- سەرەتا زۆر بەخێربێن بۆ ئەو دیدارە، زۆرجار وەكو كوردی ئێراق قسە دەربارەی ناسنامەتان كراوە، چ ناسنامەیەك بۆ خۆتان هەڵدەبژێرن و بە چ ناسنامەیەك خۆتان دەناسێنن؟ كورد یان كوردی ئێراق؟ یانیش هەردووكیان؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: زۆر سوپاس و منیش بەو دیدارە خۆشحاڵم، ئێمەی كوردی ئێراق ناسنامەی نەتەوەییمان كوردییە و ناسنامەی نیشتمیانیشمان ئێراقیە، ئێمە شانازی بە هەردوو ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیش دەكەین.
- ئەو ئێراقەی تیایدا دەژین دەتانەوێ بە چ شێوەیەك بێت؟.
سەرۆكی كوردستان: ئێراقێكی فیدراڵی دیموكراتی فرەلایەن و ئاشتیخوازمان دەوێ كە لەگەڵ خۆی و دەوروبەریشیدا لە ئاشتیدا بژی و نەبێتە هۆكار بۆ هیچ هەڕەشەیەك نە بۆ گەلەكەی و نە بۆ دراوسێیەكانی و خەریكی بونیاتنانەوەی وڵات بێ.
- ئایا ئێستا بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوا؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: بێگومان ئێراق لە كاتی ئێستادا بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات.
- ئەگەر كەمێك باسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ئێراق بكەین كە هەفتەی رابردوو ئەنجامدرا، دەمانەوێ بزانین ئێوە چۆن بە وردی سەیری ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە مووسڵ دەكەن، لەو شارەدا لیستی الحدباو بەسەرۆكایەتی ئەسیل نوجەیفی بە رێژەی %48ی دەنگەكانی بەدەستهێنا. وەك زانراویشە ئەسیل نوجەیفی تەحەفوزی گەورەی دەربارەی رۆڵی كورد لەو پارێزگایەدا هەیە، كوردیش تەنها رێژەی %25ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، چ جۆرە پەیوەندییەك ئێوە بەو كەسە دەبەستێتەوە؟.
سەرۆك بارزانی: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان پرۆسەیەكی دیموكراسییە، ئێمە هەمیشە پاڵپشتیمان لێی كردووە و هیچ كاتێك سەیری ئەنجامەكانمان نەكردووە. ئێمە بە ئەنجامەكان خۆشحاڵین و هیچ كاتێكیش ئیددیعای ئەوەمان نەكردووە كورد لە مووسڵ زۆرینە بن، بێگومان بەگیانێكی ئیجابی مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەكەین و هیچ تەحەفوزێكمان لەسەر هیچ كەسێكدا نییە، بەڵام پێویستە چاوەڕوانی ئەنجامەكانی كۆتایی ئەو پرۆسەیە بین و دووپاتیشی دەكەمەوە ئەنجامەكان هەر چۆنێك بێت بەشێوەیەكی ئیجابی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین و رێز لە رای هاووڵاتیان دەگرین.
- لە پارێزگای نەینەوا ئایا خۆتان بە شكستخواردوو یان سەركەوتوو دەبینن؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: نەخێر، ئێمە خۆمان بەسەركەوتوو دادەنێن، چونكە پرۆسەكە بە ئارامی و لە هەموو ئێراق بەبێ هیچ پێشێلكارییەكی ئەمنی بەڕێوەچوو، وەكو گوتم: قەبارەی كورد لەمووسڵ و لە پارێزگای نەینەوا و دەوروبەری 40-30٪یە، كوردیش لە نەینەوادا زۆرنییە.
- لەگەڵ ئەوەشدا خۆتان بەسەركەوتوو دادەنێن؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: خۆمان بەسەركەوتوو دادەنێن، چونكە پرۆسەكە بەبێ هیچ كردەوەیەكی تیرۆریستی بەڕێوەچوو و سەركەوت.
- بەڕێز بارزانی، پێوەرەكانی سەركەوتنی ئەو پرۆسەیە چین؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: لەلایەنی ئەمنییەوە بە ئارامی بەڕێوەچوو، ئەو هاووڵاتیانەی بەشدارییان تیادا كرد ئەگەرچی رێژەیان زۆر نەبوو، بەڵام بە ئازادییەوە تەعبیریان لە رای خۆیان كرد. لەناو شاردا، واتە شاری مووسڵ راستە لیستی حەدبا لە پلەی یەكەمدا هات، بەڵام ئەوەی بە هەرێمی كوردستانەوە پەیوەستە و زۆر دڵخۆشی كردم، لە بنكەكانی قەزاكان و لادێ و شارۆچكەكان لیستی هاوپەیمانی كوردستان سەركەوتوو بو و تەنانەت عەرەبی نیشتەجێی ئەو ناوچانەش دەنگیان بەلیستی كوردی دا.
- ئەگەر باسی پرسێكی دیكەی پەیوەست بەهەڵبژاردن بكەین، بە واتایەكی راستتر سەركەوتنی گەورەی نووری مالیكی، وەك دەزانن مالیكی پاڵپشتیی لە فیكرەی دەوڵەتی مەركەزی دەكات و دەیەوێ لە رێگەی ئەو هەڵبژاردنە و هی دیكەوە جێگیری بكات. ئێوە شێوازی پەیوەندی لەگەڵ ناوەند و فیكرەی دەوڵەتی مەركەزی لەئایندەدا چۆن دەبینن؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: ئێمە دەستورێكمان هەیە كە گەلی ئێراق بە رێژەی %85 دەنگی بۆدا و متمانەی جەماوەری بەدەستهێنا، ئەو دەستوورە پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ناوەند كۆنترۆڵ دەكات، ئەگەر ئامانجی بەهێزكردنی مەركەز بەهێزكردنی دەزگا دیموكراتی و دەستوورییەكانی حكوومەت بێت لاریمان نییە، بەڵام ئەگەر ئامانجەكە پاوانكردنی دەسەڵات بێت لەدەستی تاكە كەسێكدا ئەوەیان بەهیچ شێوەیەك قبوڵ نییە و لە دژی دەستوورە.
- ئایا مەترسیت لەوبارەیەوە هەیە؟ واتا پاوانكردنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی لەدەستی تاكە كەسێكدا؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: دەبارەی تەفسیركردنی دەستوور ئێمە چەند بۆچوونێكی جیاوازمان هەیە، بۆیە 5 لیژنەمان پێكهێنا، لیژنەی ئەمن و سوپا، لیژنەی ئابووری واتا نەوت و غاز، لیژنەی سیاسەتی دەرەوە، لیژنەی ناوچە كێشەدارەكان و لیژنەی هاوبەشی واتا لیژنەی سیستەمی سیاسی. پێویستە چاوەڕوانی ئەنجامی كاری ئەو لیژنانەبین و ئەو كات بارودۆخەكە روون دەبێتەوە و دەتوانین بڕیاری لەسەر بدەین.
- ئەو لیژنانە لە هەرێمی كوردستان پێكهاتن؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: لەبەغدا پێكهاتن.
- كاری چ لیژنەیەك لەو لیژنانە لەلای ئێوە لە لیژنەی دیكە گرنگترە؟.
سەرۆك بارزانی: هەموویان گرنگن.
- مەبەستم بەپێی بابەت و گرفتەكان؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: هەموویان گرنگن، بەڵام پرسی هاوبەشی لە راسیتدا بنەمایە بۆ سیستەمی سیاسی.
- هاوبەشی لە حوكم و دەسەڵات؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: هاوبەشی لە بڕیارداندا.
- با باسی نەخشەی هاوپەیمانی سیاسی بكەین، لەو قۆناغەدا ئێوە دەتانەوێ لەگەڵ كێ هاوپەیمانی گرێبدەن؟ ئەمڕۆ 3 جەمسەر لە پرۆسەی سیاسی ئێراقدا هەن ئەیاد عەللاوی و سوننە كە حزبی ئیسلامی نوێنەریانە، یانیش هێزی تازەی سوننە كە پرۆژەی نیشتمانیی ئێراقی نوێنەرایەتیان دەكات بەسەرۆكایەتی ساڵح موتڵەگ؟
سەرۆك بارزانی: لەراستیدا ڤیتۆمان لەسەر هیچ كەسێكدا نییە، ئێمە هەمووان
بەهاوبەش و هاوپەیمان و دۆست و برای خۆمان دەزانین، بەڵام بێگومان لەگەڵ ئەو كەسە هاوپەیمان دەبین كە بڕوای بە پرۆسەی دیموكراسی و دەستوور و فیدراڵی هەبێت.
- كام لەو جەمسەرانە لەو پەیڕەو و بڕوایەی باستكرد نزیكە؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: من هەمووان بە نزیك دەزانم، بەڵام برای بەڕێزم ئەیاد دۆست و هاوپەیمان و نزیكە.
- واتا هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ ئەیاد عەللاوی لەوانی دیكە نزیكترە؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: من مەبەستم پەیوەندیی تایبەتییە نەك پەیوەندی لەگەڵ لیستەكەدا، بەڵام تۆ پرسیارت كرد من گوتم: ئەیاد لەمنەوە نزیكە.
- كەواتە پەیوەندی لەسەر ئاستی تاكە كەس لە پەیوەندی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان جیاوازە و تۆ وەكو شەخسی بەڕێز مسعود بارزانی قسە دەكەی؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: راستە، بەڵام وەكو گوتم: ئێمە لەسەر بنەمای
تێڕوانینی هەر لایەنێك لەبارەی فیدراڵیزم و دەستوور و پرۆسەی سیاسی هاوپەیمانی گرێدەدەین.
- پرسی كەركووك ماوەیەكە هەڵپەسێردراوە، ئێوە چارەسەرەكەی چۆن دەبنین؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: جێبەجێكردنی ماددەی 140 چارەسەری دروست و نموونەیی پرسی كەركووك و ناوچەكانی دیكەیە كە ناكۆكیان لەسەرە، ئێمە كە داوای چارەسەركردنی پرسی كەركووك بەپێی ماددەی 140 دەكەین، دەزانین واتای قسەكانمان چییە، ئێمە داوای چارەسەركردنی گرفتێك دەكەین، گرفتێك كە ماوەیەكی زۆر گرفتمان بەدەستیەوە چەشت و داوای جیاكردنەوەی بەشێكی ئێراق ناكەین، بەپێچەوانەوە هەرێم بەشێكە لە ئێراق و هەر پارچەیەكی ئەو هەرێمە بۆی بگەڕێتەوە هەر لە چوارچێوەی ئێراقدایە، بەڵام ماددەی 140 باشترین چارەسەرە بۆ ئەو گرفتە.
- بەڵام ماددەی 140یش ناكۆكی لەسەرە، بەندێك لەو ماددەیەدا هەیە داكۆكی لەسەر رێكخستنی ریفراندۆم لە نێوان پارێزگادا دەكات، دوای ئەو ریفراندۆمە و بەپێی ئەو ئەنجامانە، بڕیاردەدرێ ئایا ئەو پارێزگایە دەچێتەوە سەر هەرێمی كوردستان یان نا، ئێوەی كوردی ئێراق ئایا ئەنجامەكانی ریفراندۆم بەهەر شێوەیەك بێ قبوڵ دەكەن؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: بێگومان قبووڵی دەكەین، بەڵام دوای ئاساییكردنەوەی بارودۆخ وەكو لە ماددەی 140دا هاتووە، ئێمە بەپێی بەندەكانی ئەو ماددەیە ئەنجامی ئەو ریفراندۆمە قبووڵ دەكەین.
- ئەگەر ئەنجامەكە ( نا ) بوو؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: ئەگەر دوای ئاساییكردنەوە جەماوەر بە ( نا ) دەنگیدا هیچ گرفتێكمان نییە، بەڵام دوای ئاساییكردنەوە.
- ئەی دەربارەی ناوچەكێشەدارەكانی دیكە، نەینەوا، دیالە و ناوچەكانی دیكە؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: هەمان پرەنسیپ دەیانگرێتەوە، رۆڵەكانی ئەو ناوچەیە خۆیان لە ریفراندۆمدا دەنگدەدەن و پێویستە رێز لە بۆچوونیان بگیرێ.
- واتا ئەوەی بۆ كەركووك دانراوە، هەمان چارەسەرە بۆ دیالە و نەینەوا؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: بەڵی راستە تەنانەت لە ناوەڕاست و باشووری ئێراقیش.
- مەبەستت، ریفراندۆم ئەوانیش دەگرێتەوە؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: ماددەی 140 تەنها بۆ ناوچە كوردییەكان و ناوچەكێشەدارەكانی هەرێمی كوردستان نییە، ماددەی 140 بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكە كە رژێمی پێشوو خوڵقاندویەتی، هەمان كێشە لە نێوان پارێزگاكانی ئەنبار و حللەدا هەیە، لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ كەربەلا، لەگەڵ نەجەف، گرفتەكە تەنها لە هەرێمی كوردستاندا نییە.
- بەڕێز بارزانی، ئێوە بەخاڵیكردنی كەركووك لە غەیرە كورد و گۆڕینی پێكهاتەی دیموگرافی كەركووك تۆمەتبار دەكرێن، بەشێوەیەك لە دوای ئەوكارەدا زۆرینەی شارەكە كوردن و بەبێ هیچ ماندووبوونێك بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە، ئەو تۆمەتانە تازە نین و من ئەو شتە باش دەزانم، بەڵام وەڵامێكم دەوێ بۆ قەناعەتهێنان بەو كەسانەی ئەو تۆمەتان دەخاتە پاڵ ئێوە؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: من ئەو وەڵامە بە تەواوی رەتدەكەمەوە و داوا لە هەر كەسێك دەكەم كە بە خاڵیكردنی كەركووك لەعەرەب و غەیرە عەرەب تۆمەتبارمان دەكات باخۆی بێت و لە راستی بارودۆخەكە تێبگات و رۆڵەكانی ناوچەكە راستی بارودۆخ دەزانن، ئەوان دەزانن ئەو تۆمەتانە بێ بنەمان، بەڵام ئەگەر هەركەسێك لە هەر دەوڵەتێكی عەرەبییەوە دەیەوێ لەوشتە بكۆڵێتەوە دەتوانێ بێت و راستیەكە ببینێ.
- ئایا دەتوانن ئەگەر بەشێوەیەكی نزیكیش بێت رێژەی عەرەب و كورد و ئاشووری بەتایبەتی لەكەركووك پێم بڵێت؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: لەراستیدا كوردو عەرەب و توركمان و ئاشوور و كلدان لەشارەكەدا هەن و زۆر زەحمەتە رێژە دیاری بكەین، بەڵام بێگومان رێژەی كورد زیاترە، داوای ئێمەش بۆ ئەمجامدانی ریفراندۆم لەناوچەكەدا بۆ دیاریكردنی ئەو رێژانەیە.
- كەواتە ئێوە لە ئەنجامەكان دڵنیان؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: بێگومان، گوتیشم دوای ئاساییكردنەوەی بارودۆخ ئێمە لەوە دڵنیاین كە زۆینە كوردن.
- ئێراق گۆڕایە، هەرچەندە لە ئەنجامی رووداوێك بوو كە بە تێڕوانینی خەڵكانێك مایەی نیگەرانیە، لەگەڵ ئەوەشدا تەباین كە ئێراق لە وڵاتێكی ئایینی تایفیەوە بەرەو وڵاتێكی پراگماتی هەنگاو دەنێ، چۆن دەڕوانیتە قۆناغی داهاتووی ئێراق؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: بە بۆچوونی من پێویستە قۆناغی داهاتووی لەگەڵ ماددەكانی دەستووردا بگونجێ، لە قۆناغی داهاتوودا پێویستە دەوڵەت دامەزراوهیی بێت و دەستوور جێبەجێ بكرێ و قانوون لە سەرووی هەمووان بێت، هەروەها دادپەروەری كۆمەڵایەتی و سەقامگیری ئەمن و تەناهی بەرقەراربن، هەروەها هاریكاری لە نێوان پێكهاتەكانی گەلی ئێراق هەبێت، بە بۆچوونی من، تا ماوەیەكی دیكە ئایندەی ئێراق پێویستی بە تەوافوقی سیاسی هەیە لە نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانیدا.
- ئایا شتێك لەو ناونیشانە دەدۆزیەوە، كە بەڕێز مالیكی هەڵیبژارد، ئێراق دەوڵەتی قانوونە؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: لە راستیدا دەبێ هاوكاری لە نێوان پێكهاتە سەرەكیەكاندا هەبێت، لەبەرئەوەی هیچ پێكهاتەیەك و حزبێك و كەسێك بەتەنێ ناتوانێ وڵات بەڕێوەببات، سەركردایەتی دەبێ بە كۆمەڵ بێت.
- بە چ مانایەك؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: بێگومان هەیئەی رەسمی هەن، وەك سەرۆكایەتی كۆمار، سەرۆكایەتی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمان، هەروەها دەستوورێكیش هەیە كە دەسەڵات و ئەركەكانی هەر دامەزراوهیێكی فیدراڵی دیاریكردووە، هەروەها دەسەڵات و ئەركی ناوەند و هەرێمەكانیشی دیاری كردووە، واتە پابەندبوون بە دەستوور گەرەنتیە بۆ ئەوەی لە بەڕێوەبردنی وڵات سەركەوتوو بین و هەموو گرفتەكان تێپەڕێنین.
- پەیوەندی ئێراق بە ژینگە ئیقلیمیەكەیەوە پێش ئەوەی قسە لەسەر ژینگە عەرەبیەكەوە بكەین چۆنە؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: ئێمە پشتگیری لەوە دەكەین كە ئێراق پەیوەندی دراوسێیەتی باشی لەگەڵ هەموو دەوڵەتانی ئیقلیمییەوە هەبێت، ئێمە پشتگیری لە هەر هەنگاوێك دەكەین كە دەبێتە هۆی پتەوبوونی ئەو پەیوەندییە لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر و بەرژەوەندی بەرامبەرەوە.
- ئایا بەڕێزتان لەگەڵ ئەوەن كە هێزێكی ئیقلیمی هەیە ئێراق وەك كارتێكی گوشار لەبەرامبەر رۆژئاوا بەكاردێنێ بۆ بەدیهێنانی دەسكەوتی زیاتر؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: بەداخەوە هەر دەبێ ئەوە بڵێم: كە بەڵێ، دەستێوەردانی ئیقلیمی لە كاروباری ئێراقدا هەیە.
- كەی دەكرێ ئەو دەستێوەردانانە بوەستن؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: كاتێك گەلی ئێراق ئەو دەستێوەردانانە رەت بكاتەوە.
- ئەوەش پێویستی بە شیكردنەوە هەیە؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: بەداخەوە، تاكو ئێستا هەندێك گرووپ ئامادەن بۆ ئەوەی هاریكاری لەگەڵ ئەو دەستێوەردانانەدا بكەن یا وەڵامی ئەو دەستێوەردانانە دەدەنەوە، بۆیە یا دەبێ ئەو لایەنانە بە هەڵوێستەكانیاندا بچنەوە و لەوە تێبگەن كە بەرژەوەندی وڵات لە سەرووی هەر بەرژەوەندیەكی دیكەدایە، یا دەبێ حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتەكانی ئیقلیمی دەسەڵاتی قانوون و دەستوور بەكاربێنن بۆ قەدەغەكردنی ئەو جۆرە پەیوەندیانە.
- چۆن پەیوەندی لەگەڵ ئێران هەڵدەسەنگێنێ؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: مەبەستت پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمە یا حكوومەتی فیدراڵە.
- پەیوەندی ئێراق و هەروەها پەیوەندی هەرێم؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: بێگومان ئێران وڵاتێكی دراوسێیە و لەناوچەكەشدا وڵاتێكی گەورەیە، بۆیە دەبێ پەیوەندی هەبێت، بەڵام دەبێ ئەو پەیوەندیانە هاوسەنگ بن و لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر بێت، ئێمە پێویستمان بە پەیوەندی لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام من دژی هەر دەستێوەردانێكی ئێرانیم لە كاروباری ئێراقدا كە لەجیاتی گەلانی ئێراق بڕیار بدات.
- ئەگەر روونتر قسە بكەین، دەستێوەردانی ئێرانی لە ئێراقدا هەیە؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: دەستێوەردانی ئێرانی هەیە، بەڵام دەستێوەردانی ئیقلیمی دیكەش هەیە.
- ناوەكانمان دەدەیتێ؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: نەخێر، با واز لە ناوەكان بێنین، چونكە ئاشكران، پێموایە هەموو دەزانن، لە راستیدا دەستێوەردانەكان ئاشكران، كە تێرۆریستان لە كوێوە دێن و چۆن خۆیان دەتەقیێننەوە و لە كوێ مەشق دەكەن، ئەو مەسەلانە ئاشكران و لە هیچ ئێراقییەك شاراوە نین.
- ئایا ئەو دیاردانە لە پاشەكشەدان لەبەر رۆشنایی جووڵانەوە پێشبینیكراوەكاندا؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: پاشەكشێیەكی گەورە هەیە، بەڵام هێشتا هەر ماون.
- هەموو ئەوانە كەی كۆتاییان پێدێت؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: لە راستیدا تا رادەیەك تیرۆر لە ئێراق كەم بۆتەوە، پێموایە مەسەلەیەكی كاتە، لەبەرئەوەی دەبێ گەلی ئێراق بەرژەوەندی خۆی بدۆزێتەوە و دامەزراوهی قانوونی و دەستووری مومارەسەی دەسەڵات و ئەركەكانی خۆیان بكهن لەسەرجەم بوارەكاندا، دەبێ كۆتایی بێت، بەڵام كەی كۆتایی دێت؟ لەراستیدا ئەو كاتە كۆتایی دێت كە دەسەڵاتێكی بەهێز هەبێت بۆ رێگەگرتن لە دامەزراندنی ئەو پەیوەندیانە یا ئەو جۆرە دەستێوەردانانە.
- هەر چەندە دەزانم پرسارێكی بێزاركەرە، بەڵام قسە زۆر دەكرێ لەسەر هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، كۆمپانیای ئەمنی ئیسرائیل و كۆمپانیای دارایی و هاتووچۆ لە نێوان ئیسرائیل و كوردستانی ئێراقدا هەیە، شێوە و ئاستی ئەو پەیوەندییانە چۆنن؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ هەر دەوڵەتێك بە ئیسرائیلیشەوە لە دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵ دایە، هەرێمی كوردستان ناتوانێ هیچ پەیوەندییەك لەگەڵ هیچ دەوڵەتێك بەبێ رەزامەندی حكوومەتی فیدراڵ ببەستێ، ئەمەش دەقێكی دەستوورە و ئێمە پێوەی پابەندین. ئەگەر پرسیارەكە لە سۆنگەی تۆمەتباركردنە، باشترە ئەو تۆمەتە ئاڕاستەی زۆر دەوڵەتی عەرەبی بكرێ، بەڵام ئەگەر مەبەست روونكردنەوەی مەسەلەكە بێت، من دەڵێم: هیچ پەیوەندییەك لە نێوان هەرێم و ئیسرائیلدا نییە.
- هیچ پەیوەندییەكی رەسمی بوونی نییە؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: هیچ پەیوەندییەكی رەسمی بوونی نییە.
- بەڵام لەوانەیە لەوە كەمتر هەبێت؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: ئەگەر كۆمپانیایەك بە ناوێكی دیكە یا لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەورووپی بەناونیشانێكی دیكە هەبێت، بەڵام پەیوەندی رەسمی و تەنانەت پەیوەندی نهێنیش بوونی نییە، ئەوانەی ئیددیعا دەكەن كە پەیوەندی هەیە دەتوانن بێنە كوردستان و لێكۆڵینەوەی لەوەدا بكەن.
- ئایا ئارەزوونەبوون لە دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بەویستی ئێوەیە؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: ئەو مەسەلەیە لەدەستی حكوومەتی فیدراڵدایە، ئەگەر حكوومەتی فیدراڵ پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دامەزراند، هەرێمیش پەیوەندی دەبەستێ.
- جارێكی دیكە، واتە هیچ پەیوەندییەك لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: لە هیچ ئاستێكدا پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بوونی نییە، هەروەها هیچ پەیوەندیەكیش بوونی نابێ، تەنها پاش ئەوە نەبێت كە پەیوەندی لە نێوان بەغدا و ئیسرائیلدا هەبێت.
- پەیوەندیتان بە دۆزی كورد لە هەریەك لە ئێران و توركیا چۆن وەسف دەكەیت؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: ئێمە پشتگیری لە مافی كورد لە هەموو شوێنێك لە هەر پارچەیەك دەكەین، بەڵام لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراتی پشتیوانی لەو مافە دەكەین و پشتیوانی لە هاتنەدی دەكەین، بێگومان نەتەوەی كورد مافی هەیە و ناكرێ نكۆڵی لێ بكرێ، لەهەمانكات لەو واقیعە دەگەین كە بەسەر ئەو نەتەوەیە سەپێنراوە، بەڵام دەبێ لەلای كوردەوە بەتەواوی واز لە توندوتیژی بێنین، ئێمە پشتگیری لە هیچ بزاڤ و كارێك ناكەین كە توندوتیژی بكات، هەروەها داوای دراوسێیەتی باش دەكەین لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران و توركیا، ئێستا ئەو پەیوەندیانە پەرەیان سەندووە و رێچكەی راستی خۆی گرتووە، بەم دواییە لەگەڵ توركیا پەرەسەندنی ئیجابی گەورە روویداوە، هەروەها لەگەڵ ئێرانیش بەر لەماوەیەك سەردانی ئێرانم كرد، دەتوانین بە پەیوەندی زۆر باشیان وەسف بكەم.
- بەڕێز بارزانی هەموو جارێك داواتان لێدەكرێ ئێران و توركیا دڵنیا بكەنەوە كە ئەوەی لەهەرێمی كوردستان رویداوە لەو دوو وڵاتە دووبارە نابێتەوە؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: هەر وڵاتێك تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام ئێمە لەگەڵ بۆچوونی نكوڵیكردن لە وجودی كورد و مافی كورد دانین، ئەوەی لە ئێراق روویدا مەسەلەیەكی ناوخۆی ئێراقییە لە نێوان كورد و عەرەب، كورد یەكێتی ئارەزوومەندانەی لەگەڵ برایانی عەرەب لە ئێراق هەڵبژاردووە، دەكرێ بەشێوازێكی دیكە دۆزی كورد لە ئێران و توركیا چارەسەر بكرێ.
- بەڕێز بارزانی سەردانی كوێت و دۆحەتان كرد، مەبەست لەم سەردانە چ بوو؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: ئەو سەردانە بەداوەتنامەی سەرۆكایەتی هەردوو وڵات بوو، ئێمە بەلامانەوە زۆر گرنگە هەڵوێست و بۆچوونی كورد بۆ هەر دەوڵەتێكی عەرەبی روون بكەینەوە.
- ئایا ئەوان داوای روونكردنەوەیان هەبوو؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: نەخێر، ئەوان داوایان نەبوو، بەپێچەوانەوە كەشوهەواكە زۆر دۆستانە بوو، بەڵام بەلای ئێمەوە گرنگە باری راستەقینەی هەڵوێستی كورد بۆ برایانی عەرەب لە هەر وڵاتێكی عەرەبی شی بكەینەوە، لەبەرئەوەی هەندێ جار هەست دەكەین كە دووچاری هەڵمەتێكی زاڵمانه و شێواندن دەبینەوە.
- ئایا وێنەكە گۆڕا؟.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان: وێنەكە بەو شێواندنە نەبوو كە ئێمە مەزەندەمان دەكرد، بێگومان سەردانەكە كاریگەری دەبێت.