حكوومه‌ت دوو بڕیاری گرنگ بۆ مووچه‌ خۆران جێبه‌جێ ده‌كات

پڕۆفایل بۆ ملیۆنێك و 200 هه‌زار مووچه‌خۆر كراوه‌ته‌وه‌

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێ، به‌م نزیكانه‌ سیسته‌می مووچه‌ و لیستی مووچه‌ به‌ ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێت.

هیوا فه‌رزنده‌ ئه‌فه‌ندی ، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیاو زانیاری له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی راگه‌یاند: هه‌ر مووچه‌خۆرێك ئێستا پێناسه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی بۆ دروستكراوه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: پڕۆفایلمان بۆ ملیۆنێك و 200 هه‌زار مووچه‌خۆر كردووه‌، هه‌ر یه‌كه‌و له‌ سیسته‌مێكی مه‌ركه‌زی داندراوه‌ و پڕۆسه‌كه‌ش ته‌واو بووه‌.

ئه‌فه‌ندی روونیشكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی حكوومه‌ت یان سه‌رۆك وه‌زیران بیانه‌وێت زانیاری له‌سه‌ر مووچه‌خۆرێك بزانن به‌ چه‌ند چركه‌یه‌ك زانیاریه‌كان ده‌خرێته‌ سه‌ر شاشه‌.

گوتیشی: تاوه‌كو ئێستا زیاتر له‌ ملیۆنێك و 206  هه‌زار فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆر له‌ سیسته‌می تۆماری بایۆمه‌تری تۆماركراون و سیسته‌مه‌كه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاركردن.

سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌كه‌ ئاشكرای كرد،  كه‌ دوای ئه‌و قۆناخه‌ له‌ قۆناخی دووه‌م ده‌یانه‌وێت ئه‌و سیسته‌مه‌ ببه‌ستنه‌وه‌ به‌ گه‌نجیه‌كان و گوتیشی: له‌و قۆناخه‌ ده‌مانه‌وێت ژمێریاری ئه‌لیكترۆنی دروست بكه‌ین بۆ گه‌نجینه‌كان پێویست به‌ سیسته‌می كۆن و لیستی موچه‌ ناكات به‌ڵكو هه‌موویان ده‌خرێنه‌ نێو سیسته‌مێكی مه‌ركه‌زی و لیستی مووچه‌ به‌ ئه‌لیكترۆنی ده‌بێت.

هه‌روه‌ها جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و كاره‌ی ئه‌وان خزمه‌تگوزاریه‌كی ئه‌لیكترۆنیه‌ و بۆ وه‌زاره‌تی دارایی دابینی ده‌كه‌ن.

سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیاو زانیاری گوتیشی: ئه‌و سیسته‌مانه‌ به‌رنامه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای داتای بایۆمه‌تری هاتوون، په‌نجه‌ره‌ی تایبه‌تی ئه‌لیكترۆنی بۆ یه‌كه‌ی ژمێریاری هه‌ر وه‌زاره‌تێك ده‌كه‌ینه‌وه‌ ،بۆیه‌ دوای ئه‌وه‌ به‌ قه‌ڵه‌م و لیست و وه‌ره‌قه‌ ئیش ناكه‌ین و هه‌مووی ئه‌لیكترۆنی ده‌بێت، كاتێك فه‌رمانگه‌یه‌ك لیستێكی ته‌واو كردووه‌ له‌ هه‌مان كاتدا له‌ گه‌نجینه‌ش ئه‌و لیسته‌ بوونی ده‌بێت و به‌رده‌وامیش گۆڕانكاریه‌كان ئه‌پدێد ده‌بنه‌وه‌.

هیوا فه‌رزنده‌ ، ده‌شڵێت: ده‌تواندرێت بۆ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك حیسابێكی ئه‌لیكترۆنی بكرێته‌وه‌، بۆنموونه‌ فه‌رمانبه‌رێك حه‌واڵه‌ی هه‌بێت له‌ گه‌ڵ  كۆمپانیاكانی مۆبایل یان بانكه‌كان له‌ ناوخۆ بێت یان له‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ ده‌توانێت مووچه‌كه‌ی راسته‌وخۆ بگوازێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و حیسابه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌.

ئاماده‌كردنی/ شوان به‌رزنجی