یانەی هەڵەبجە نازناوى پاڵەوانێتی باسكەی كچانی یانەكانی عیراقى دەستەبەركرد

هەڵەبجە نازناوى پاڵەوانێتی باسكەی كچانی عیراقى دەستەبەركرد

پاڵەوانێتی باسكەی كچانی یانەكانی عیراق كۆتایی هاتوو یانەی هەڵەبجەش نازناوەكەیان دەستەبەركرد.

لەشاری سلێمانی و لەماوەی پێنج رۆژداو بە بەشداری حەوت یانە، پاڵەوانێتی باسكەی كچانی یانەكانی عیراق بەرێوەچوو.

پاڵەوانێتییەكە بەبەشداری حەوت یانە كەبەسەر دوو كۆمەڵەدا دابەش كرابوون ئەنجامدراو شەش یانەی بەشدار بووی پاڵەوانێتیەكەش لەهەرێمی كوردستان بوون.

لەیاریی كۆتایی پاڵەوانێتیەكەدا هەردوو یانەی سەنحاریب و هەڵەبجە رووبەڕووی یەكتر بوونەوە.

لەیارییەكەدا یاریزانانی یانەی سەنحاریب بەبەهێزی دەركەوتن و هەر سێ چارەكی یەكەم و دووەم و سێیەمیان بەسودی خۆیان كۆتایی پێهێنا.

لەچارەكی چوارەمی یارییەكەدا كچە یاریزانەكانی هەڵەبجە شۆڕشیان بەرپا كردوو ئەنجامەكەیان یەكسان كردەوەو كاتی یاسایی یارییەكەش  بەئەنجامی (43-43) بۆ هەردوولا كۆتایی هات.

دواتر پێنج خولەكی تر بۆ یارییەكە زیادكراو یاریزانانی یانەی هەڵەبجەش باڵادەستی خۆیان سەپاندو لەكۆتایشدا بەئەنجامی (55-48) خاڵ یارییەكەیان لەبەرژەوەندی خۆیان كۆتایی پێهێنا.

بەو ئەنجامە كچانی یانەی هەڵەبجە كە زۆرینەی یاریزانەكانی كچە یاریزانەكانی پێشووی یانەكانی سیروانی نوێ و سلێمانین نازناوەكەیان دەستەبەركردو بوونە پاڵەوانی عیراق.

كوردستان TV/ رفعت مزورى