عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌لیم جبووری په‌شیمانن

كێشه‌ی سه‌ره‌كی سه‌لیم جبووری ئه‌وه‌یه‌ داوی خۆی داوه‌ته‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تی یاسا

له‌ دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌  په‌رله‌مانی عێراق ده‌یان بڕیاری نایاسایی و ناده‌ستووری به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كورد ده‌ركردووه‌، تا ئابلۆقه‌یان بخاته‌ سه‌ر بۆ پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ له‌ ریفراندۆم و ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین.


له‌ دوای ئه‌و بریاره‌ نا یاساییانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق به‌رامبه‌ر به‌كورد و به‌ تایبه‌ت  بریاری لادانی نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك و  بریاره‌كانی دژی ریفراندۆم فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق بایكۆتی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كرد و  نه‌گه‌رایه‌وه‌ بۆ به‌غدا.


رێناس جانۆ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی راگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ یه‌كده‌نگی و ته‌بایی فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كانین و پێمان وایه‌ هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌توانین قورسایی زیاترمان هه‌بێت و داوا ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان به‌ كۆده‌نگی بگه‌یه‌نین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ هه‌ندی له‌ په‌رله‌مانتاره‌كان به‌شداری له‌و دانیشتنانه‌دا ده‌كه‌ن كه‌ بریاری دژی كوردی تێدا په‌سند ده‌كرێ.


وه‌ هه‌روه‌ها وتی ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی پارتی له‌په‌رله‌مانی عێراق له‌ بایكۆتكردنی په‌رله‌مان به‌رده‌وام ده‌بین تا په‌رله‌مان واز له‌ دژایه‌تی گه‌لی كورد ده‌هێنێت.
سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆی لادانی ئه‌وپه‌رله‌مانتارانه‌ی به‌شداری ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییان كردووه‌  رێناس جانۆ گووتى، ئه‌وه‌ تا ئێستا ته‌نیا پێشنیاری یه‌كێك له‌ په‌رله‌مانتارانی ده‌وڵه‌تی یاسایه‌ وتا ئێستا  بنه‌ره‌تێكی نیه‌ بۆ جێبه‌جێ كردنی، وتیشی گه‌ر بریاربێت له‌سه‌ر ریفراندۆم ده‌ربكرێین له‌ په‌رله‌مان ئه‌وا شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌ به‌ر ئێمه‌ ده‌كه‌وێت.


سه‌باره‌ت به‌ دانیشتنی ئه‌مرۆی په‌رله‌مانی عێراق و  ده‌نگۆی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌سه‌ر چوونی بۆ هه‌ولێر و دانیشتنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی رایگه‌یاند: له‌كاتی رۆیشتنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ك و سه‌رۆكی په‌رله‌مان  ناچاره‌ روونكردنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان بدات و هۆكاری چوونی بۆ په‌رله‌مان روون بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌، به‌ پێی یاسا. به‌ڵام  سه‌رۆكی په‌رله‌مانى عێراق سه‌لیم جبوورى موزداقیه‌تی (متمانه‌ی)خۆی له‌ ده‌ست داوه‌.


هه‌روه‌ها گووتیشى: كێشه‌ی سه‌ره‌كی سه‌لیم جبووری ئه‌وه‌یه‌ داوی خۆی داوه‌ته‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تی یاساو ملكه‌چ بووه‌ بۆ بریاره‌كانی لایه‌نێك له‌سه‌ر حیسابی لایه‌نه‌كانی تر كه‌ بێگومان له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان زه‌ره‌رمه‌ندتر له‌ هه‌بوونی سه‌لیم جبووری و ملكه‌چیه‌كانی بۆ سه‌رانی شیعه‌  عه‌ره‌به‌ سوننه‌كانن چونكه‌ سه‌لیم جبووری له‌سه‌ر حیسابی عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان بووه‌ به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان.
بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌لیم جبووری وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێداچوونه‌وه‌ به‌ بریاره‌كانی خۆیدا بكات ئه‌گه‌رنا هه‌موو عێراقیه‌كان به‌ گشتی و عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان به‌ تایبه‌تی به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات.