قاسم سولێمانی دانوستان له‌گه‌ل به‌رپرسانى عێراق ده‌كات بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت

سولێمانی له‌به‌غدايه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق سه‌رقاڵی دانوستانه

ئاژانسی "رۆیته‌رز" له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ئێستای قاسم سولێمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به‌ سوپای پاسداری ئێران بۆ عێراق ده‌كات، وه‌ك ئه‌و ئاژانسه‌ له‌ دوو سه‌رچاوه‌ی ئاگادار گواستۆته‌وه‌، قاسم سولێمانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق ده‌ستی به‌ دانوستان و گفتوگۆ كردووه‌، بۆئه‌وه‌ی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ پێكبهێنرێت، كه‌ له‌لایه‌ن تارانه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت.

به‌گوێره‌ی رۆیته‌رز، قاسم سولێمانی له‌ رۆژی شه‌ممه‌ی رابردووه‌وه‌ سه‌ردانی عێراقی كردووه,‌ كه‌ رۆژی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان بوو و، تائێستاش له‌به‌غدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق سه‌رقاڵی گفتوگۆ و دانوستانه‌.

رۆیته‌رز نووسیویه‌تی، ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و سه‌ركه‌وتنی سه‌در سوپرایزێكی كتوپڕ بوو بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی پشتگیری له‌ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ده‌كه‌ن، كه‌ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئێران ره‌تده‌كاته‌وه‌ و، به‌ به‌رنامه‌یه‌كی نیشتیمانییه‌وه‌ چووه‌ته‌ ناو هه‌ڵبژاردنه‌كان و سوودی له‌و بێزاریه‌ی رای گشتی عێراقی وه‌رگرتووه‌، كه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی باڵی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا كێشاوه‌.

یه‌كێك له‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ رۆڵی نێوه‌ندگیری له‌نێوان سه‌در و لایه‌نه‌كانی دیكه‌دا ده‌گێڕێت، به‌ رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌، سلێمانی له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كانیان ده‌ستی به‌ دانوستان كردووه‌، به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌كی شیعه‌ و ره‌وانه‌كردنی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات، كه‌ له‌داهاتوودا سه‌رپێچی خواستی تاران نه‌كات.

وه‌ك له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردن كه‌ بڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا ئاشكرا بكرێن، ده‌ست به‌ گفتوگۆكانی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ن.