درزی چینی ئۆزۆن به‌ره‌و بچووك بوونه‌وه‌ ده‌ڕوات

ئومێدێكی نوێی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ بۆ هاوسه‌نگ بوونه‌وه‌ی ژینگه‌ و كه‌شوهه‌وای هه‌ساره‌كان

به‌ گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نوێ، ئه‌و درزه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ چینی ئۆزۆندا دروست بووه‌، له‌ ساڵه‌كانی 2016 و 2017 بچووكتر بووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش ئومێدێكی نوێی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ بۆ هاوسه‌نگ بوونه‌وه‌ی ژینگه‌ و كه‌شوهه‌وای هه‌ساره‌كان.

به‌ وته‌ی زانایان چینی ئۆزۆن له‌م دوو ساڵه‌دا به‌ هۆكاره‌ سرووشتییه‌كان و كارلێكی ره‌گه‌زه‌كانی گوی زه‌ویی بچوكتر بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش زانایان پێیانوایه‌ كه‌ چینی ئۆزۆن تا ساڵی 2070 به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ره‌وتی بچوك بوونه‌وه‌ و له‌و ساڵه‌دا به‌یه‌كجاریی درزه‌كه‌ پڕده‌بێته‌وه‌.

ئه‌و چینه‌ گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی هه‌یه‌ بۆ ژیانی مرۆڤ له‌سه‌ر گۆی زه‌ویی، چونكه‌ جیا له‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ ژینگه‌ی هه‌ساره‌كه‌مان، تیشكه‌ زیانبه‌خشه‌كانیش كه‌مده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆی شێرپه‌نجه‌ی جۆراوجۆر و زیانی زۆریش به‌ چاوی مرۆڤ و هه‌روه‌ها رووه‌كه‌كانیش ده‌گه‌یه‌نن.

زانایان یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 1985ـدا به‌ درز هه‌ڵگرتنی چینی ئۆزۆنیان زانیی و له‌وساوه‌ رێگه‌ی جۆراوجۆر تاقی و پێشنیار كراوه‌ بۆ نه‌هێشتنی.

سه‌رچاوه‌ / مێهر نیوز
مه‌سعود مه‌عروف / كوردستان تی ڤی