له‌ ئه‌گه‌ری ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا كورده‌كان ده‌ڕۆنه‌ پاڵ حكومه‌تی ئه‌م وڵاته‌

واشنتۆن له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا سه‌ركه‌وتنێكی مسۆگه‌ری به‌ده‌ستهێنا


به‌ شكستی داعش له‌ ره‌ققه‌ و ئازادیی ئه‌م شاره‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی دیموكراتی سووریا، واشنتۆن له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا سه‌ركه‌وتنێكی مسۆگه‌ری به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش چه‌ندین ده‌نگی ناكۆك و ره‌خنه‌گرانه‌ له‌ واشنتۆن به‌رزبووه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكا سیاسه‌تێكی توندوتۆڵی نییه‌ له‌ به‌رامبه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

ره‌خنه‌گران ده‌ڵێن ئه‌مریكا هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ شه‌ڕی دژی داعش چڕ كردووه‌ته‌وه‌ و ستراتیژییه‌كی راسته‌قینه‌ و به‌هێزی بۆ ناوچه‌كه‌ نییه‌. 

به‌گوێره‌ی رای به‌شێك له‌ شاره‌زایان، ئه‌و رێكاره‌ی كه‌ ئه‌مریكا له‌ ئێستادا گرتوویه‌تیه‌به‌ر  ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وی پێگه‌ و هه‌ژموونی خۆی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و روانگه‌یه‌ش، ده‌وترێت كه‌ دوای شكستی داعش له‌ ره‌ققه‌ ئه‌ركی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سووریا كۆتایی پێدێت و ئه‌مریكاش هێزه‌كانی له‌ چه‌ند مانگی داهاتوودا له‌م وڵاته‌ ده‌باته‌ ده‌ره‌وه‌.

به‌سسام عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژیی ئه‌مریكا پێیوایه‌ كه‌ ئه‌مریكا كورده‌كانی سووریا وه‌ك ئامرازێك بۆ مه‌به‌سته‌كانی خۆی به‌كارده‌هێنێت و دوای گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیشی پشتیان تێده‌كات.

هه‌روه‌ها به‌شێكی به‌رچاوی چاودێره‌ سیاسییه‌كان ده‌ڵێن له‌ ئه‌گه‌ری چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ سووریا، هێزه‌كانی دیموكراتی سووریا كه‌ زۆربه‌شیان كوردن، پێگه‌ و هێزیان لاواز ده‌بێت و ناچار ده‌بن بۆ پاراستنی خۆیان له‌ حكومه‌ته‌كانی سووریا و رووسیا نزیك ببنه‌وه‌. 

سه‌رچاوه‌ / ماڵپه‌ڕی رادیۆ فه‌ڕه‌نسا
مه‌سعود مه‌عروف / كوردستان تی ڤی