|
وتووێژ له گه‌ڵ گورباچۆڤ |
|
|

|
kurdistantv@kurdistantv.net
04 تشرين الثاني, 2009
|
KTV ...
و: بێستوون كاكه‌یی ئه‌ورووپا خه‌ریكه خۆی ئاماده ده‌كا تا له بیسته‌مین ساڵرۆژی روخانی دیواری به‌رلین جه‌ژنی گه‌وره بگیرێ. میخایل گورباچۆڤ له‌مباره‌یه‌وه‌و هه‌روه‌ها سیاسه‌تی روسیا له گه‌ڵ رۆژنامه‌ی سویسی لۆتام وتووێژی كردوه.
گورباچوڤ دامه‌زرێنه‌ری رێكخراوی خاجی سه‌وزی جیهانیه كه ناوه‌نده‌كه‌ی له ژنێڤه‌و مه‌به‌ستی چالاكی مرۆڤدۆستانه‌یه له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا.
- رووخانی دیواری به‌رلین هاوكات بوو له گه‌ڵ رووخانی كومونیسم له ئه‌ورووپادا. كه‌مێك بۆ دواوه بگه‌رێینه‌وه، ئایا پێتوایه سیناریۆیه‌كیتر ده‌یتوانی بوونی هه‌بێ؟ - بیره‌وه‌ری رابردوو به ته‌واوی ورده‌كاریه‌كانیه‌وه، ئه‌سته‌مه بۆم، به‌ڵام ئه‌و رووداوه زۆر چاوه‌روان نه‌كراویش نه‌بوو. رووداو و گۆڕانی به‌رفراوان له‌و سه‌رده‌مه له ئه‌ورووپای رۆژهه‌ڵات خه‌ریكی روودان بوو. له جه‌نگی جیهانی دوه‌م ئاریشه‌یه‌كی گه‌وره مابوو، ئه‌ورووپای دابه‌شكراو كه زیاتر له هه‌موان كاریگه‌ری له سه‌ر ئا‌ڵمانیا دانابوو. بیرۆكه‌ی زۆر بۆ گۆران پێشكه‌ش كرا، دامه‌زراندنی یه‌ك دراو و له ئه‌نجامدا دروستكردنی دوو كونفدراسیۆن.
له دیسامبه‌ری ساڵی 1989 هانس مودرۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاڵمانیای رۆژهه‌ڵات له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فوونی پێی گوتم زۆرینه‌ی خه‌ڵك خوازیاری یه‌كگرتنه‌وه‌ی خێرای نێوان دوو ئاڵمانیان. له ساڵی 1990یش بینه‌ری شه‌پۆلی به‌رفراوانی خۆپێشاندان و رێپێوان بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی دوو ئا‌ڵمانیا بووین.
من پێموابوو ئه‌گه‌ر هاتوو دوو وڵاتی ئاڵمان یه‌كیان گرته‌وه پێویسته ئێمه وڵاتانی سه‌ركه‌وتووی جه‌نگی جیهانی دوه‌م له سیاسه‌ته‌كانماندا گۆڕان دروست بكه‌ین. رێبه‌رانی هیچكام له ولاته‌كان خوازیاری یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئاڵمان نه‌بوون و ته‌نیا ئاڵمانیه‌كان ده‌یانویست یه‌ك بگرنه‌وه. مارگرێت تاچێر نه‌یار بوو و فرانسوا میترانیش له‌وباره‌یه‌وه پێی وتم: " ئێمه ئه‌وه‌نده ئاڵمانیه‌كانمان خۆش ده‌وێ كه حه‌ز ده‌كه‌ین ئه‌وان دوو ئاڵمانیان هه‌بێت." به‌هه‌رحاڵ نه‌یاری نه‌كرد له گه‌ڵ یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئاڵمان به‌ڵام حه‌زی به یه‌كگرتنه‌وه‌كه نه‌ده‌كرد.
- پێشبركێی ناوكی تا چه‌نده له‌سه‌ر رووخانی سۆڤیه‌ت كاریگه‌ری هه‌بوو؟ ناكرێ وه‌ك فاكته‌ری سه‌ره‌كی ناوی ببه‌ین چونكوو كایه‌كه پێشتر ده‌ستی پێكردبوو. پێشبركێی ناوكی خه‌ساری فراوانی گه‌یانده هه‌ردوو لایه‌نی رووسی و ئه‌مریكی. هه‌ركامه‌یان نزیكه‌ی 10ملیار دولاریان خه‌رج كرد‌و هه‌ره‌شه‌ی جه‌نگی ناوكیش هه‌ر مابوو.
- له ئه‌مریكا بیرۆكه‌یه‌ك هه‌یه كه ده‌ڵێت خواستی دوناڵد ره‌یگان رووخانی كومونیسمی لێكه‌وته‌وه. له‌وباره‌یه‌وه چێ ده‌ڵێن؟ - ئیتر كه‌س وابیرناكاته‌وه. من چه‌ند مانگ پێش له مۆزه‌خانه‌ی ره‌یگان له ئه‌یاله‌تی ئیلینۆز دیدارم كرد. به كه‌مێك رامان بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ له‌و سه‌رده‌مه‌ی سۆڤیه‌تی جاران، به‌ده‌سه‌ڵاتوه‌رگرتنی ژماره‌یه‌ك رێبه‌ری لاو، گۆڕانی بنه‌ره‌تی روویدا، بێگومان به‌بێ ئه‌م گۆرانه، ره‌یگان توانای به‌رفراوانی نه‌بوه‌و دیواری به‌رلینیش نه‌ده‌رووخا. یه‌كێك له ئه‌وله‌ویه‌ته‌گرنگه‌كانمان له‌و كاته‌دا ئه‌وه‌بوو په‌یوه‌ندیمان له گه‌ڵ ئه‌مریكا باش بكه‌ین و تا راده‌یه‌كیش سه‌ركه‌وتوو بووین. ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی كه‌سه نزیكه‌كانی ره‌یگان پێیانوابوو چاكسازیه‌كانی گورباچۆڤ هه‌لی باشی بۆ ئه‌وان ره‌خساندوه. ره‌یگان ئه‌و كاته به شه‌رخوازی شه‌ری سارد به‌ناوبانگ بوو، بۆیه له خولی دوه‌می سه‌رۆكایه‌تی ره‌خنه‌ی زۆری كه‌وته‌سه‌ر، كه‌واته ئایا مێژوو وه‌ك شه‌رخوازێك ناوی ده‌با یان ئاشتیخوازێك؟
- شرۆڤه‌ی زۆر بۆ پرستروییكا هه‌یه، شرۆڤه‌ی به‌رێزتان چیه؟
ده‌توانین به‌مشێوه مانای بكه‌ینه‌وه: هه‌نگاونان به‌ره‌و دیموكراسی و ئابووری كراوه، ئازادی راگه‌یاندن و بیر‌ورا، په‌ره‌دان به په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ وڵاتان و ده‌بێ بیلێم هه‌موو ئه‌م ئامانجه‌مان پێكا.
- بیروراتان له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مرۆی رووسیا، دیمیتری مدۆدۆڤ و پوتین چیه؟ ئایا پێتانوانیه به‌سیاسه‌ته پاوانخوازه‌كانیان به‌ره‌و دواتان ده‌گه‌رێننه‌وه؟
له‌بیرمان نه‌چێت ئه‌وله‌ویه‌تی ئیستای حكومه‌ت هه‌وڵدانه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی سیاسه‌ته نه‌رێنیه‌كانی بوریس یه‌لتسین كه ره‌چاوی ده‌كرد. پیاوێك كه بۆ رۆژاوا نموونه‌ی هه‌رباشی دیموكراسی بوو. رۆژاوا پوتینی ناوێ كه گۆرانی زۆری له بنه‌ماكانی یه‌لتسین دروست كردوه. پوتین وڵاتی له‌ئاژاوه‌و بشێویی رزگار كرد و شكلێكی نوێی به‌خشیه رووسیا. هه‌ڵبه‌ت به یارمه‌تی خواوه‌ندو هه‌وڵه‌كانی پوتینیش بۆ خواوه‌ند جێی رێز بوو بۆیه نرخی نه‌وت به‌رز بۆوه‌و وڵاته‌كه‌مان توانی هه‌ناسه‌یه‌كی ئارام هه‌ڵبكێشێ. له كاتی ئه‌ودا وڵات سه‌قامگیری به‌رچاوی به‌خۆوه دی. كاتی ئه‌وه گه‌یشتوه دامه‌زراوه فێركاریه‌كانیش ره‌وتی دیكوكراتیزه بوون بپێون. به‌ڵام له‌بیرمان نه‌چێ ئێمه له قۆناخی هه‌نگاونانین بۆ دیموكراسی. له‌م رێیه‌دا كێشه‌ی زۆرمان له‌به‌رده‌مدایه.
- له‌باره‌ی دامه‌زراندنی حیزب له لایان ئێوه ده‌نگۆ هه‌یه. ئێمه پێویستمان به‌حیزبێكی به‌هێزو سه‌ربه‌خۆ هه‌یه كه بتوانێت ره‌خنه له حكومه‌ت و كاره‌كانی بگرێ، له‌بیری دامه‌زراندنی دام، به‌ڵام كێشه‌یه‌ك هه‌یه، من ئیستا 78ساڵمه.
- گورباچۆڤ بۆ رۆژاوا زۆر خۆشه‌ویسته، به‌ڵام بۆ رۆژهه‌ڵات وانیه، چۆن له گه‌ڵ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه خۆت ده‌گونجێنیت؟ پێشتر وابوو، به‌ڵام ئیستا وانیه. من كه‌سێكی ئازادم به بیرۆكه‌ی ئازاده‌وه. وه‌ك هاووڵاتیه‌كی روسیا چیم پێویسته؟ ده‌سه‌ڵات؟ نا، بۆ چه‌ندین ساڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌م هه‌بوو. له ئیستادا پێمخۆشه وه‌ك ره‌خنه‌گرو پشتیوانی لاوان ده‌ركه‌وم. سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی لوتام
|
|