حەسەن ئەحمەد مستەفا
پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە توركیادا پێش دەكەوێت، هەر لایەنێك كۆسپی بۆ دروست بكات، دووچاری پەراوێزبوون دەبێت. گۆڕانكارییەكانی نێوخۆی توركیا لە ئەنجامی پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتین لە سەردەمی ئێستادا، پارتیی داد و گەشەپێدانیش لەوە گەیشتووە كە قۆناغی فانتازیا كۆتایی هاتووە و پێویستە پێیەكانی سیاسەتی لایەنی كورد و تورك و عەلمانی و ئیسلامی بگەنە سەر زەویی واقیع. ئێستا پارتیی داد و گەشەپێدان، لە بەردەم سەختترین ڕۆژەكانی ژیانیەتی، لە ساڵی داهاتوویشدا هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازی لە بەردەمدایە. ئەگەر تا ئەم مێژووە كارێك نەكات، چانس یاوەری نابێت و توركیا دەكەوێتەوە دەست ئەو لایەنانەی كە لە ڕابردوودا دەژین و ناوكیان لە ئایدیۆلۆژیا و سیستمەكانی سەدەی ڕابردوو نەبڕاوە. ئێستا لە توركیا لە قسە و دروشم، زیاتر ڕۆژی كردەوەیە، ڕۆژی جێبەجێكردنە زیاتر لە بەڵێن دان، بۆ كوردەكان گەڕاندنەوەی باوەڕی بە پرۆسەكان لە ڕێگەی گۆڕینی یاساكانەوە دەبێت، بۆ پارتیی دادیش ڕزگاربوون لەو ماددە یاسایی و دەستووریانە گرنگە كە بەردەوام لەسەر بوونی وەكوو قەوارەیەكی سیاسی، هەڕەشەن. (ئەحمەد داود ئۆغڵۆ) لە كۆنفڕانسی زیاتر لە دووسەد دیپلۆماتكاری توركیایی كە سەفیری وڵاتەكەی بوون لە جیهاندا، بە ڕوونی ئاماژەی دا كە توركیا لەسەر بایەخدان بە تێكەڵی و سەردەمیكردنی ژیانی سیاسی و گوتاری وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت، وەزیری ناوخۆی توركیا (بەشیر ئاتاڵای)ـیش، لە دواكۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیی خۆیدا و تەنیا بەر لە دوو رۆژ، ڕۆشنایی خستە سەر ڕەشنووسی یاسایی كە ئامادە كراون بخرێنە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی، ئەوانیش:
1ـ ئەو منداڵانەی بەردیان گرتووەتە هێزە ئەمنییەكان، لە چوارچێوەی یاسایی تیرۆردا دادگایی نەكەین.
2ـ میكانیزمێكی نوێ بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ بخرێتە گەر.
3ـ ڕەشنووسی دروستكردنی دەستگەیی مافی مرۆڤ لە توركیادا.
4ـ ڕەشنووسی دروستكردنی لیژنەی چاودێریی سەربەخۆ.
5ـ ڕەشنووسی دروستكردنی دەستەی یەكسانی و بەرەنگاربوونەوەی جیاوازی.
پارتیی داد، لە بەردەم ئەو یاسایانە و چەندین یاسای دیكەی چارەنووسسازدایە، چونكە هەر ئێستا داواكاری گشتیی دادگەی پێداچوونەوەی توركیا، سكاڵایەكی دیكەی بۆ داخستنی پارتیی داد تۆمار كردووە، بە گوێرەی "سۆن سەیفا" لە 16/1/2010ـەوە وا بۆ شەش مانگە، هەوڵی كۆكردنەوەی بەڵگەكان دەدرێت بۆ ئەوەی لە دادگەی دەستووریی توركیادا سكاڵای لە دژ تۆمار بكرێت، ئەمەیش ئاماژەیەكە بۆ پارتیی داد كە كاتی زۆر لە دەست داوە، ئێستایش نەك تەنیا لەبەر كێشە و دۆزی كورد، بەڵكوو لە بەر ئاساییشی توركیا، چارەنووسی پارتیی داد و گەشەپێدان و پێویستیی گۆڕینی یاسای پارتییە سیاسییەكان زۆر گرنگە، ڕەشنووسی یاساكانیش دەدرێنە پەرلەمان، بەڵام دوای دەرچوونیان لە پەرلەمانیش جارێكی دیكە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەییەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەكرێت، كە ئەمەیش لە بەرژەوەندیی پارتیی داددا نییە، بۆیەیش واقیعی سیاسی و بوونی ئەم نۆرەی دامەزراوەكانی توركیا ئەوەی سەلماند كە باشترین شت لە توركیا بۆ پەسەندكردنی گۆڕانكاری، ئەنجامدانی ریفراندۆمە، ئەگەر ئەمە نەكرێت چانسێكی زیاتر لە بەردەم پارتیی دادییشدا نابێت. بە هەموو جۆرێك هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئاساییشی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی توركیای دراوسێیدایە، چونكە دەروازەیەكی گرنگی هەرێمەكەمانە.