ده‌كرێت بزانم كێ سه‌ردانی پڕۆفایلی فه‌یسبووكه‌كه‌می كردووه‌ ؟

فه‌یسبووك خۆی هیچ ڕێگه‌یه‌كی فه‌رمی دانه‌ناوه‌

به‌كارهێنه‌رێكی زۆری تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌تایبه‌ت فه‌یسبووك، زۆر كات له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌ك ده‌گه‌ڕێن و پڕۆگرام و ئه‌پ و پێوه‌كراوی زۆر داده‌گرنه‌ سه‌ر ئامێره‌كانیان و جۆره‌ها ڕێگه‌ ده‌گرنه‌به‌ر تاوه‌كوو بزانن : ” كێ و چ كاتێك، سه‌ردانی پڕۆفایلی فه‌یسبووكه‌كه‌یان كراوه‌ و كێن ئه‌وانه‌ی ڕۆژانه‌ سه‌ردانی فه‌یسبووكه‌كه‌ی ده‌كه‌ن “.

به‌ڵام ئایه‌ هه‌موو ئه‌و ڕێگایانه‌ ده‌توانن به‌دروستی پێمان بڵێن و ده‌ستنیشانی ئه‌وكه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌ سه‌ردانی پڕۆفایله‌كانمان ده‌كه‌ن، ئه‌ی بۆچی تاكو ئێستا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن فه‌یسبووك به‌رده‌ست نه‌كراوه‌، له‌كاتێكدا به‌كارهێنه‌رێكی زۆری تۆڕه‌كه‌ خواستی هه‌یه‌ له‌به‌كارهێنانی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌.؟!

له‌ڕاستیدا، هیچ كام له‌و پڕۆگرام و پێوه‌كراوانه‌، دروست نین و ته‌واو ناتوانن ده‌ستنیشانی بكه‌ن و بزانن كێ سه‌ردانی پڕۆفایلی كێی كردووه‌، به‌ڵكوو هه‌ندێكیان ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی خودی پڕۆگرامه‌كه‌ خۆیدا ده‌توانن ده‌ستنیشانی بكه‌ن ئاخۆ كێ سه‌ردانی كام پڕۆفایله‌ی كردووه‌ ، واتا ده‌بێت ( ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت بزانێت كێ سه‌ردانی پڕۆفایله‌كه‌ی كردووه‌ + ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ ناو پرۆفایی یه‌كێكه‌وه‌) هه‌ردوولا هه‌مان پڕۆگرام و ئه‌پڵیكه‌یشن و پێوه‌كراوه‌كان به‌كار بهێنن.!

وه‌ ئه‌م پڕۆگرامانه‌ش به‌ گشتی بۆ مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر به‌كارهێنه‌ران و هاككردنی پاسوۆرد و ئیمه‌یڵی فه‌یسبووك یان ڕێكلام كردن یاخود بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤایره‌س و سیخوڕی كردن به‌سه‌ر مۆبایل و كۆمپیوته‌ره‌كان دروستكراون.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌، تاكوو ئێستا كۆمپانیای فه‌یسبووك ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی زیاد نه‌كردووه‌ ،  وه‌ دژی هه‌موو ئه‌و ئه‌پڵیكه‌یشن و پێوه‌كراوه‌نه‌ش ده‌وه‌ستێته‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌كارده‌هێنرێن، چونكه‌ له‌به‌شی پاراستنی زانیاری باری كه‌سێتی به‌كارهێنه‌رانیدا هاتووه‌ ده‌ڵێت: ” فه‌یسبووك به‌هیچ شێوه‌یه‌ك زانیارییه‌كانی به‌كارهێنه‌ر ئاشكرا ناكات” .

شایه‌نی باسه‌، له‌به‌شی ناوه‌ندی یارمه‌تیدانی فه‌یسبووك به‌وجۆره‌ی خواره‌وه‌ به‌ڕوونی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ دراوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت:

ده‌كرێت بزانم كێ سه‌یری پرۆفایله‌كه‌می كردووه‌ . ؟

نه‌خێر، فه‌یسبووك ڕێگه‌ به‌خه‌ڵكی نادات بزانن كێ سه‌ردانی پڕۆفایله‌كه‌یانی كردووه‌

ئه‌نجام:-

ناتوانی بزانی كێ سه‌ردانی پڕۆفایلی فه‌یسبووكه‌كه‌تی كردووه‌ و كۆمپانیای فه‌یسبووك خۆی هیچ ڕێگه‌یه‌كی فه‌رمی دانه‌ناوه‌.

به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پڕۆگرام و پێوه‌كراو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دامه‌به‌زێننه‌ سه‌ر مۆبایل و كۆمپیوته‌ره‌كانتان چونكه‌ سه‌لامه‌ت و دروست نین وه‌ به‌مه‌به‌ستی هاككردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤایره‌س و فایلی سیخوڕی و دزینی زانیاری به‌كارهێنه‌ران و ڕێكلام كردن دروست كراون.

سه‌رچاوه‌/ تێك ئای

 كوردستان تیڤی / كامه‌ران حاجی