|
له دوو مانگى داهاتوودا پرۆژه‌ى (نیشته‌جێكردن) ده‌كه‌وێته وار‌ى جێبه‌جێكردنه‌وه |
|
|

|
kurdistantv@kurdistantv.net
16 كانون الثاني, 2010
|
KTV ...
دوای ئه‌وه‌ی له كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیار درا بڕى 300 ملیۆن دۆلار ته‌رخان بكرێت بۆ دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێكردن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كرێچین و ئه‌وانه‌ی داهاتیان دیاریكراوه، ئه‌و یه‌كانه‌ش به‌بێ پێشه‌كی ده‌درێن و بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ پاره‌كه‌ی وه‌رده‌گیرێته‌وه .
به‌گوێره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه حكومه‌تی هه‌رێم ساڵانه 300 ملیۆن دۆلار بۆ سندوقی نیشته‌جێبوون ته‌رخان ده‌كات و هاووڵاتیان بێ هیچ پێشه‌كییه‌ك ده‌توانن خانوو له كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌كان بكڕن، حكومه‌تی هه‌رێمیش بڕێك پاره وه‌كو یارمه‌تی بۆ پێشه‌كی خانووه‌كان به هاووڵاتیان ده‌دات و ئه‌م جاره‌ش هاوكاری حكومه‌ت ده‌گاته دێهاته‌كان و دانیشتووانی گونده‌كانیش ده‌توانن له بڕیاره‌كانی حكومه‌ت له بواری نیشته‌جێبوون سوودمه‌ند بن .
بۆ زیاتر شیكردنه‌وه‌ى بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ، له‌م باره‌وه حه‌یده‌ر مسته‌فا به‌رێوه‌به‌رى گشتى لێكۆلینه‌وه‌و زانیارى له ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ، له لێدوانێكیدا بۆ سایتى كوردستان تى ڤى رایگه‌یاند" دواى ئه‌وه‌ى سندوقى نیشته‌جێبوون هاته دامه‌زراندن ، كاتێ دیراسه‌تمان كرد بۆمان ده‌ركه‌وت كه خه‌ڵكێكى زۆر هه‌یه ناتوانێت بۆ كڕینى خانوو بڕه پاره‌ى (پێشه‌كى) بدات ، تا له سندوقى نیشته‌جێبوون سوودمه‌ند بێت ، بۆیه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كۆنووسێك له لایه‌ن ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ئاماده‌كرا و پێشكه‌شى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كرا ، دواتر له رێگه‌ى ئه‌نجوومه‌نه‌وه بڕیاردرا كه پرۆژه‌كه وه‌كو پره‌نسیپ په‌سه‌ند بكرێت ، كه تێیدا دوو خالى سه‌ره‌كى هه‌یه ، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه" پێشه‌كى %10 بۆ ناو شاره‌كان و %15 بۆ قه‌زاو ناحیه‌كان و %20 بۆ گونده‌كان ده‌بێت ، كه حكوومه‌ت خۆى پێشه‌كیه‌كه‌ى ده‌دات ، دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه" ئه‌و كه‌سانه‌ى سوودمه‌ند بوونه له وه‌رگرتنى زه‌وى ئه‌وانه‌ش ده‌گرێته‌وه و به‌ر سوودى ئه‌و پرۆژه‌یه ده‌كه‌ون ، جگه له‌مه‌ش وه‌به‌رهێنه‌ر له‌گه‌ل بانك رێككه‌وتنێك ده‌به‌ستێت كه قه‌رزى بانكى وه‌رده‌گیرێت ، دواى ئه‌وه‌ش دۆكیومێنته‌كان لاى ئێمه ئاماده ده‌كرێن بۆ مۆله‌ت وه‌رگرتن ، پاشان مۆله‌تى ده‌ده‌ینێ و كه‌سه‌كه ده‌توانێت قه‌رز له بانك وه‌رگرێت و قازانجى ئه‌و قه‌رزه‌ى بانكیش حكوومه‌ت خۆى ده‌یداته‌وه ، وه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له رووى ئاینیشه‌وه سه‌ر راست كراوه‌ته‌وه و رێ پێدراوه .
هه‌روه‌ها وتیشى" هه‌ر كاتێ هاوڵاتى ده‌چێته ناو خانوو ، هیچ پێشه‌كیه‌كى لێ وه‌رناگیرێت ، به‌ڵكو حكوومه‌ت خۆى پێشه‌كییه‌كه‌ى ده‌دات ، ته‌نها هاوڵاتى ده‌بێت بۆ ماوه‌ى 10 ساڵ مانگانه 300 دولار بداته‌وه ، ئه‌مه‌ش دوو ئاسانكارى گرنگه بۆ هاوڵاتى ، چونكه یه‌كه‌میان پێشه‌كییه‌كه نادات و دووه‌میشیان سوودى بانك حكوومه‌ت خۆى ده‌یداته‌وه و ئه‌م بڕیاره‌ش هه‌موو هاوڵاتیه‌ك ده‌گرێته‌وه و له‌م رووه‌وه ئێمه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه به‌رده‌وام ده‌بین تاكو كێشه‌ى نیشته‌جێبوون به ته‌واوى بنبڕ ده‌بێت .
وتیشى" ئه‌م بریاره هه‌موو هاوڵاتیه‌كى هه‌رێم ده‌گرێته‌وه ، به‌ڵام ده‌بێ زیاتر ئه‌و كه‌سانه به‌رچاو بگیرێن كه زیاتر پێویستیان به شوێنى حه‌وانه‌وه هه‌یه ، بریاره‌كه‌ش ئێستا وه‌كو پره‌نسیپ په‌سه‌ند كراوه و ئێمه خه‌ریكى گه‌ڵاله‌كردنى رێنمایه‌كانین ، دواتر ئه‌و رێنمایانه ده‌بێ بدرێته ئه‌نجوومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنان و سه‌رۆكى حكوومه‌ت ، هه‌ركاتێكیش بریار له‌سه‌ر ئه‌و رێنمایانه درا ئه‌وا ده‌چێته قالبى جێبه‌جێ كردنه‌وه .
ده‌رباره‌ى واده‌ى كه‌وتنه‌كارى پرۆژه‌كه ، حه‌یده‌ر مسته‌فا به‌رێوه‌به‌رى گشتى لێكۆلینه‌وه‌و زانیارى له ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ، به سایتى كوردستان تى ڤى راگه‌یاند" له ماوه‌ى 2 مانگى داهاتوو ئه‌و پرۆژه‌یه ده‌كه‌وێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هاوڵاتى ده‌بێت مووچه‌كه‌ى شایسته بێت بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزى مانگانه‌ى ، یانیش ده‌بێت هاوڵاتیه‌كى تر كه‌فیلى كه‌سه‌كه بكات كه ئه‌ویش ده‌بێت مووچه‌كه‌ى شایسته‌ى دانه‌وه بێت ، ره‌نگه ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتووش ئه‌نجوومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنان له سه‌ر ئه‌م پرسه كۆببێته‌وه و بڕیارێك له‌م رووه‌وه بدرێت ، دواتر ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان له‌گه‌ل وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان زه‌وى ته‌رخان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى كه پێویستى به دروستكردنى خانوو هه‌یه ، پاشان وه‌به‌رهێنه‌ر له‌گه‌ل بانك مه‌سه‌له‌ى دارایى یه‌كلا ده‌كاته‌وه بۆ مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كه ، هه‌ركاتێكیش موڵه‌ت بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه وه‌رگیرا ده‌توانرێت ده‌ست به‌كاركردن بكرێت و خه‌ڵكیش له‌رێگه‌ى بانكه‌وه داواكاریان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن ، چونكه بانك پاره‌كه‌یان لێ وه‌رده‌گرێت و ئیلتزاماتى خه‌ڵك له‌گه‌ڵ بانك ده‌بێت .
|
|