هه‌ولێر رۆژى سێشه‌ممه 27/1/2009
میوانه به‌ڕێزه‌كان .... به‌شداربووانى به‌ڕێز .... ئه‌م كاته‌تان باش و هه‌موو لایه‌ك به‌خێربێن به‌سه‌رچاو....
خوشحاڵ و سه‌رفرازم له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى به‌ڕێز به‌شدارى ده‌كه‌م له‌م كۆنفرانسه گرنگه. ده‌مه‌وێ له سه‌ره‌تا به‌خێرهاتنى جه‌نابى وه‌زیرى كشتو‌كاڵى حكومه‌تى عیراقى فیدڕاڵ د.عه‌لى بكه‌م كه له به‌غداوه ته‌شریفیان هێناوه، سوپاسى ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م هاتنه‌ى، رێزمان هه‌یه بۆ ئه‌و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ى كه به‌ڕێزیان و وه‌زاره‌ته‌كه‌ى هه‌یانه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ له هه‌رێمى كوردستان. به‌ناوى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زۆر سوپاسى به‌ڕێزیان بكه‌م و به‌خێر هاتنى بكه‌م بۆ هه‌رێمى كوردستان.
هه‌موومان ده‌زانین كه‌وا كه‌رتى كشتوكاڵ كه‌رتێكى گرنگ و پڕ بایه‌خه به شێوه‌یه‌كى گشتى. به‌تایبه‌تى بۆ ئێمه‌ش له هه‌رێمى كوردستان كشتوكاڵ بڕبڕه‌ى پشتى ئابووریمانه.
هه‌ر وه‌كو ئاگادارن گۆڕانكاریه ئابوورییه‌كان و قه‌یرانه داراییه‌كانى جیهان واى كردووه كه دووباره كشتوكاڵ گرینگییه‌كى تایبه‌تى خۆى هه‌بێت.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان به بڕواوه بایه‌خ به‌و كه‌رته ده‌ده‌ین. هه‌ر بۆیه‌ش ئێمه بڕیارمان داوه له سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌مساڵ بكه‌ینه ساڵى بووژاندنه‌وه‌ى كه‌رتى كشتوكاڵ و به‌دیهێنانى سیاسه‌تى خودبژێوى و كاركردن بۆ مسۆگه‌ر كردنى ئاسایشى خۆراك له ماوه‌یه‌كى كه‌مدا.
ئاشكرایه كه كۆمه‌ڵگاى كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كى كشتوكاڵییه‌و زۆربه‌ى خه‌ڵكى كوردستان راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ خه‌ریكى كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارین. بۆیه به پێویستى ده‌زانین كه حكومه‌تى هه‌رێم به به‌رنامه‌یه‌كى چڕ‌وپڕ ستراتیجییه‌تى كشتو‌كاڵى ده‌ستنیشان بكات.
خاكى كوردستان ده‌وڵه‌مه‌ند و به پیته، كه‌ش و هه‌واى گونجاوه‌و هێزى مرۆییمان زۆره و سه‌رچاوه‌ى ئاویشمان هه‌یه، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه پلانى تۆكمه‌و هێنانى ته‌كنۆلۆژیا و شاره‌زایى ئه‌زموونى هاوشێوه‌ى خۆمانه. به‌م شێوه‌یه هاوكێشه‌كه ته‌واو ده‌بێت.
ئێمه ده‌زانین كه هه‌تا ئێستا له كه‌رتى كشتو‌كاڵى رووبه‌ڕووبوونه‌وه زۆرمان له‌به‌رده‌م دایه. به‌ڵام ده‌بێ به هه‌موو شێوه‌یه‌ك كار بكه‌ین چونكه به‌هێزى ئابووریمان له به‌هێزى كه‌رتى كشتوكاڵیمان دایه. چونكه ئێمه ئامانجمان زیادكردنى سه‌رچاوه‌ى ئابووریمانه. راسته سه‌رچاوه‌ى سروشتى زۆرمان هه‌یه، به‌ڵام كه‌رتى كشتوكاڵ هیچ كاتێك بایه‌خى خۆى له‌ده‌ست نادات.
ئێمه به پێویستى ده‌زانین كه بازنه‌ى كشتوكاڵ هه‌ر له كێڵگه و خۆئاماده‌كردن و به‌رهه‌مهێنان تاكو ده‌گاته بازاڕكردن و گه‌یشتنه ده‌ستى به‌كار هێنه‌ر بازنه‌یه‌كى پێكه‌وه گرێ‌دراو و ته‌واوكه‌ر بێت. بۆیه ئه‌م به‌رنامه‌یه پێویستى به رێكخستن هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین ژێرخانى كشتوكاڵ له هه‌رێمى كوردستان زیندوو بكه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كى زانستیانه كار بكه‌ین ئه‌وا خاكى كوردستان زۆر زیاتر پێشكه‌ش ده‌كات له‌وه‌ى كه ئێستا هه‌یه.
له چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌كانمان پێویسته بایه‌خ به به‌رهه‌مى خۆماڵى بدرێت. هانى كه‌رتى تایبه‌ت بدرێت و بازاڕى بۆ بدۆزرێته‌وه. پڕۆژه‌ى پیشه‌سازى خۆراك ده‌ست پێبكرێت و به‌رهه‌مى خۆماڵى بپارێزرێت، له به‌رده‌م لێشاوى كه‌ره‌سته و به‌رهه‌مى هاوورده له ده‌ره‌وه.
ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین له به‌رنامه‌كانمان جگه له بایه‌خدان به شێوازى نوێ هانى خۆراكى ئۆڕگانى بده‌ین كه هه‌میشه مایه‌ى به‌كارهێنانى خۆراكى ته‌ندروسته.
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه به‌رده‌وام له هه‌وڵى باشكردنى گوزه‌رانى خه‌ڵك و به‌هێزكردنى ئابوورى و جوڵه‌ى بازرگانییه، نایه‌وێ داهاتى هاوڵاتیانى كوردستان له‌و به‌رهه‌م و كه‌ره‌ستانه به‌فیڕۆ بڕوات كه ئێمه خۆمان ده‌توانین له هه‌رێمى كوردستان به‌رهه‌مى بهێنین.
ئێمه وه‌كو حكومه‌ت ئاماده‌ین له نزیكه‌وه كاربكه‌ین له‌گه‌ڵ كه‌رتى تایبه‌ت بۆ ده‌ركردنى ڕێنمایى پێویست و ئاماده‌ین پڕۆژه‌ى یاسا بنێرین بۆ په‌ڕله‌مان بۆ دابینكردنى پشتگیرى یاسایى، چونكه ده‌بێ به‌رنامه‌كانمان ته‌واوكه‌ى یه‌كترى بن.
پێویسته له به‌رنامه‌كان ڕه‌چاوى جۆرى به‌رهه‌م بكرێت نه‌ك زۆرى به‌رهه‌م به‌ته‌نها. ئێمه ده‌مانه‌وێت بایه‌خ به هه‌موو لایه‌نه‌كانى كشتوكاڵ بده‌ین له دارستان و ڕه‌زگه‌رى، له به‌رهه‌مى ڕوووه‌كى و ئاژه‌ڵى، له پڕۆژه‌كانى په‌له‌وه‌ڕ و ئاژه‌ڵدارى و پڕۆژه‌ى ئاودێرى و له توێژینه‌وه و په‌ره‌پێدان. ئه‌ویش به په‌یڕه‌وكردنى سیسته‌م و شێوازى تازه‌و سه‌ركه‌وتوو.
ئێمه ئاماده‌ین بۆ پشتگیرى كردنى كه‌رتى تایبه‌ت له هه‌ر یه‌ك له‌و بوارانه‌ى كشتوكاڵ. خۆشحاڵین كه‌وا ده‌بینین كه‌رتى په‌له‌وه‌ڕ یه‌كێكه له كه‌رته چالاكه‌كان و ژێرخانى ته‌واوى هه‌یه له كوردستان، به‌ڵام ئومێدمان وایه كه‌رته‌كانى تریش به‌هه‌مان شێوه بێنه پێش و ئێمه‌ش له حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان درێغى ناكه‌ین له پاڵپشتى كردن و هاوكارى كردنیان.
بووژاندنه‌وه‌ى ئه‌م كه‌رته ماناى دابینكردنى ده‌رفه‌تى كاركردنى زیاتره و هاندانى پیشه‌سازى زیاتره و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ژیانى خه‌ڵك و باشتركردنى گوزه‌رانى خه‌ڵكه.
كه‌رتى كشتوكاڵ به‌شێكى سه‌ره‌كییه له كه‌لتور و كۆمه‌ڵگا و ئابووریمان له هه‌رێمى كوردستان. مێژووى كشتوكاڵ له جیهان له هه‌رێمى كوردستان ده‌ستى پێكردووه. بۆیه نابێ دوابكه‌وین له پێشكه‌وتن له‌و بواره‌دا.
لایه‌نێكى تر زۆر پێویسته كارى له‌سه‌ر بكرێت و زیاتر هان بدرێت توێژینه‌وه‌ى زانستى و په‌ره پێدانه. بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش هاوكارى نێوان وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و زانكۆكانى ناوه‌وه و ده‌ره‌وه و زانكۆكانى تر له عیراق كارێكى زۆر گرنگه بۆ ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌كانى وه‌زاره‌ت و كه‌رتى تایبه‌ت ببن به سه‌نته‌رى توێژینه‌وه و په‌ره‌پێدان.
له دواى ڕاپه‌ڕین كه‌رتى كشتوكاڵیش وه‌كو هه‌موو شتیكى تر له هه‌رێمى كوردستان وێران بوو. بۆیه جوتیار و لادێ نشینان هه‌وڵى جددیان دا بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ى ئه‌م كه‌رته له ساڵى 91 تا ساڵى 96. به‌ڵام به داخه‌وه بڕیارى 986 ى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه به بڕیارى نه‌وت به‌رامبه‌ر به خۆراك ناسرابوو كاریگه‌رییه‌كى سلبى یه‌كجار زۆرى كرده سه‌ر ئه‌م كه‌رته ئابوورییه گرینگه‌مان له عیراق به گشتى و هه‌رێمى كوردستان به تایبه‌تى. حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وێڕاى نه‌بوونى بودجه و سه‌ختى بارودۆخ و ئه‌و گه‌ماڕۆ تونده‌ى خرابووه سه‌رى، بڕیارى دا گه‌نم و دانه‌وێڵه له جوتیاران بكڕێته‌وه.
له هه‌وڵه‌كانى ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ئاگادارم و كاره‌كانتان مایه‌ى دڵخۆشین و ده‌ست خۆشیتان لێ ده‌كه‌م. ده‌زانم هه‌وڵه‌كانتان هه‌مه‌لایه‌نه بوون. به‌ڵام ده‌بێ هێشتا به‌رده‌وام بین له كاره‌كانمان.
خۆشحاڵم به‌و به‌رنامانه‌ى كه هه‌تان بوو بۆ ناردنى كارمه‌ندانى وه‌زاره‌ت بۆ ده‌ره‌وه به مه‌به‌ستى ڕاهێنان و زیادكردنى شاره‌زایى له بواره جیاجیاكان. به‌پێى توانا له به‌رنامه‌ى په‌ره‌پێدانى سه‌رچاوه‌ى مرۆیى به‌رده‌وام بن، چونكه شان به شانى ته‌كنۆلۆژیا شاره‌زایى كارمه‌ندان هه‌وێنى پێشڤه‌چووونى كاره‌كانتان ده‌بێت.
به بۆچوونى ئێمه ستراتیژیه‌تى كشتوكاڵیمان له هه‌رێمى كوردستان خۆى له دوو ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى ده‌بینێته‌وه كه زۆر گرنگن بۆ ئاینده‌ى ئه‌م هه‌رێمه:
1. سه‌رچاوه‌ى كشتو‌كاڵى گرنگمان هه‌یه كه پێویسته به شێوه‌یه‌كى زانستیانه و كاریگه‌رانه به كارى بهێنین. ئه‌و سه‌رچاوانه‌ش كه‌ش و هه‌واى له‌بار و زه‌وى گونجاو بۆ كشتوكاڵ ، په‌یڕه‌وێكى كشتو‌كاڵى به‌هێز له كۆمه‌ڵگا و ده‌رفه‌تى بازاڕ ده‌گرێته خۆ.
2. له به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى كوردستان دایه كه په‌ره به سه‌رچاوه‌كانى كشتوكاڵیمان بده‌ین ئه‌وه‌نده‌ى پێمان ده‌كرێت ئه‌ویش بۆ مسۆگه‌ر كردنى ئاینده‌ى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تیمان.
بۆ دامه‌زراندنى بنه‌مایه‌كى پته‌و و سڕینه‌وه‌ى شوێنه‌وارى سیاسه‌تى چه‌وتى رژێمى رابردوو، ده‌بێ به به‌رنامه‌یه‌كى هه‌مه‌لایه‌ن و تێڕوانینێكى زانستیانه پلانى خۆمان دابڕ‌ێژین بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ى كه‌رتى كشتوكاڵ له هه‌رێمى كوردستان. ده‌بێ هه‌نگاوه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ڵێنین جوتیار و ئاژه‌ڵدار و خاوه‌ن كێڵگه‌كانى كوردستان حه‌زى به‌رهه‌مهێنانیان لا پیرۆزتر بێت. بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجانه ئێمه ستراتیژیه‌تى كشتوكاڵیمان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه داده‌ڕێژین له هه‌رێمى كوردستان :
1. چاره‌سه‌رى كێشه‌ى زه‌وى و زارى كشتو‌كاڵى: ئێمه ده‌زانین كه خه‌ڵك زیاتر خۆى ماندوو ده‌كات و به‌رهه‌مدار ده‌بن كاتێ له‌سه‌ر زه‌وى خۆیان كشتوكاڵ ده‌كه‌ن. ئه‌و هه‌وڵانه‌ى وه‌زاره‌ت له‌م ڕووه‌وه هانده‌رن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م كێشه‌یه كه كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌یه له هه‌رێمى كوردستان .
2. به‌كارهێنانى ته‌كنۆلۆژیاى سه‌رده‌م: حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كى داڕشتووه له رووى توێژینه‌وه و جێ به‌جێ كردن له بوارى ته‌كنۆلۆژیاى كشتو‌كاڵى. ئێمه له‌گه‌ڵ زانكۆ و سه‌نته‌رى توێژینه‌وه و سه‌نته‌ره‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌ى كشتو‌كاڵى له ناوه‌وه و له ده‌ره‌وه كارده‌كه‌ین بۆ دۆزینه‌وه‌ى ڕێگه‌ى گونجاو بۆ به‌كارهێنانى ته‌كنۆلۆژیا له‌م كه‌رته‌دا.
3. هاندانى خه‌ڵك بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر زه‌وى خۆیان: ئێمه ده‌زانین خه‌ڵك ئاماده‌یه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر زه‌وى و زارى خۆیان. به‌ڵام پێویسته خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان دابین بكه‌ین بۆ هاندانى خه‌ڵك بۆ چوونه‌وه دێهات و ده‌ست پێ كردنه‌وه به ژیانى لادێ كه كارێكى زۆر زه‌حمه‌ته به‌ڵام پێویسته ئێمه له هه‌رێمى كوردستان ئه‌و هه‌وڵه‌ى خۆمان بخه‌ینه گه‌ڕ، چونكه ئابوورى لادێ ستوونێكى به هێزى ئابوورى ده‌بێت له هه‌رێمى كوردستان.
4. رێكخستن و په‌ره‌پێدانى بازاڕ: له‌به‌ر پێگه‌ى جوگرافیمان پێویستیمان به‌وه هه‌یه كه به‌رهه‌مى ناوخۆیى بپارێزین. حكومه‌تى هه‌رێم پشتگیرى له دۆزینه‌وه‌ى بازاڕ ده‌كات بۆ جوتیاران بۆ به‌رده‌وام بوونیان له‌سه‌ر چالاكیه‌كانیان و مسۆگه‌ر كردنى ژیان و گوزه‌رانیان.
5. وه‌به‌رهێنان له كه‌رتى كشتو‌كاڵى: ئه‌وه‌ش لایه‌نێكى گرنگه كه هه‌وڵ ده‌ده‌ین جگه له كه‌رتى تایبه‌تى ناوخۆ هانى كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رى بیانیش بده‌ین بۆ كاركردن له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنان له كه‌رتى كشتوكاڵ كه به قازانجى هه‌موو لایه‌ك ته‌واو ده‌بێت.
6. په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان: هه‌موومان ده‌زانین كه له سه‌رانسه‌رى جیهان ئه‌زموونى زۆر هه‌یه له كه‌رتى كشتوكاڵ. پێویسته سوود له‌م ده‌رفه‌ته‌ش به ته‌واوه‌تى وه‌ربگرین. حكومه‌ت ناتوانێ به‌رپرسیارییه‌تى به‌رهه‌مى كشتو‌كاڵى وه‌ربگرێت. به‌ڵام ده‌توانێت پشتگیرى دابین بكات بۆ كه‌رتى تایبه‌ت تاكو ئه‌وان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك كار بكه‌ن بۆ مسۆگه‌ركردنى باشتركردن و زیادكردنى به‌رهه‌م.
جێى خۆیه‌تى سوپاسى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ بكه‌م كه له ماوه‌ى دوو ساڵى ڕابردوو چه‌ند كۆنفرانسێكى تایبه‌تى به كه‌رته جیاجیاكان سازكرد و ده‌رئه‌نجامى باشیان لێ كه‌وته‌وه. به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌نددار بوون به زه‌وى و زار و گرێبه‌ستى كشتو‌كاڵى و یاساكانى په‌یوه‌ندار به‌زه‌وى كشتو‌كاڵى.
ئێمه له حكومه‌تى هه‌رێم مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه كه په‌یوه‌ندى جوتیارو ئاژه‌ڵدار له‌گه‌ڵ زه‌وى به‌هێز بكه‌ین و له هه‌مان كاتدا پشتگیرى دابین بكه‌ین بۆ پاراستنى به‌رهه‌مى خۆماڵى، ده‌مانه‌وێت به باشترین شێوه سوود له زه‌وى وه‌ربگرین و به‌رهه‌م زیاد بكه‌ین به‌مه‌ش قۆناغێكى تر ده‌چینه پێش له به‌دیهێنانى ئاسایشى خۆراك.
خۆشحاڵین به‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ى كه هه‌یه ئه‌مڕۆ له نێوان وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ له هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ له حكومه‌تى فیدڕاڵ. به‌م شێوه‌یه خزمه‌تێكى گه‌وره‌ى كه‌رتى كشتوكاڵ ده‌كه‌ین له هه‌موو عیراقدا.
ئێمه ئه‌م ساڵ ڕامان گه‌یاندووه كه ساڵى كاركردنه له‌سه‌ر كه‌رتى كشتوكاڵ و ئامانجیش به‌دى هێنانى خودبژێوى و ئاسایشى خۆراكه له ماوه‌ى 5 ساڵدا. خۆشحاڵم به‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ى كه هه‌یه له نێوان وه‌زاره‌ته په‌یوه‌نداره‌كان له كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو و پیشه‌سازى و پلاندانان و بازرگانى و پارێزگاكان له هه‌رێمى كوردستان. چونكه له ئاكامى ئه‌م كاره هه‌ره‌وه‌زیه ده‌توانین پلانى تۆكمه و ته‌واوكه‌ر دابڕ‌ێژین كه هه‌موو فاكته‌ره‌كان بگرێته خۆ.
ئێمه بیرمان له بایه‌خ دان به بانكى كشتو‌كاڵى كردۆته‌وه‌و كارمان بۆى كردووه چونكه به پێویستمان زانیوه. هیوادارین ئه‌م بانكه ئه‌مساڵ بتوانێ بكه‌وێته كار‌و به‌جیددى كار بكات له بوارى كشتوكاڵ. وه‌كو حكومه‌ت ئێمه زۆر پشتگیرى له شێوازى تازه‌ى چاندن و مامه‌ڵه كردنین له‌گه‌ڵ زه‌وى. به‌ڕاستى پڕۆژه‌ى خانووه پلاستیكیه‌كان وه‌كو قوتابخانه‌یه‌ك وان و ئاكامه‌كانى دڵخۆشكه‌رن.
ئاگادارین كه ووشكه ساڵى كاریگه‌رى سلبى هه‌یه به‌سه‌ر به‌رنامه‌كانتان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئێوه بیرتان له‌وه كردۆته‌وه چۆن پشتیوانى له خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان و كێڵگه‌كان بكه‌ن. ده‌بێ سوود له‌م ئه‌زموونه‌مان وه‌ربگرین و شێوازى تازه به‌كاربهێنین بۆ پاراستنى سامانى نیشتیمانیمان.
ئه‌و هه‌وڵانه‌ى كه ده‌درێن بۆ ئه‌وه‌ى به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵ له‌سیسته‌مى كراوه بگۆڕین بۆ سیسته‌مى داخراو و كێڵگه‌یى به‌ڕاستى جێگه‌ى دڵخۆشین و له‌م رووه‌وه پشتگیرى وه‌زاره‌ت ده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێ كردنیان. چونكه به‌م شێوه‌یه له نێو كێڵگه له‌ڕووى ته‌ندروستى و زیاد كردنى به‌رهه‌م و كۆنتڕۆڵ كردنى له به‌رژه‌وه‌ندى خودى ئاژه‌ڵدار و ئابوورى هه‌رێمه. كه‌رتى تایبه‌ت لێره‌دا ده‌توانێت زۆر پشتیوانیمان بكات له باشتر كردنى جۆرى به‌رهه‌م و زیادكردن و دابین كردنى پێویستیه‌كانى بازاڕى هه‌رێم و بگره له هه‌رێمه‌وه بۆ ته‌واوى عیراق.
ئێمه به ئه‌ركى خۆمانى ده‌زانین ژینگه‌یه‌كى له‌بار بڕه‌خسێنین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م كه‌رته ببوژێته‌وه‌و به‌ره‌و پێش بچێت.
ئێمه هه‌ڵوێستمان وایه كه وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ چاودێرى بارودۆخى ئه‌م كه‌رته بكات و هه‌ڵسه‌نگاندن بكات و لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه ئه‌نجام بدات و له‌سه‌ر بنه‌ماى زانیارى راست و دروست سیاسه‌تى گشتى كشتوكاڵیمان دابڕێژێت.
ئێمه به‌دواى هاوبه‌شییه‌كى راسته‌قینه‌ین له‌گه‌ڵ خه‌ڵك كه حكومه‌ت ئه‌ركى سه‌ره‌كى به‌جێ بهێنێت و خه‌ڵكیش به‌شه‌كه‌ى تر ئه‌نجام بدات.
دووباره سوپاسى وه‌زیرى كشتوكاڵ و یه‌كه یه‌كه‌ى كارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ده‌كه‌م بۆ هه‌وڵى به‌رده‌وامیان.
ده‌ستخۆشى له هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م بۆ به‌شدارى كردنیان و ئومێدى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.
ئێوه‌ش هه‌ر شاد‌و سه‌ركه‌وتوو بن
دیسانه‌وه به‌خێربێن به‌سه‌رچاو زۆر سوپاس