حه‌شدی شه‌عبی ٦٤٣ هاووڵاتی شارۆچكه‌ی سه‌قڵاوییه‌ی بێسه‌روشوێن كردووه‌

چاره‌نووسیان نادیاره‌

رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند، ھێشتا ٦٤٣ ھاووڵاتی عێراقی كه‌ له‌ نێویاندا منداڵ ھه‌یه‌ و له‌ مانگی حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠١٦وه‌ له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ رفێندراون بێسه‌روشوێنن و چاره‌نووسیان نادیاره‌.

به‌پێی راپۆرتێك كه‌ رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی بڵاویكرده‌وه‌ ئه‌و ٦٤٣ كه‌سه‌، دانیشتوی شارۆچكه‌ی سه‌قڵاوییه‌ی سه‌ربه‌ پارێزگای ئه‌نبارن و له‌ میانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری فه‌لـلوجه‌ و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری له‌ حوه‌زیرانی ساڵی ٢٠١٦ له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ رفێندراون كه‌ تا ئێستا بێ سه‌روشوێنن و چاره‌نووسیان نادیاره‌.

رێكخراوه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ كه‌سوكاری ئه‌و رفێندراوانه‌ دڵنیا نیین له‌وه‌ی كه‌ تاوكو ئێستا ئه‌و رفێندراوانه‌ له‌ ژیاندا مابن.

كه‌سوكاری رفێندراوه‌كان به‌ رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیان رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ پیاو، ئافره‌ت و منداڵ له‌ سێی حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠١٦وه‌ له‌ ناوچه‌ی سه‌قڵاوییه‌ له‌ ترسی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان ھێزه‌ عێراقییه‌كان و داعش ماڵوحاڵی خۆیان جێھێشبوو و ھه‌ڵاتبوون، به‌ڵام دواتر له‌ لایه‌ن گرووپێكی چه‌كداری سه‌ربه‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستبه‌سه‌ركراون و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار براون.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كه‌، ئافره‌ت و منداڵه‌كانی له‌ پیاو و به‌ساڵاچووان جیاكردووه‌ته‌وه‌ به‌ تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان بۆ شه‌ڕكردن گونجاوبوو.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ھاتووه‌ كه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كه‌، پیاو به‌ ساڵاچووه‌كانی به‌ره‌و شوێنێكی نادیار بردووه‌، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌، ناسنامه‌ و موبایله‌كاندا گرتبوو.

رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ به‌شێك له‌و ٦٤٣ ده‌ستبه‌سه‌ركراوانه‌ به‌ پاس بۆ شوێنێكی دیكه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ھێشتا بێ سه‌روشوێنن و چاره‌نووسیان نادیاره‌، پیاوه‌كانیش به‌ شێوه‌ی گرووپ به‌ شه‌و بۆ شوێنێكی دیكه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی توند دراون و له‌ خورادن و خواردنه‌وه‌ بێ به‌ش كراون.

رێكخراوه‌كه‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ حكوومه‌تی عێراق له‌ پێنجی حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠١٦، لیژنه‌یه‌كی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ھه‌ڵمه‌تی رفاندن و ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كه‌ له‌ میانی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی فه‌لـلوجه‌ ئه‌نجامدرابوون، پێكھێنابوو، به‌ڵام ھیچ ئه‌نجامێك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.

رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی راشیگه‌یاندووه‌ "پێشتر بۆ چه‌ند جارێك داوای له‌ به‌رپرسانی عێراق كردووه‌ كه‌ چاره‌نووسی ئه‌و رفێندراوانه‌ ئاشكرا بكه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامی داواكه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌".