باج له‌ سه‌ر ته‌ماته‌ زیاد ده‌كرێت

بڕیاری زیادكردنی باجی له‌سه‌ر هاورده‌كردنی ته‌ماته‌ی ئێرانی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری زیادكردنی باجی له‌سه‌ر هاورده‌كردنی ته‌ماته‌ی ئێرانی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ ئاسانكاریی بۆ به‌رهه‌می ته‌ماته‌ی خۆماڵی. 

عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو رایگه‌یاند: جوتیارانی سنووری شارۆچكه‌ی پێنجوێن و ده‌وروبه‌ری، ئێستا به‌رهه‌مێكی زۆری ته‌ماته‌یان پێگه‌یشتووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌رێی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی باشماخه‌وه‌، رۆژانه‌ ته‌ماته‌یه‌كی زۆری ئێرانی هاورده‌ ده‌كرێت كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌و سنووره‌وه‌، به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌ك پێویست پاره‌ ناكات، ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوی نیگه‌رانی كردوون.

هه‌روه‌ها گوتی، ئه‌مڕۆ به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری جووتیارانی پێنجوێن و دوو په‌رله‌مانتاری نوێنه‌ری پێنجوێن كه‌ له‌ لیژنه‌ی كشتوكاڵی په‌رله‌مانی كوردستانن كۆبوونه‌وه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان و جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری زیادكردنی باجی گومرگی سه‌ر هاورده‌ی ته‌ماته‌ی ئێرانییان دا، ئاماژه‌یدا، به‌پێی بڕیاره‌كه‌ بڕی باجی گومرگی سه‌ر ته‌ماته‌ی ئێرانی له‌ 250 دیناره‌وه‌ كرایه‌ 350 دینار بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك و دواتریش له‌ ته‌واوی مه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تی و فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم كاری پێده‌كرێت. 

به‌ڕێوه‌به‌ری پلاندانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ڕاگه‌یاند، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بۆ پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆ، بڕیاری داوه‌ هه‌ر به‌رهه‌مێكی ناوخۆی زیاد بێت ئه‌وا باج بخاته‌ سه‌ر به‌رهه‌می هاورده‌كراو، گوتیشی: ئه‌و ڕێككاره‌ به‌مه‌به‌ستی ساخكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می جوتیارانی ناوخۆییه‌.