له‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌كدا ئه‌فسه‌رێكی سوپای ئێران كوژرا

له‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌كدا ئه‌فسه‌رێكی سوپای ئێران كوژرا

فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئینتزامی له‌ سیستان و به‌لوچستانی ئێران رایگه‌یاند له‌ روبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌كی هێزه‌كانیان له‌گه‌ڵ چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو ئه‌فسه‌رێكی سه‌ر به‌ هێزه‌كانیان كوژراوه‌ و یه‌كی دیكه‌ش بریندار بووه‌. 

محه‌مه‌د قه‌نبه‌ری فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئینتزامی له‌ سیستان و به‌لوچستان به‌ ئاژانسی فه‌رمی ئیرنای ئێرانی رایگه‌یاند سه‌رله‌ به‌یانی ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ و دوای رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی تیمێك له‌ هێزه‌كانی ئینتیزامی له‌گه‌ڵ چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو له‌ ناو سه‌نته‌ری شاری ئیرانشار له‌ پارێزگای سیستان و به‌لوچستان ئه‌فسه‌رێكی سه‌ر به‌ هێزه‌كانی ئینتیزامی كوژراوه‌ و یه‌كی دیكه‌ش بریندار بووه‌. 

تا ئێستا ناسنامه‌ی ته‌قه‌كه‌ره‌كان دیار نیه‌ به‌ڵام پۆلیس سێ كه‌سی به‌ تۆمه‌ته‌ ده‌ستگیركردووه‌. 

جێی ئاماژه‌یه‌ ناوه‌ ناوه‌ پێكدادان له‌ نێوان هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران و پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی دژبه‌ری ئێران له‌و ناوچه‌یه‌ روو ده‌دات. 

پارێزگای سیستان و به‌لوچستان ده‌كه‌وێتـه‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئێران و زۆرینه‌ی دانیشتووانی ئه‌و پارێزگایه‌ سوونه‌ مه‌زهه‌بن. 

ئاستی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری له‌ ناوچه‌یه‌ له‌ ئاستێكی زۆر نزمدایه‌ و ته‌نانه‌ت تا ئێستا به‌شێكی زۆری دانیشتوانی ده‌وروبه‌ری شاره‌كانی ئه‌و سنووره‌ له‌ بوونی ناسنامه‌ بێبه‌شن.