یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان:125 هه‌زار كه‌س خانوویان له‌ توركیا كڕیوه‌

بەپێی ئامارێكی یەكێتی وەبەرهێنەران كوردستان بە هەزاران خەڵكی كوردستاو عێراق خانو موڵكیان لە توركیا كڕیووە. بەرپرسێكی یەكێتیەكەش ئاشكرای دەكات چۆن 18 ملیار دۆلا

ئا: شوان بەرزنجی

بەپێی ئامارێكی یەكێتی وەبەرهێنەران كوردستان بە هەزاران خەڵكی كوردستاو  عێراق خانو موڵكیان لە توركیا كڕیووە. بەرپرسێكی یەكێتیەكەش ئاشكرای دەكات چۆن 18 ملیار دۆلار لەم رێگەیەوە چۆتە دەرەوە.

 مەلا یاسین مەحمود گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، ڕاى گەیاند بەهۆی هەندێك سیاسەتی  تایبەت  بە خانووبەرە  وای كردووە خەڵكی عەرەب و بیانی یەكەی نیشتەجێ لە هەرێمی كوردستان نەكڕن، گوتی: توركیا ئەو هەله‌ی  قۆستەوە و چەند بڕیار و یاسایەكی گرنگی دەركرد  بۆ هاندانی خەڵكی بیانی بۆ كڕینی یەكەی نیشتەجێ لەم وڵاتە بۆیە خەڵكی عەرەبی عێراق و بەشێك لە هاوڵاتی كوردستان لە توركیا خانوو یەكەی نیشتەجێیان دروست كردووە.

ئاماژەشی بەوەدا بە داتا بە عێراق و هەرێمی كوردستان 125 هەزار كەس یەكەی نیشتەجێبونیان كڕیووە، گوتیشی: ئەو 125 هەزار خانووەی كڕدراوە لە توركیا وای كردووە 18 ملیار دۆلاری كوردستان و عێراق بچێتە توركیا.

kurdistan_iraq_map1.jpg

بەگوێرەی ئاماری  ناوەندی راگەیاندنی فەرمی تورکیا؛ لەکۆی هەر پێنج یەکەیەکی نیشتەجێبوون کە لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا فرۆشراون، یەکێکیان لەلایەن هاووڵاتیانی عێراقەوە کڕدراوە.

بەپێی ئامارەکارەكە، فرۆشتنی خانوو بە کەسانی بیانی لە تورکیا لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2017، بەراود بە سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2016 بە رێژەی 8% کەمیکردووە.

مەلا یاسین جەخت دەكاتەوە تاپۆنەكردنی یەكەی نیشتەجێ بەسەر عەرەبەكان لە كوردستان هۆكارە بۆ ئەوەی كە ئەوان لە توركیا خانوو بكڕن، گوتیشی: ساڵانێكە داوا دەكەین ئەگەر كەسێك كێشەی ئەمنی نەبوو ئەوە خانوو یەكەی نتیشتەجێبوونی لەسەر تاپۆ بكرێت چونكە ئەوە قازانج و سودی دارایی زۆری هەیە و پارەیەكی زۆر بۆ كوردستان دەهێنێت.

حاكم  لوقمان ئەحمەد بەرێوەبەری  گشتی تۆماركردنی خانووبەرەی هەرێمی كوردستان(تاپۆ) راى گەیاند هەر عەرەبێكی عێراقی رەزامەندی داموو دەزگاكانی ئاسایشی هەبێت خانووی بە ناو دەكرێت گوتی: لە هەولێر و سلێمانی بە رەزامەندی لایەنی ئەمنی و ئاسایش خانوو بۆ خەڵكی عەرەب تاپۆكراوە، ئەوەش پێوەندی بە تەقدیری  ئاسایشە كە ئەو كەسە لە لایەنی ئەمنی مەقبولە بۆ نمونە پزیشكێكە یان  مامۆستایەكی زانكۆ كوردستان پێویستی پێی هەیە، پاش ئەوە مامەڵەكەی بۆ دەكرێت.

jsr-albwsfwr.jpg

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی  لە كۆتایی مانگی نیسانی 2017  ئامارێكی دەزگای ئاماری  وڵاتەكەی ئاشكرای كرد كەوا عێراقیەكان لە ریزبەندی یەكەمی كڕیارانی خانووبەری توركیا دێن كە لە ساڵی 2017 نزیكی 9 هەزار خانوو و موڵكیان كڕیووە.

گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران جەخت دەكاتەوە توركیا دەیەوێت لە رێگەی رەگەزنامە بە خەڵكی عێراقی و بیانی دەیەوێت خانوو و یەكەی نیشتەجێ لەسەر ئەو كەسانە تاپۆ بكات، گوتی: بەپێی بڕیارەكە هەركەسێك بایی یەك ملیۆن دۆلار موڵك بكرێت و تاوەكو 3 ساڵ نەیفرۆشێت ئەوە رەگەزنامەی توركی پێ دەدرێت، 5 هەزار كەسی عێراقی و كوردستان ناوی خۆیان نوسیووە بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بیانگرێتەوە، ئەو 5 هەزار كەسە بە تەنها دەگاتە 5 ملیار دۆلار ئەوەش زیانە بۆ كوردستان و دەبێت پێداچوونەوە بە بڕیاری تاپۆكرن بكرێت.

shuqe.jpg

هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان داوای كردووە ئاسانكاری بكرێت بۆ تاپۆكردنی موڵك بەسەر خەڵك عەرەب بەو مەرجەی داموو دەزگا ئەمنیەكانیش هەڵسن بە ئەركەكانی خۆیان بۆ ئەوەی كێشەی ئەمنی دروست نەبێت.

مه‌لایاسین مەحمود داوا دەكات بڕیاری باش دەربكرێت بۆ ئەوەی وا بكرێت جوڵە بە كەرتی خانووبەرەی كوردستان بخرێتەوە و سەرمایەی  كوردستان نەچێتە دەرەوە، گوتیشی: سەردەمێک وڵاتانی جیهان و کۆمپانیاکانیان رەکابەرییان لەسەر ئەوە دەکرد کامەیان زووتر بگەنە کوردستان و وەبەرهێنان لە پڕۆژەیەکی تایبەتیدا بکەن کەچی ئێستە وەبەرهێنەرانی خۆماڵی خەریکن سەرمایەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەبەنە دەرەوە و ئەمەش ئەگەر رێگەی لێنەگیرێت یان لە ناوخۆ دەرفەتی نوێی کارکردنیان بۆ نەیەتە کایەوە ئەوا بە زیان دەشکێتەوە.