سه‌رۆك بارزانی: داوا له‌ هه‌موو گه‌لی كوردستان ده‌كه‌م، سبه‌ینێ به‌ هێمنی بچنه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان

لە نێوان ئێمە و بەغدا ناکۆکی ھەبێ و ھەر ھەبووە، بەڵام ھەرگیز ڕێگە نادەین ببێتە ململانێی نێوان دوو میللەت

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ به‌رێز مه‌سعود بارزانی ، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا وه‌ڵامی پرسیاری ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ڕۆژنامه‌نووسانی دایه‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌یان له‌باره‌ی پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو.

سه‌رۆك بارزانی گوتی: شەراکەت شکستی ھێنا و دەستوور پێشێل کرا و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرا و دوای ئەوەی وادەکەی لە ٢٠٠٧ کۆتایی ھات، وتیان ئەو ماددەیە مرد، بودجە و مووچەی پێشمەرگەیان نەنارد کە بڕیار بوو بەشێک بێت لە مەنزوومەی دیفاعی عێراقی، تەوافوق نەما.

ئێوارە باش
ھەموو لایەک بەخێر بێن
بەناوی خوای گەورە و میھرەبان
زۆر سوپاستان دەکەم کە تەشریفتان ھێناوە بۆ ئەوەی لە ڕێی ئێوەوە بۆچوونی خۆمان بە ڕای گشتیی جیھان و ناوچەکە بگەیەنین. من بەپێویستی دەزانم کورتەیەک لە ڕابردووی پەیوەندیی کوردستان و بەغدا بۆ ئێوە باس بکەم.


سه‌رۆك بارزانی له‌ سه‌ره‌تای كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا گوتی: ئێمە ئەگەر بۆ مێژووی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو بگەڕێینەوە، دەتوانین پەیوەندیی کوردستان لەگەڵ بەغدا بۆ دوو قۆناغ دابەش بکەین، قۆناغێک لە دوای جەنگی جیھانیی یەکەمەوە لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق تا ٢٠٠٣، قۆناغێکیش لە ٢٠٠٣وە تاوەکوو ئێستا.

لە قۆناغی یەکەمدا عێراقی تازە لەسەر بنەمای شەراکەت دامەزرا لە نێوان کورد و عەرەب و پێکھاتەکانی دیکە، بەڵام ڕەنگە زۆر لە ئێوە ئاگادار و شاھێدیش بووبن کە بەشی ئێمە وێرانکردنی ٤٥٠٠ گوندی کوردستان بوو لە کۆی ٥ ھەزار گوند، ئەنفالی گەورە کە بووە ھۆی بێسەروشوێنبوونی ١٨٢ ھەزار کورد، تەعریب و تەھجیر، ١٢ ھەزار گەنجی فەیلی بێسەروشوێن کران، ٨ ھەزار بارزانی بێسەروشوێن کران، کیمیاباران لە زاخۆ تا خانەقین، ٥ ھەزار کەس لە ھەڵەبجە بە چەکی کیمیاوی شەھید کران کە لە وێنەکاندا دیوتانە چ کارەساتێکی گەورە ڕووی داوە.

لە ٢٠٠٣ ئەو قۆناغە کۆتایی ھات و قۆناغی تازە دەستی پێکرد، پاش ئەوەی ڕژێمی بەعس ڕووخا. ئێمە زۆر ئومێدەوار و خۆشحاڵ بووین و گوتمان دەرفەتێکی تازەیە بۆ ھەموو عێراق کە عێراقێکی تازە لەسەر بنەمای فیدرالی، دیموکراسی، پێکەوەژیان و ڕێز لەیەکدی گرتن بنیات بنێین و ھەرچی لە تواناماندا ھەبوو بۆ ھاتنەدی ئەو ئامانجە کردمان. ھەر دوای ئەوەی لە ٢٠٠٥ سیاغەی دەستووری تازە کرایەوە بۆ عێراق سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، بەڵام دەستوورێکی باش بوو و یەکەمجار بوو عێراق ببێتە خاوەنی دەستوورێکی لەم شێوەیە، ئەگەر خەڵکی کوردستان نەبووایە ئەو دەستوورە لە دەنگدان دەرنەدەچوو، ئەگەر ٣ پارێزگا دەنگیان بە دەستوور نەدایە، ئەوا دەستوورەکە پەسەند نەدەکرا، بۆیە کورد نەبووایە لە پارێزگای نەینەواش دەستوورەکە شکستی دەھێنا. ئەگینا پارێزگاکانی (ڕومادی، ئەنبار، تکریت، نەینەوا و دیالە) دەنگیان لە دژی دەستوور دەدا کە دەکاتە ٤ پارێزگا.

دوای ئەوەی کە زۆری پێنەچوو بۆمان دەرکەوت کە بەداخەوە بەشی ھەرە زۆری دەسەڵاتدارانی ئێستاش، دەموچاویان گۆڕاوە ئەگینا ھەر بە ھەمان عەقڵیەتی ئەنفالچییەکانی پێشترن.

سه‌رۆك بارزانی گوتی: شەراکەت شکستی ھێنا و دەستوور پێشێل کرا و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرا و دوای ئەوەی وادەکەی لە ٢٠٠٧ کۆتایی ھات، وتیان ئەو ماددەیە مرد، بودجە و مووچەی پێشمەرگەیان نەنارد کە بڕیار بوو بەشێک بێت لە مەنزوومەی دیفاعی عێراقی، تەوافوق نەما، شەقامی خۆیان لە دژی کوردستان زیاتر ھان دەدا، لە ھەڵبژاردنەکاندا کامیان زیاتر دژی کوردستان قسەی بکردبا دەنگی زیاتر دەھێنا، لەگەڵ کێ بژین بەو جۆرە؟ ئێمە بە ئاواتی دەوڵەتێکی مەدەنی دیموکراسی فیدرالی بووین، نەک دەوڵەتێکی مەزھەبی کە ئێستا لە عێراق حاکمە. زۆر ھەوڵماندا چارەسەری کێشەکان بکرێ، لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھەموو لایەک. بەڕاستی بەغدا ئێمەی قەبوڵ نەکرد و ناچاری کردین ئەم ھەنگاوە بنێین. سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان زۆر بیری لەو دۆخە کردەوە، بۆیە لە ٧ی حوزەیران کە نائومێد بووین و بەغدا بەدەنگەوەھاتنی نەبوو، ساڵی ڕابردوو لەم کاتانە چووینە بەغدا و گوتمان براینە شەراکەتمان شکستی ھێناوە و گەڕانەوە بۆ ئەزموونی شکستخواردوو ھەڵەیە، با ببینە دراوسێی باش، بەم جۆرە ھیچ لامان

ئیسراحەت ناکەین، ناماقووڵە پەیوەندیی نێوانمان بە ناخۆشی کۆتایی بێت، لەسەر ئەو بنەمایە لە ٧ی حوزەیران کە لایەنەکان بڕیاریان دا، زۆر لە دۆستان دەیانگوت ئەمە موفاجەئە بوو بۆمان، بەڵام گوتمان موفاجەئە نییە، ئێمەش نەماندەزانی ٢٥ی ئەیلوول ڕیفراندۆم دەکەین، چونکە لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ٧ی حوزەیراندا ڕۆژەکە دیاری کرا، بەڵام پێشتر بە ھەموو لایەکمان گوتووە کە ئێمە بڕیاری ڕیفراندۆم دەدەین.

سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ گەڕانەوە بۆ ڕای میللەت دیموکراسیترین و ڕاستترین شێوەیە بۆ چارەسەری ھەر گرفتێک یان ھەر بڕیارێکی ڕاست و دروست. ئەو لایەنانە نەھاتن پێمانبڵێن بۆ ئەو بڕیارەتان دا و چ بکەین و چۆن چارەسەر بکەین؟ یەکسەر کەوتنە ھەڕەشە و ھەندێجار بە ئەمر پێمان دەڵێن نابێ ئەوە بکەن و ئەوە بکرێ، نابێ گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆشی بدات؟ ئێمە کە ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژ کراین، کەس باسی سەربەخۆیی نەکردبوو، بۆچی کۆمەڵکوژ کراین؟ پێش دوو ساڵ ئێزدییەکان خۆ ھیچ بڕیارێکی لەم شێوەیەیان نەدابوو، بۆچی جینۆساید کران؟ ئەمە ھۆکارەکەی یەک شتە، تەنھا نکۆڵیکردنە لە مافی کورد. بۆیە گەیشتینە ئەو باوەڕە کە تەنھا سەربەخۆیی ئەو زەمانەتەمان پێ دەدات کە جارێکیتر ئەو کارەساتانە بەسەر میللەتی ئێمە نەیەت.

ئێستاش بۆ ھەنگاوەکانی داھاتوومان دەمەوێ بۆ ئێوە و ڕای گشتیش ڕوون بکەمەوە، ڕیفراندۆم ھەنگاوی یەکەمە کە گەلی کوردستان گوزارشت لە ڕای خۆی بکات کە چۆن چارەنووسی خۆی دیاری بکات، پرۆسەیەکی درێژ خایەن دوای ئەوە دەست پێ دەکات. ڕیفراندۆم بۆ دەستنیشانکردنی سنوور نییە، بۆ فەرزی ئەمری واقیع نییە لەسەر ناوچەیەکی دیکە، دەمانەوێ گفتوگۆیەکی کراوە دوای ئەوە لەگەڵ بەغدا دەست پێ بکەین، ئەو وادەی پێویست بێت ئامادەین ساڵێک یان دوو ساڵ و ئەگەر گفتوگۆکە ڕێکوپێک بێت درێژیش بکرێتەوە ڕەنگە کێشە نەبێ، بەڵام دەبێ گفتوگۆکە بۆ ئەوە بێ کە چۆن دەبینە دوو دراوسێی باش لەگەڵ یەکتر و گفتوگۆکە ڕێکوپێک بێت.

من دەمەوێ جەخت لەوە بکەمەوە لەسەر بەردەوامبوونی ھاوکاریی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە دژی تیرۆر، ئەو ھەماھەنگییەی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق درووست بوو، دەمانەوێ بیپارێزین، ئامادەین ئەگەر ئەوان ئامادە بن، سەرکەوتنی مووسڵ بەرھەمی ئەو ھەماھەنگییە بوو.

نموونەیەکی تر شەڕی تەلەعفەرە کە پێش ماوەیەک، ئەو ھەماھەنگییەی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بوو، جگە لەو تیرۆریستانەی بە بۆمبی ھەوایی و سوپای عێراق کوژران، زیاتر لە ٥٠٠ تیرۆریست کە دەیانویست بچنە سووریا، بە دەستی پێشمەرگە کوژران، دوێنێش پێشمەرگە و سوپای عێراق دانیشتوون و لەسەر چۆنیەتی ڕزگارکردنی حەویجە ڕێککەوتوون.
 
لەبارەی ئاوارەکان، ماڵی خۆیانە و وەکوو چاوی خۆمان دەیانپارێزین، تا ناوچەکانیان ڕزگار دەکرێن و ئەمن و ئەمانیان بۆ دەگەڕێتەوە، کوردستان ماڵی خۆیانە، خۆیان دڵنیابن کە برای ئێمەن و خاوەن ماڵن، لەوانەیە لە نێوان ئێمە و بەغدا ناکۆکی ھەبێ و ھەر ھەبووە، بەڵام ھەرگیز ڕێگە نادەین ببێتە ململانێی نێوان دوو میللەت، ئێمە و میللەتی عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن ھەر برا دەبین و ئەو فەرھەنگە دەپارێزین و نابێ بەھیچ شێوەیەک ناکۆکیی سیاسی ببێتە ناکۆکیی نێوان دوو میللەت.

لەگەڵ دراوسێکانیشمان پێمانخۆشە باشترین پەیوەندیمان ھەبێ، ئەگەر بۆچوونێکیان ھەڵەیان لەبارەمانەوە وەرگرتبێ، بۆیان دەردەکەوێ وەک ٢٥ ساڵی ڕابردوو، ئێمە ھۆکاری ھەڕەشە نین، بەڵکوو دۆستین و ھۆکاری چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەکەین و ڕێز لە پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی دەگرین.

سیستەمی ئایندەمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دەستوور بنووسرێتەوە و گەلی کوردستان ڕای لەسەر بدات، بەڵام ئامانجی ھەموو لا ئەوەیە کە دەوڵەتێکی دیموکراسی فیدرالی و مەدەنی بێت و مافی ھەموو پێکھاتەکان بارێزرێت، ئەمڕۆش پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لەگەڵ لێژنەیەک ڕەشنووسێکیان نووسیوەتەوە و پەسەندیان کردووە کە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان بەیەکەوە.

من لێرەدا داوا لە ھەموو خەڵکی کوردستان دەکەم سبەی زۆر بە ئارامی و لەسەرخۆ بۆ سەر سندووقەکان بچن و خۆیان لە ھەر ڕەفتارێک بە دوور بگرن کە سەلامەتیی پرۆسەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە، دەبێ پرۆسەیەکی زۆر پاک و پێوەر بێت بە ھەموو پێوەرەکان.

سوپاسی ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم و کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن، سوپاس بۆ جەماوەری کوردستان، پێشمەرگە قارەمانەکان و ھەموو دەزگاکانی ئەمنی کە ئەم ماوەیە زۆر ماندوو بوون و بە ئەرکی خۆیان ھەڵساون و ئومێدەوارم لە ئایندەش ھەر بە سەرکەوتوویی ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن.
تەنھا سەربەخۆیی دەتوانین وەڵامی کەمێک لەو ئێش و ئازارەی دایک و خێزان و منداڵی شەھید بداتەوە.

لە کۆتاییدا سه‌رۆك بارزانی گوتی: جارێکی دیکە سوپاستان دەکەم و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرین.


پرسیاری رۆژنامه‌نووسان، و وه‌ڵامی سه‌رۆك بارزانی


* ئایا پێتانوایە کە ڕوو کە دوای ڕیفراندۆم پەیوەندیتان لەگەڵ تورکیا چۆن دەبێ کە پێیوایە ڕیفراندۆم مەترسییە؟ ئایا پرسی نەوت چی بەسەر دێت؟

* سوپاس، پرسیارمان ئەوەیە کە بەپێی ڕای ئێوە ھەڵوێستی نێودەوڵەتی جێی سەرسوڕمانە، پێتانوایە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، گۆڕانکاری بەسەر ھەڵوێستی نێودەوڵەتی و بەغدا بێت؟

* ٢٦ی مانگ کە ئەنجامی ڕیفراندۆم دەردەکەوێ و دەنگی بەڵێ زۆرینە دەبێ، چی روودەدات و پەیامتان بۆ ئێران و تورکیا چییە، ئایا ڕیفراندۆم لە کەرکووکیش ئەنجام دەدرێ؟ دڵنیایی بە خەڵک دەدەن؟

سەرۆک بارزانی: گەلی کوردستان بڕیاری خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم داوە، بە دڵنیاییەوە پێشبینی دەکەین کە کاردانەوە لەلایەنەکانەوە ھەبن، بەڵام گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی کە ھەرچەندە سەرکێشی ھەبێت و ھەرچییەکی لێ بکەوێتەوە، باشترە لەوەی چارەنووسێکی نادیار چاوەڕوانیمان بکات، دەکرێ ھەندێک ھەڵوێستی توند یان ھەندێک توند ببیستین، بەڵام متمانەمان بەخۆمانە و پێمانوایە بڕیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەنجامەکان دەوەستێ، وەک چۆن لە ١٩٩٢ ڕووی دا.
تورکیا کە پێیوایە ڕیفراندۆم بۆی ھەڕەشەیە، ئێمە لەگەڵیاندا ھاوڕا نین و بۆ ھیچ وڵاتێک ھەڕەشە نین و لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا سەلماندوومانە کە ھۆکاری سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەین و لەوەش بەردەوام دەبین.

بابەتی بەردەوامبوونی فرۆشتنی نەوتیش با چاوەڕێ بکەین کە ئایا بەردەوام دەبێ.

ئێمە نیازی شەڕمان لەگەڵ ئێران و ھیچ لایەک نییە و پێمانوایە لە ماوەیەکی کەمدا ڕوون دەبێتەوە کە ئەو ھەڵوێستانە ھەڵە بوون.

لەبارەی پرسیاری ئەلجەزیرە، بە دڵنیاییەوە ھەڵوێستی نێودەوڵەتی جێی سەرسوڕمان بوو و ھەڵوێستی عێراقیش بەھۆی ئەوەوە گۆڕا. ھیچ وڵاتێک نەیگوتووە کە دژی بڕیاری گەلی کوردستانە، تەنیا لێدوان لێرە و لەوێ ھەیە کە ھەندێک توند بووە.

ھەڵوێستی بەغدا توند دەبێت و خاو دەبێتەوە لەگەڵ ھەڵوێستی نێودەوڵەتی، بەڵام گەلی ئێمەش بڕیاری خۆی دەدات و بۆ ئەنجامەکەشی پێویستە ئامادە بێت. بەڵام جێی پەسەندکردن نییە کە ڕێگری لە گەلێک بکرێ کە بیەوێ گوزارشت لە خواستی خۆی بکات. ھەر شاندێک سەردانمان دەکات، نیو کاتژمێر باسی ئازایەتی پێشمەرگە دەکات، باشە مادام بەو جۆرەیە، ڕێگە بدەن کە بڕیار لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بدات. داوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە کە ڕێگەمان بدەن بڕیار لە چارەنووسمان بدەین.
لەبارەی ڕووداوی ٢٦ی ئەیلوول، دوو ڕۆژ ماوە با بزانین چی ڕوودەدات، من پەیامم بۆ ئێران و تورکیا داوە و حەز دەکەین باشترین پەیوەندیمان ھەبێ و دۆستین و دەستی دۆستایەتی درێژ دەکەین و حەز ناکەین ئاڵۆزییەکان زیاتر ببن.

لە کەرکووکیش ئەمڕۆ بڕیارمان دا لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ھەموو ناوچەکان بە یەکەوە دەکرێن.

* بۆچی حکوومەتی عێراق و واشنتۆن و زۆربەی وڵاتانی جیھان بڕیاری ڕیفراندۆمیان ڕەت کردەوە؟ کامە وڵاتی ئیسلامی دژی ڕیفراندۆم و کامەیان لەگەڵ ڕیفراندۆمە؟ دوای ڕۆژی دەنگدان ھەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان چی دەبێ؟

* پرسیارێکم ھەیە، ئەگەر عێراق دوای ڕیفراندۆم ئامادە نەبوو دانوستان لەگەڵ کوردستان بکات، ئەو کاتە ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

* ئۆپەراسیۆنێک لە سنوورەکان لەلایەن تورکیا دەکرێ و لەوێ تانک و زرێپۆش کۆکراونەتەوە، دەنگۆی داخستنی سنوور ھەیە، جەنابی سەرۆک بەڕێزت چ بۆچوونێکت لەمبارەیەوە ھەیە؟

سەرۆک بارزانی: وەڵامی نیویۆرک تایمز، دەبێ لە عێراق و واشنتۆن بپرسی بۆچی ئەو ھەڵوێستەیان ھەیە، لە ٢٠١٥ لەگەڵ ئۆباما ئەم بابەتەم باسکرد و ھەڵوێستی زۆر ئەرێنی بوو، لەوان بپرسن بۆ ئەو ھەڵوێستەیان دەربڕیوە. ھەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی بە ئاسایی وەردەگرین خۆیان لە میدیا چ دەڵێن با بڵێن.
ھەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو ڕووداوانە ھەڵوێستێکی بێلایەن و ناوبژیوانانەیە و ھەوڵدەدەن ئاڵۆزتر نەبێ و پێموایە ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان وادەبێ.

وەڵامی کوردستان ٢٤ ئەوەیە کە ماوەیەک چاوەڕێی عێراق دەبین، ئەگەر ئەمشەو یان سبەی و دووسبەی عێراق ھەڵوێستێکی نیشاندا کە لەو حاڵەتانەدا حکوومەتەکان ناچارن ھەندەکجار کاردانەوەی توندیان دەبێ، ئێمە کاردانەوەی منداڵانەمان نابێ و ماوەیەک چاوەڕوان دەبین، ئەگەر عێراق گوتیان ئێستا و لە ئایندە ڕیفراندۆم ڕەت دەکەینەوە، واتە گەڕانەوە بۆ ئەنفال و کۆمەڵکوژ.

تورکیا لە خاکی خۆی چ دەکات، دەبابە و سەرباز دێنێ پەیوەندی بەوانەوە ھەیە، ئێمە پەیوەندیمان بە خاکی خۆمانەوە ھەیە و ھیچمان نەدیوە. ئومێدەوارین سنوور دانەخرێ و ئەو ڕەفتارانە نەبینین، چونکە ھەموولا زەرەرمەند دەبین.

* بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ھێشتا لوولەی تفەنگی پێشمەرگە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش سارد نەبووەتەوە، ھەروەھا لە ھەماھەنگیکردنی ھێزەکانی عێراق، باستان لە بەردەوامیی ھەماھەنگییەکان، بەڵام ئەوان لە جیاتی سوپاس بە زمانی ھەڕەشە باسی ھێرشکردنە سەر کوردستان دەکەن، ئایا دەرفەتی مانەوەی کورد لەگەڵ بەغدا و ئەم ئایدیایە ماوە؟ ئێستا حەیدەر عەبادی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی ئەوە دەکات کە کوردستان کێشەی لەگەڵ بەغدا نییە، بەڵکوو کێشەکەی کێشەی ناوخۆییە و پەرلەمان پەککەوتووە؟

سەرۆک بارزانی: بەینم لەگەڵ عەبادی خۆشە و نامەوێ دڵی بشکێنم و ئیحترامم بۆی ھەیە و بەردەوام دەبین لە ھاوکاریکردنی، بۆ وتارەکانم بگەڕێوە و گوتم لەمەودوا ئێمە دراوسێی عێراقین، ئیتر پێویست بە پرسیار ناکات.

* ئایا پێتوایە ڕیفراندۆم توندوتیژی لەگەڵ عێراق و دراوسێکان لێدەکەوێتەوە؟ ئایا ڕاستە کورد دابڕاوە بەھۆی ڕیفراندۆم و کاردانەوەکان لە دژی؟
کەناڵی (BBC فارسی): ئێران ئاسمانی خۆی بە کوردستان داخستووە، ئایا کاردانەوەتان چییە؟ چ دەوڵەتێک ئێستا پارێزگاری لە کوردستان دەکات؟

* لایەنی کوردی ھەیە کە بەرھەڵستکارە و دەڵێ بڕیارەکە بەپەلە دراوە، ئایا چۆن لەو پلانەتان بەردەوام دەبن، چونکە دابەشکارییەک دەبینرێت؟

سەرۆک بارزانی: پێش ئەوەی وەڵامی بیبیسی بدەمەوە، چیرۆکێکی خۆم لەگەڵ ئەو کەناڵە باس دەکەم، جارێک لە لەندەن بووم، بەڕێوەبەری کەناڵەکە لە بوشاوز لە لەندەن

داوەتی کردم، بەشی عەرەبی و فارسی و ئەوانە لەوێ بوون، بە عەرەبی و فارسییەکی شکستە و ئینگلیزییەکی ھەرچۆنێک بێت چاوپێکەوتنیان کردم، پاشان کابرایەک گوتی وەرە لەگەڵ ئێمەش چاوپێکەوتن بکە، گوتم لەگەڵ کێ؟ گوتی لەگەڵ بی بی سیی (پشتو) واتە ئەفغانی، منیش گوتم من ئەفغانی نازانم، بەڵام ئەو گوتی فارسییەکەی تۆ بە شێوەزاری ئەفغانی بوو.

پرسیاری یەکەمی لەبارەی توندوتیژی، ئێمە بیری لێ ناکەینەوە و دەستپێشخەریش نابین و زۆریش بە تەحەمول دەبین، ئومێدەوارین لایەنەکانیش بیر لەمە نەکەنەوە، توندوتیژی ئەمە چارەسەر ناکات.

جارێ با سبەی خەڵکی کوردستان دەنگی خۆی بدات، ئەگەر لەسەر ئەوەی میللەتێک بڵێ دەمەوێ سەربەخۆ ببم تووشی دابڕین ببێ، ئەوا کەیفی خۆیانە، بەڵام من وای نابینم، ڕەنگە چەند ڕۆژێک کاردانەوەی بە زمان توند ببینین، بەڵام دواتر دادەمرکێ، لە کاتی فیدرالیش لەوەی ئێستا خراپتر بوو، بەڵام ئەنجام بووە ئەمری واقیع. ئەم دونیایەی ئێمە لەم چەند ساڵە بەرگە دەگرین و پەیوەندیمان ھەیە، ھەموویان مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیع دەکەن، خۆت ھیچ نەبیت یان ھەبیت و داوای مافی خۆت نەکەی، کەس حیسابت بۆ ناکات، پێموایە بە ئەنجامدا مامەڵە لەگەڵ ئەو میللەتە دەکەن، چۆن نایکەن.

داوا لە ھەموو دۆستان و ھەموو لایەک دەکەم، شەڕی شکاندنی ئیرادەمان لەگەڵدا نەکەن، ھەرچی دەکەن بیکەن، چونکە لەوەدا ئێمە ناشکێین.

نەمزانیوە ئێران ئاسمانی خۆی بەستبێت، ئەگەر وایکردبێ، کەیفی خۆیەتی، خۆی بڕیاری خۆی داوە. ڕاستە ئەمڕۆ ھەندێک شوێنی لە سنووری سەرەوە لە ناوچەی قەزاکانی سۆران و چۆمان کردووە، گوایە بارەگای ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لەو شوێنانە ھەبووە، ڕاستە جەنەرال قاسم سولەیمانی لێرە بوو و منیش بینیم، با بزانین دوای ٢٦ی ئەیلول کام دەوڵەت زۆر دژمان دەبێ و کێ پشتیوانیمان دەکا و کێ نیمچە پشتیوانیمان دەکات، ئێمە چاوەڕوانین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەی لە ھەندێکمان بیستووە و لە ڕاگەیاندن گوێمان لێ دەبێ، وەکوو یەک نییە، با بزانین چۆن دەبێت.

زۆرینەی ڕەھای پارتە کوردستانییەکان ڕێککەوتون لەسەر بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، نازانم لایەنەکانی دیکە کە ئاماژەتان بۆ کرد، پێموایە خەڵکی کوردستان بڕیارەکەیان لە پارتەکان تێپەڕاندووە و ڕێی خۆی گرتووە، بڕیار بڕیاری گەلی کوردستانە، ھەڵەی مەزن ئەوەیە کە ئێمە دواکەوتووین، دەبووایە لە ٢٠٠٣ و دوای ئەنفال و کیمیاوی و کۆمەڵکوژی نەگەڕابایناوە، بەڵام بە نیازێکی پاک و بە ئامانجی پاراستنی یەکێتیی عێراق گەڕاینەوە، بەڵام گوێیان لێمان نەگرت و گرنگییان پێ نەداین.

تەماشای ڕێژەکانی دەنگدان بکەن لە ڕیفراندۆمدا، ڕێژەی پاڵپشتی ڕیفراندۆمن و ئەوانەشی کە دژین، ئەوانەی دژی ڕیفراندۆم وەستاونەتەوە وەک دڵۆپێکن لە دەریایەک.

* لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بەڕێزت ھەڵسەنگاندت چییە بۆ ئەگەری ڕوودانی ناکۆکی لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی؟
ئەلعەرەبییە: سڵاو جەنابی سەرۆک، بیستمان کە دوای ڕیفراندۆم دانوستان دەکەن، ئایا ئەو خاڵانە چین کە دانوستانی لەبارەوە دەکەن؟ بەتایبەتی کەمێک لەمەوبەریش عەبادی ھەڕەشەی کردووە؟

* بەڕێز کاک مەسعود بارزانی، لەبارەی ئەوەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان بە تەواوی ئەنجام دەدرێ، بەڵام دەنگۆی ھێرشکردنە سەر کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئایا تاچەند دڵنیایی دەدەن؟

پرسیاری یەکەم، من گوتم ڕێنماییمان داوە و ئاگاداری ھەموو ھێزەکان دراوە کە بەھیچ شێوەیەک وەڵامی ئیستفزاز نەدەنەوە و کەس ئیستفزاز نەکەن، ئاسایشی کەرکووک بپارێزن، ئەوەی بیەوێ دەنگ دەدا و ئەوەیشی نەیەوێ بایکۆت دەکات، وەک ھەندێک تورکمان و عەرەب، بەڵام تورکمان و عەرەبیش ھەیە دەنگ دەدا، بەڵام ئەگەر کەس و لایەنێک بیەوێ ئاژاوە دروست بکات، وەڵامی خۆی وەردەگرێ، تاوان نییە خەڵکێک بێت دەنگی خۆی بدات.

لەبارەی ئەوەی لەسەر چی دانوستان دەکەین، لەسەر چەند خاڵێک دەبێ، وەک سنوور، نەوت و گاز و ئاو، خاک، پەیوەندیی داھاتووی ئەو یەک دوو ساڵەمان، بەڵام زۆر بەڕوونی دانوستان لەسەر ئەوە نابێ کە بۆ ھاوبەشییەکی شکستخواردوو نییە.

تائێستا گوێبیستی قسەکانی عەبادی نەبووم، بەڵام دووپاتی دەکەمەوە کە ڕێز لە عەبادی دەگرین و وەک برا و ھاوڕێیەک تەماشای دەکەین، ئەگەر ھێرشمان بکاتە سەر، ئێمە ھێرشی ناکەینە سەر.

ئەوەی کەرکووک زۆر قسە و ھەڕەشە دەکرێ، بەڵام ھەرچی قسە کرا، مانای کردار نییە، بۆ ئاسانە ھێرشی ئەو ناوچانە بکەن، دەزانی چەند پێشمەرگە لەو ھێڵانە ھەیە؟ لە بەرژەوەندیی کێشە شەرێکی دیکە لەو ناوچەیە بێت، ئومێدەوارین نەگاتە ئەوە، ئەگینا پاشان دونیایەکی دیکە دەبێ.

* دەڵێن گفتوگۆیەکی کراوە دەکەن، بەڵام ھیچ ئاماژەیەک لە بەغداوە لەسەر ئەو گفتوگۆیە نییە، لە چ حاڵەتێکدا ئێوە تاکلایەنە سەربەخۆیی ڕادەگەینن؟

* بەڕێز جەنابی سەرۆک، ڕیفراندۆم کە سبەی ئەنجام دەدرێ، ئێوە دوای ڕیفراندۆم دانوستان ئەنجام دەدەن، پێتانوایە بەغدا داواکاریی ئێوە جێبەجێ دەکات؟ یاخود داواکارییەکانتان جێبەجێ ناکرێت؟ ئەگەر بەغدا نەرمی نیشان بدات، پێتانوایە پرسی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ناکرێت و دوادەکەوێت؟

* پێشتر سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەیگوت ئەو سنوورانەی بە خوێنی پێشمەرگە ڕزگار کراون، بەجێھێشتنی مەحاڵە، ئایا ئامادەن لەسەر ئەو سنوورانە جارێکی دیکە گفتوگۆ بکەنەوە؟

مێژووی ئێمە لەگەڵ بەغدا ھەوراز و نشێویی زۆری دیوە، سەردەمێک بەغدا دەیگوت ئەوانە ڕێگرن و عەسابەنە، بەڵام دانوستانی کرد، دواتر ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژی کردین و دەیانگوت دەبێ لەسێدارە بدرێن، دواتر پێشوازییان لێکردین. ئێمە دەرگای گفتوگۆ داناخەین و حەز دەکەین بەغدا دەرگا دانەخات، ئەگەر بڕیاریشیان ئەوەبێ کە بەھیچ شێوەیەک گفتوگۆمان لەگەڵ نەکات، مانای وایە شەراکەتیان قەبوڵ نییە، ئەوکاتە ھەرکەس لە ماڵی خۆی.

ئێستا کاتەکە زۆر درەنگ کەوتووە، بەغدا چی جێبەجێ دەکات، من گوتم بۆ ئەزموونێکی شکستخواردوو ناگەڕێینەوە، چواردە ساڵ چاوەڕێمان کرد بەغدا دەستوور جێبەجێ بکات، بەڵام ئەو دەستوورەش مافی ڕیفراندۆممان پێ دەدات، دەستوور دەڵێ پابەندبوون بەو دەستوورە، یەکێتیی ئارەزوومەندانەی عێراق دەپارێزێت. گفتوگۆیەکی دوور و درێژ کرا لەسەر ئەوەی ئەم خاڵە بگۆڕن، بەڵام لەسەر ئەوە ڕێککەوتین و ئامانجمان بوو جۆرە وشەیەک لەو دەستوورە ھەبێت کە یەکێتیی ئارەزوومەندانەی عێراق بپارێزرێت، دەمانزانی ڕووبەڕووی ئەو دۆخە دەبینەوە و دەگەینە ئەو قۆناغە. ئێستا دانوستان لەسەر ئەوەیە چۆن ببینە ھاوسێ.

لەم شەڕەدا لەگەڵ داعش، زۆر لەو شوێنانەی کەوتنە دەست داعش، ھێزەکانی سوپای مالیکی ڕایانکرد و ناوچەکەیان جێھێشت، پێشمەرگە گرتییەوە بە خوێن، بڕیار لە چارەنووسیان نادەین، خەڵکی ئەوێ خۆیان بڕیار لە چارەنووسیان دەدەن. ئەو سنوورانە لە ڕووی مێژوو و جوگرافیاوە سنووری کوردستانن، بەڵام خەڵکی ئەو ناوچانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن، چونکە ئەم ڕیفراندۆمە بۆ دیاریکردنی ئەو سنوورانە نییە. زۆر لەو سنوورانە تێکەڵ و پێکەڵە، ئێمە دەبێ لەگەڵ بەغدا بە ئەنجام بگەین.

ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان / سامان زاهیر