نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق كۆده‌بێته‌وه‌

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عیراق كرا

پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌‌ 10/10/2017 نووسینگه‌ی بەڕێز جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق كۆبووه‌وه‌. سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌‌ به‌ڕێز ته‌ها به‌رواری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی‌ به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی كرد و خۆشحاڵی خۆی و نووسینگه‌ی جه‌نابی جێگری سه‌رۆكی پارتیی به‌و دیداره‌ ده‌ربڕی.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وێڕای تاوتوێكردنی ڕه‌وش و گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و به‌تایبه‌تی بارودۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دوای پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم، جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم بۆ دیاریكردنی داهاتوو، مافێكی سروشتی و یاساییی گه‌لی هه‌رێمی كوردستانه‌ و له‌م پرۆسه‌یه‌دا خه‌ڵك ده‌نگی بۆ سه‌ربه‌خۆیی داوه‌ بۆیه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ڕیفراندۆم هه‌روه‌ك به‌رپرسان له‌ به‌غدا وه‌ك مه‌رجێك بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ولێر دایانناوه‌، كارێكی مه‌حاڵه‌.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عیراق كرا و له‌مباره‌یه‌وه‌ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتنی جددی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان دووپات كرایه‌وه‌. جه‌خت له‌وه‌ش كرایه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی فراكسیۆنی پارتی بۆ به‌شداریكرن له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی حكوومه‌تی عیراق پره‌نسیپی گفتوگۆی بێ مه‌رج قبوڵ بكات و سیاسه‌تی سزادانی هه‌رێمی كوردستان بوه‌ستێنێت و له‌مباریه‌شه‌وه‌ هاوهه‌ڵوێستی و یه‌كڕیزیی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌رامبه‌ر هه‌موو كێشه‌كان به‌ گرنگ و پێویست زانرا.

كۆبوونه‌وه‌ پێی وابوو هه‌وڵی به‌شێك له‌ فراكسیۆن و په‌رله‌مانتارانی په‌رله‌مانی عیراق بۆ سزادانی په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان، هه‌وڵێكی ته‌واو ناده‌ستووری و نایاسایی یه‌ و پێویسته‌ ڕابگیرێت، چونكه‌ مێژوو سه‌لماندویه‌تی كه‌ سیاسه‌تی سازادانی گه‌لی كوردستان و نوێنه‌ره‌كانیان شكستخواردوو و بێ ئه‌نجام بووه‌. شایەنی باسە به‌ڕێز سه‌فین دزه‌یی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو.