سه‌ركرده‌یه‌كی عه‌ره‌بی سوننه‌: وڵاتانی عه‌ره‌بی ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر پێكهێنانی هه‌رێمی سوننه‌ ده‌ربڕیوه‌

مالیكی خیانه‌تی له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی مووسڵ و ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌دین كرد

سه‌ركرده‌يةكی عه‌ره‌بی سوننه‌ رایده‌گه‌ێنێت، مالیكی گه‌وره‌ترین پێشێلی ده‌ستووری كرد كاتێك ئاماده‌ نه‌بوو داوای به‌ هه‌رێمبوونی پارێزگا سوننییه‌كان بداته‌ كۆمسیۆن.

ناجح ئه‌لمیزان، سه‌ركرده‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ و ئه‌مینداری گشتیی كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی هه‌رێمی سه‌ڵاحه‌دین، رایگه‌یاند:مالیكی، گه‌وره‌ترین پێشێلی ده‌ستووریی كرد كاتێك ئاماده‌ نه‌بوو داوای به‌هه‌رێمبوونی ئه‌و پارێزگا سوننییانه‌ بداته‌ كۆمسیۆن، بۆ ته‌واوكردنی رێكاره‌كانی به‌هه‌رێمبوون.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌ ساڵی ٢٠٠٣ه‌وه‌ تا ئێستا حكوومه‌تی ناوه‌ندی سته‌م له‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ ده‌كات و یاریی به‌ چاره‌نووسی پارێزگاكان ده‌كرێت، بۆ نموونه‌ مالیكی خیانه‌تی له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی مووسڵ و ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌دین كرد، كاتێك راده‌ستی داعشی كردن، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تێك خیانه‌ت له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌ی بكات، ئه‌وه‌ مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ حوكم به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌یدا بكات.

گوتیشی: هاووڵاتییان به‌ زۆر ده‌رده‌كرێن و موڵك و ماڵیان له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی تاڵان ده‌كرێت، هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك نییه‌ و ناوچه‌كان وێران بوونه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ پێش هاتنی داعش، ده‌بێ عێراق بكرێته‌ فیدڕاڵی یان كۆنفیدراڵی، كه‌ ئێستا خواستی له‌سه‌ره‌.

ئه‌لمیزان ئاماژه‌وه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، ئێستا له‌ دامه‌زراوه‌ بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ دروست بووه‌ كه‌ ناكرێت پێكه‌وه‌ژیان له‌ عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌ پێش هاتنی داعش، بۆیه‌ ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان هه‌رێمی سوننه‌ هه‌بێت و پارێزگاكان خۆیان ئیداره‌ی خۆیان بكه‌ن،وڵاتانی عه‌ره‌بیش قه‌ناعه‌تی ته‌واویان هه‌یه‌ كه‌ پارێزگاكان بكرێنه‌ هه‌رێم، چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی و كه‌نداو ره‌زامه‌ندییان به‌ ئێمه‌ داوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر هۆكاری دیبلۆماسی ناتوانین ناوی وڵاته‌كان ئاشكرا بكه‌ین.

راشیگه‌یاند: ئێمه‌ رێز له‌ بڕیاری گه‌لی كوردستان ده‌گرین، كه‌ له‌ ریفراندۆمدا ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیان هه‌ڵبژاردووه‌.

سه‌رچاوه‌ باس

كوردستان تیڤی: رزگار تاهیر