ڕاپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان به‌ شێوازێكی چالاكانه‌ له‌ گه‌یاندنی په‌یامی خۆیانن بۆ میدیای فه‌ره‌نسایی و حكوومه‌تی فه‌ره‌نسا".

تێزانین رۆژى 25-9-2017 له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونى چاودێرانى ناوخۆیى و بیانى ڕاپرسى بۆ سه‌ربه‌خۆیى باشووری کوردستان به‌رێوه‌ چوو، کە زیاتر له‌ 92 له‌سه‌دى گه‌لى كوردستان به‌ به‌ڵێ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دا.

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى