عێراق پێویستى به‌ 240 ساڵه‌ بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى

ئه‌گه‌ر رێككه‌وتننامه‌ى پاریس هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، عێراق به‌ 500 ساڵیش ناتوانێت قه‌رزه‌كانى بداته‌وه‌

وڵاتى عێراق  سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى وڵاتێكى ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان به‌تایبه‌تى نه‌وت، وه خاوه‌ن پێگه‌یه‌كى جیهانییه‌، به‌ڵام به‌ هۆى بوونى سیاسه‌تێكى شكستخواردوو به‌رده‌وام ئابورى ئه‌م وڵاته‌ پوكاوه‌ته‌وه‌ و له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا بووه‌ و قه‌یران له‌ دواى قه‌یران رووى له‌م وڵاته‌ كردووه‌.

سیاسییه‌كانى ئه‌م وڵاته‌ به‌رده‌وام بیریان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ له‌ رووى سه‌ربازییه‌وه‌ به‌هێز بن و به‌شێكى به‌رچاوى پاره‌ى نه‌وتیان به‌چه‌ك داوه‌، ته‌نیا به‌پاره‌ى نه‌وته‌وه‌ نه‌وه‌ستاون و به‌ قه‌رزیش چه‌كیان كڕیوه‌، چه‌كێك كه‌ جگه‌ له‌ ماڵوێرانى هیچى دیكه‌ى بۆ عێراقیه‌كان نه‌هێناوه‌، چه‌كێك كه‌ هه‌رگیز نه‌یتوانیوه‌ ئاساییشى عێراق بپارێزێت.

دواى له‌ناوچوونى حیزبى به‌عس و  له‌ دواى ساڵى 2004 چاوه‌ڕوان ده‌كرا، عێراقێكى نوێ دروست بێت و له‌ قه‌رزه‌كان رزگارى ببێت ، به‌ڵام هه‌مان سیاسه‌تى حزبى به‌عس په‌یڕه‌و كراو زیاتر له‌ 20%ى بودجه‌ى گشتى بۆ كه‌رتى ئاساییش ته‌رخان كرا، ئاساییشێك هه‌رگیز سه‌قامگیرى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیت، به‌شێكى به‌رچاوى بودجه‌ بۆ كڕینى چه‌ك ته‌رخان كراو  به‌شێكى به‌رچاوى چه‌كه‌كانیش به‌ 5 فه‌یله‌قه‌وه‌ له‌ موسڵ ته‌سلیم به‌ داعش كران.

هه‌روه‌كو چۆن له‌ رابردوو پاره‌ى به‌ چه‌ك ده‌دا و له‌ شه‌ڕه‌كاندا چه‌كه‌كان ده‌كه‌وته‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌ و كوه‌یت و ئێران، واته‌ ئه‌و چه‌كانه‌ى بۆ عێراق كڕدراون به‌رده‌وام رووبه‌رووى خۆى بووه‌ته‌وه‌، به‌شێكى زۆرى ئه‌و چه‌كانه‌ش له‌ شه‌ڕى كوه‌یت و عێراق و ئه‌مریكادا له‌ناوبران  .

قه‌رزه‌كانى عێراق  

1-    وڵاتانى خاوه‌ن قه‌رزى پێش 2003 : به‌پێى زانیارییه‌كانى ده‌زگاى سه‌ته‌لایتى كوردستان حكومه‌ت عێراق قه‌رزارى چه‌ندین وڵاتى دیكه‌یه‌، به‌ڵام له‌ رێككه‌وتننامه‌یه‌ك له‌ پاریس وڵاتانى خاوه‌ن قه‌رز له‌ 80%ى قه‌رزه‌كانیان خۆش بوون به‌و مه‌رجه‌ى بتوانێت باقى قه‌رزه‌كانیان هه‌تا ساڵى 2020 بداته‌وه‌، به‌ڵام عێراق ناتوانێت له‌و ماوه‌یه‌دا قه‌رزه‌كان بداته‌وه‌ و ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ وڵاتانى خاوه‌ن قه‌رز له‌ به‌خشینه‌كانیان په‌شیمان ببنه‌وه‌، به‌مه‌ش عێراق ده‌بێت سوودى ئه‌وه‌نده‌ ساڵانه‌ش بدات كه‌ قه‌رزه‌كانى دواخستووه‌ و نه‌یداوه‌ته‌وه‌.
2-    قه‌رزه‌كانى دواى ساڵى 2003 تاوه‌كو ئێستا 120 ملیار دۆلاره‌.


3-     به‌ره‌ڤان حه‌مدى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى له‌ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفال كراوان ده‌ڵێت: قه‌ره‌بووى زه‌ره‌ر و زیانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان لاى حكومه‌تى عێراقیی له‌ ساڵى 1963 تاوه‌كو 2003 ، دیراسه‌ى ووردمان بۆ كردووه‌ به‌ بڕى 384 ملیار دۆلار خه‌ملێندراوه‌، به‌ڵام عێراق تاوه‌كو ئێستا ئه‌و دۆسیانه‌ى وه‌لاناوه‌ و قه‌ره‌بووى نه‌كردووینه‌ته‌وه‌، به‌ره‌ڤان حه‌مدى ده‌ڵێت: ئه‌و خه‌مڵاندنانه‌ به‌ پێى پێوه‌ره‌ نێو ده‌ڵه‌تییه‌كان لێكدراوه‌ته‌وه‌ . 

ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ ده‌ڵێت یه‌كێك له‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى دانیشتنى نێوان جكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراقى له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ره‌بووانه‌یه‌،
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى بۆچى تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تى عێراق ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ى خه‌رج نه‌كردووه‌ بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان , به‌رڤان حه‌مدى ده‌ڵێت: عێراق تواناى دابین كردنى مووچه‌ى كارمه‌ندانى خۆى نییه‌(چونكه‌ مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستانیش تا ئێستا به‌شێكن له‌ كارمه‌ندانى عێراقى) و به‌رده‌وام له‌ قه‌یراندایه‌ و وه‌كو مادده‌ى 140  و بودجه‌ى پێشمه‌رگه‌ و موسته‌حه‌قاتى هه‌رێم پشتگوێ خراوه‌ .
به‌ره‌ڤان حه‌مدى وتیشى: ئه‌و قه‌ره‌بووانه‌ قه‌ره‌بووى ( مرۆیى، ماددى، ژینگه‌، ناراسته‌وخۆ(كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابورى) پشگوێ خستنى مه‌به‌ستدار ، ژێرخان و سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌) له‌خۆده‌گرێت، ئه‌م قه‌ره‌بووه‌ ته‌نیا ئه‌و زه‌ره‌ر و زیانانه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت كه‌ له‌ ئه‌نجامدانى تاوان به‌رانبه‌ر گه‌لانى كوردستان له‌ ساڵى 1963 بۆ 2003 له‌لایه‌ن رژێمه‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌كانى عێراقه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌.

4-    10 دۆسیه‌ی تر ماوه‌ كه‌ هێشتا كاری ته‌واویان له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ و ده‌بێ ئه‌وانیش هه‌ژمار بكرێن، به‌ بردنه‌وه‌ى 10 دۆسیه‌كه‌ى دیكه‌ پێشبینى ده‌كرێت بڕى قه‌رزه‌كانى كورد لاى به‌غدانزیك زیاتر ده‌بێت ، ئه‌یاد كاكه‌یى ده‌ڵێت: تا ئێستا‌ قه‌ره‌بووه‌كانمان له‌  دادگای باڵای عێراق یاسای ژماره‌ 10ی ساڵی 2005، باس له‌ قه‌ره‌بووه‌كانی ساڵی 1968 تا ڕووخانی سه‌دام ده‌كات، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم قاسم و ڕژێمه‌كانی تری عێراق مافه‌كانمان پێشێل كراون، پێویسته‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ داتا بكرێن و بخرێنه‌ ناو گفتوگۆی دانوستانه‌كانه‌وه‌. 

5-    كۆمه‌ڵێك شایسته‌ی دارایی هه‌ن، ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كوردستانیش ده‌بێ به‌ ده‌وڵه‌ت، پێویسته‌ له‌ ڕێی دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ له‌ عێراقی وه‌ربگرێته‌وه‌، ئه‌م قه‌رزه‌ش نزیكه‌ى  70 ملیار دۆلار حكومه‌تى كوردستان قه‌رزارى لاى عێراقه‌، ئه‌مه‌ش قه‌رزى بودجه‌یه‌ كه‌ له‌ 2004 ه‌وه‌ به‌ نه‌قسى ناردوویه‌تى تاوه‌كه‌ ساڵى 2017.

تا نه‌بینه‌ ده‌وڵه‌ت ناتوانین له‌ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى داواى ئه‌م قه‌ره‌بووانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌مه‌ وته‌ى ئه‌یاد كاكه‌ییه‌، ئه‌یاد كاكه‌یى وتیشى: سه‌باره‌ت به‌ قه‌ره‌بووى زه‌ره‌ر و زیانه‌كان، ئێمه‌ چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى داواكارى گشتى له‌ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌م بابه‌تانه‌مان تلوتوێ كردووه‌، به‌ڵام وه‌ڵام ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ وڵات نین و ناتوانین وه‌كو هه‌رێمێك داوا له‌ دادگاى تاوانى نێو ده‌وڵه‌تى بكه‌ین بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى مافه‌كانمان.

واته‌ كۆى گشتى قه‌رزه‌كانى عێراق ، ئه‌وه‌ى تائێستا له‌سه‌رى بووه‌ته‌ ماڵ، به‌ 120 ملیارى قه‌رزى وڵاتان و 384 ملیارى قه‌ره‌بووى زه‌ره‌ر و زیانه‌كانى كوردستان و 70 ملیارى نه‌ناردنى شایسته‌ داراییه‌كان، نزیكه‌ى 600 ملیار دۆلار قه‌رزى له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌

 عێراق پێشتر به‌ 10 ساڵ ئینجا توانى قه‌رزه‌كانى كوه‌یت بداته‌وه‌ ، كه‌ 53 ملیار دۆلار بوو، واته‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ى 5 ملیار دۆلارى داوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌ نرخى نه‌وت له‌ سه‌رووى 100 دۆلاره‌وه‌ بوو، ئێستا نرخى نه‌وت نیوه‌ى نرخى ئه‌وكاته‌یه‌ و ئه‌مه‌لێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به‌و رێژه‌یه‌ى رابردوو قه‌رزه‌كانى بداته‌وه‌, ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌وتووه‌ته‌ قه‌رز و كێشه‌ى له‌ كورت هێنانى بودجه‌یدا هه‌یه‌ به‌ بڕى 25 تریلیۆن دینارى عێراقى، دواهه‌مین قه‌رزى عێراق 5 ملیار دۆلاره‌ كه‌ له‌ ژاپۆنى وه‌رگرتووه‌، یه‌ده‌گى  دراوى بیانى له‌ بانكى ناوه‌ندیدا له‌ 60 ملیاره‌وه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ 45 ملیار دۆلار،سه‌ره‌ڕاى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وتیش عێراق 8هه‌ر نه‌یتوانى كورتهێنانى بودجه‌ پڕبكاته‌وه‌ ، بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانیش به‌رده‌وام پێویستى به‌ قه‌رزكردن ده‌بێت، نه‌جیبه‌ نه‌جیب ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لیژنه‌ى دارایى ده‌ڵێت:  بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى بودجه‌ش حه‌قى ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌كان به‌ ته‌واوى نادات و  به‌دجه‌ى هه‌رێمى كوردستان نانێرێت، نه‌جیبه‌ نه‌جیب وتیشى: عێراق له‌م قۆناغه‌دا به‌رده‌وامه‌ له‌ قه‌رز كردن و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌شى بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى ته‌رخانى كردووه‌ به‌شێكى كه‌مه‌.

ئه‌گه‌ر عێراق  بتوانێت له‌ قه‌رزكردن رزگارى ببێت و بتوانێت ساڵانه‌ 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قه‌رز بداته‌وه‌، ئه‌وا پێویستى به‌ 240 ساڵه‌ بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى، واته‌ له‌ ئێستاوه‌ عێراق بۆ ماوه‌ى  240 ساڵى دیكه‌ له‌ قه‌رزاریدا ده‌ژیێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات عێراق كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى جیهان له‌ به‌رهه‌مى نه‌وتدا، به‌ قه‌رزارترین وڵات دابنرێت له‌سه‌ر رووى زه‌وى، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ برى دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان، له‌ ئاماره‌كانى تایبه‌ت به‌ گه‌نده‌ڵى كه‌ رێكخراوه‌ جیهانییه‌كان ساڵانه‌ بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌، عێراق به‌رده‌وام له‌ ریزبه‌ندى 10 یه‌كه‌مینه‌كاندایه‌. 

ئه‌گه‌ر رێككه‌وتننامه‌ى پاریسیش هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و وڵاتانى خاوه‌ن قه‌رز له‌ به‌خشینه‌كانیان په‌شیمان ببنه‌وه‌ ئه‌وا عێراق به‌ 500 ساڵیش ناتوانێت قه‌رزه‌كانى بداته‌وه‌، چونكه‌ بڕى قه‌رزه‌كان نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ یه‌ك تریلیۆن و 500 ملیار دۆلار.

 


ئاماده‌كردنی/ ئارام كاكه‌خان