مالیكی درز ده‌خاته‌ نێو ماڵی شیعه‌كان

پێویسته‌ سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوو بێت

ئه‌گه‌ر نوری مالیكی ببێته‌ به‌ سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی شیعه‌كان ، فراكسیۆنی سه‌در له‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

په‌رله‌مانتارێكی نزیك له‌  سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانی نیشتمانی به‌ رۆژنامه‌ی ئه‌لعه‌ره‌بی ئه‌لجدیدی راگه‌یاندووه‌، سووربوونی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ كاندیدكردنی نووری مالیكی بۆ شوێنی عه‌مار ئه‌لحه‌كیم، بووه‌ته‌ هۆی ناكۆكی قووڵ له‌ نێوان پێكهاته‌كانی ناو هاوپه‌یمانی نیشتمانی شیعه‌كان و ژماره‌یه‌ك له‌ فراكسیۆنه‌كانی ناو هاوپه‌یمانییه‌كه‌ .

له‌وباره‌وه‌ ماجید غه‌ڕاوی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی ئه‌حراری سه‌ر به‌ موقته‌دا سه‌در، ڕایگه‌یاند: پێویسته‌ سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوو بێت ، ئه‌گه‌ر نوری مالیكی ببێت به‌ سه‌رۆكی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ ،ئه‌وا فراكسیۆنی سه‌در له‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و هیچ كاتیش ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو هاوپه‌یمانییه‌كه‌.

هه‌روه‌ها محه‌مه‌د له‌كاش ،په‌رله‌مانتاری به‌ره‌ی حیكمه‌ی عه‌مار ئه‌لحه‌كیم گوتی: كاندیدكردنی نووری مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی شیعه‌كان، ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی ته‌نگژه‌یه‌كی سیاسیی گه‌وره‌ له‌ ناو ماڵی شیعه‌كان و پێویسته‌ ڕێگا به‌وه‌ نه‌درێت.

 

كوردستان تیڤی: رزگار تاهیر