یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران: باشترین وه‌ڵامدانه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق یه‌كریزی گه‌لی كوردستانه‌

یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت

یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت، په‌رله‌مانی عێراق، بێ ئه‌وه‌ی پشت به‌ هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌ستووری یاسایی ببه‌ستێ، بڕیاری ره‌تكردنه‌وه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی داوه‌.

یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكیدا ده‌ڵێ، په‌رله‌مانی عێراق له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی گوماناویدا بێ ئه‌وه‌ی فڕاكسیۆنی كوردستانییه‌كان ئاگاربكرێنه‌وه‌، به‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه‌، كه‌ تیایدا به‌ پلانێكی دروستكراو بابه‌تێكیان خسته‌ نێو به‌رنامه‌ی كاری ئه‌و رۆژه‌و ئه‌ویش بریتی بوو له‌ بابه‌تی ریفراندۆمی باشووری كوردستان، كه‌ تێیدا بڕیاری ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م ریفراندۆمه‌یان دا ، بێ ئه‌وه‌ی پشت به‌ هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌ستووری یاسایی ببه‌سترێت.

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستاندا هاتووه‌ ، بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و باشترین وه‌ڵامدانه‌وه‌ بۆ ئه‌م بڕیاره‌ ناشایسته‌یه‌، یه‌كریزی گه‌لی كوردستان و وه‌ڵامی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستانه‌.