|
سه‌رۆك بارزانی: با هه‌موو جیهان بزانێت قبوڵی ناكه‌ین بارێكی تایبه‌ت به‌سه‌ر كه‌ركوكدا بسه‌پێنرێت و چی ده‌بێت با ببێت |
|
|

|
kurdistantv@kurdistantv.net
28 تشرين الأول, 2009
|
|
KTV ...
وتاری سه‌رۆك بارزانی له رێوڕه‌سمی متمانه‌به‌خشین به كابینه‌ی شه‌شه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
به ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان
خوشك و برایانی به‌ڕێز.. میوانه به‌ڕێزه‌كان
بێگومان
دوا هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان كه له‌رۆژی بیست و پێنجی ته‌مموزی
رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، به شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو به به‌شداریی
رێژه‌یه‌كی زۆری هاوڵاتیانی كوردستان كۆتایی پێهات و روویه‌كی تازه و
شارستانی پێشكێش به جیهان كرد، له‌ناوخۆشدا پرۆسه‌كه به شێوه‌یه‌كی نوێ
پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگای كوردستانی به‌خۆوه بینی، ئه‌ویش به پشت به‌ستن به
بنه‌ماكانی دیموكراسی و ئازادی راده‌ربڕین، له‌م پرۆسه‌یه‌دا ده‌رفه‌تێكی
باش خرایه‌به‌رده‌م هه‌موو لیست و قه‌واره جیاجیاكان، تا بتوانن
ئازادانه و بێ هیچ سانسۆرێك به‌شداری بكه‌ن و دوای راگه‌یاندنی
ئه‌نجامه‌كانیشی ده‌رفه‌تێكی باشیان بۆ ره‌خسێنرا تا هه‌رچی سكاڵایان
هه‌یه به‌و به‌په‌ڕی ئازادییه‌وه تۆماری بكه‌ن، به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی ئه‌و
لیست و قه‌وارانه و هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان بۆ ئه‌و
پرۆسه‌یه نیشانه‌ی دڵسۆزی و وه‌فادارییان بوو به‌رامبه‌ر به‌و
ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه به خوێنی هه‌زاران شه‌هید و خه‌بات و تێكۆشانی
پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان هاتۆته دی، كه ئه‌ویش خۆی له‌خۆیدا
دووپاتكردنه‌وه و سووربوونی گه‌له‌كه‌مانه بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه
ره‌واكانی و هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر، پێكهێنانی
په‌رله‌مانی كوردستان له‌و لیست و قه‌وارانه‌ی كه ده‌نگی پێویستیان
هێنابوو، ده‌ستكه‌وتێكی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان بوو، ئه‌ركه‌كانی ئه‌و
په‌رله‌مانه تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك به‌ڕێوه ده‌چێت و
ئومێده‌وارم ئه‌ندامانی به هه‌ستكردن به به‌رپرسێتی مێژوویی خۆیان
به‌رده‌وام بن له ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانیان بۆ به‌رچه‌وه‌ندی گه‌ل و
نیشتمان.
خوشكان برایان..
به پێی
راسپارده‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، رۆژی بیست و نۆی ئه‌یلوولی رابردوو،
وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێزان دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح و
ئازاد به‌رواریم به فه‌رمانێكی فه‌رمی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی
شه‌شه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی هه‌مان فه‌رمان ده‌بووایه
ئه‌و دوو برایه له ماوه‌ی سی رۆژدا كابینه نوێیه‌كه‌ی حكوومه‌ت پێك
بهێنن، كه ئه‌مڕۆ خۆشبه‌ختانه و به‌ر له ته‌واوبوونی ئه‌و ماوه‌یه
پێكهاته‌ی حكوومه‌تیان پێشكێش كردووه كه هیوادارم جێی متمانه‌ی
ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بن و پاش متمانه‌كه‌ش به‌وپه‌ڕی
توانای خۆیانه‌وه خزمه‌تی گه‌لی كوردستان بكه‌ن و درێژه به كار و
ده‌ستكه‌وته گه‌وره‌كانی كابینه‌ی پێنجه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
بده‌ن، پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕكردنی ده‌ستهه‌ڵات لای ئێمه پره‌نسیپه، پێكهێنانی
كابینه‌ی شه‌شه‌میش ته‌ئكید له‌و ده‌كاته‌وه كه ئێمه هه‌میشه پابه‌ند
بووینه به قسه و به‌ڵێنه‌كانی خۆمان، كه ئه‌ویش راستگۆیی ئێمه
ده‌سه‌لمێنێ له به‌رامبه‌ر هه‌ر به‌ڵێنێك ده‌یده‌ین، ئه‌و راستگۆییه‌ش
لای ئێمه له‌هه‌موو شتێك گرنگتره، چونكه متمانه له نێوان ده‌سه‌ڵات و
جه‌ماوه‌ردا دروست ده‌كات، لێزه حه‌ز ده‌كه‌م سوپاسگوزاری خۆم و گه‌لی
كوردستان ئاراسته‌ی سه‌رۆك و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی و وه‌زیره به‌ڕێزه‌كانی
كابینه‌ی پێنجه‌م بكه‌م كه به‌راستی كار و ده‌ستكه‌وته‌كانیان مێژوویی
بوون و له‌سه‌رده‌می ئه‌و كابینه‌یه‌دا هه‌رێمی كوردستان گوێزانه‌وه‌یه‌كی
جۆره‌كی به‌خۆیه‌وه بینی، كه حه‌قه هه‌موومان شانازی پێوه بكه‌ین، به
تایبه‌تی رۆڵی به‌رچاوی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی كابینه‌ی
پێنجه‌م جێی رێز و پێزانینه، چونكه له كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا
سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و كابینه‌یه‌ی وه‌رگرت و سه‌ركه‌وتووانه ته‌وانی ئه‌و
كابینه‌یه به حه‌ق بكاته كابینه‌ی خزمه‌تگوزاری و گه‌شه‌ی ئابووری و
كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تی خسته سه‌رووی هه‌موو
به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و حكوومه‌تی كرده حكوومه‌تی هه‌موو پێكهاته‌كانی
گه‌لی كوردستان، كه ئه‌مه‌ش جێی شانازی ئێمه‌یه و هیوادارم كابینه‌س
شه‌شه‌م به‌هه‌مان نه‌فه‌سی كابینه‌ی پێنجه‌م كار‌و ئه‌ركه‌كانی خۆی
ئه‌نجام بدات و به رێكوپێكی هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی كاری
ئاینده‌ی خۆی بدات، كه ده‌كرێ ئاماژه به هه‌ندێكیان بكه‌ین:
یه‌ك:
كابینه‌ی پێنجه‌م چه‌ند ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی هه‌بووه، بۆیه پێویسته
كابینه‌ی شه‌شه‌م ئه‌و پرسه به یه‌كێك له ئه‌وله‌ویاته‌كانی دابنێت و
كاری جددی بۆ بكات، پێویسته له جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی ستراتیجییه‌تی
حكوومه‌ت بۆ شه‌فافییه‌ت و حوكمڕانیی، پاش ریفۆرمی ئیداری، درێغی نه‌كات و
هه‌نگاوی جددی بهاوێژێ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه.
دوو:
ئێمه بڕوای ته‌واومان وایه كه سیسته‌می دادوه‌ریی ده‌بێ سیسته‌مێكی
پیشه‌یی سه‌ربه‌خۆ و به‌هێز بێت و ده‌بێ كۆمه‌ڵگا به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا
هه‌ستی پێبكات، دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ
بوو له‌م پێناوه‌دا، ده‌بێ ئه‌م كابینه‌یه كار بۆ یاساپه‌روه‌ریی و
مسۆگه‌ركردنی یه‌كسانیی له نێو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا بكات، هه‌روه‌ها كار
بۆ دامه‌زراندنی داواكارییه‌كی به‌هێز بكات له هه‌رێمی كوردستان، كه
خۆشبه‌ختانه من پێموایه ئختیارێكی زۆر باشمان كردووه.
سێ:
ئه‌مڕۆ ئێمه به قۆناغێكی سه‌خت و ناسكدا تێده‌په‌ڕین و له‌هه‌موو كاتێك
زیاتر پێویستیمان به پاراستنی یه‌كڕیزیی و برایه‌تی و یه‌كێتی هه‌یه
له‌سه‌ر پرسه هه‌ستیاره‌كان، بڕوای ته‌واومان به‌وه هه‌یه له
دیموكراسیدا ده‌بێ بیروڕای جیاواز هه‌بێ، و رێز له بۆچوونی یه‌كتر
بگیرێت، به‌ڵام بۆچوونی جیاواز نابێ كاریگه‌ریی سه‌لبی هه‌بێ له‌سه‌ر
پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان، یه‌كڕیزیی و یه‌كهه‌ڵوێستی كلیلی
سه‌ركه‌وتنی ئاینده‌مانه.
چوار: كابینه‌ی پێنجه‌م وه‌ك
چۆن پێشتر له ئاست خواست و داخوازییه‌كانی خه‌ڵك بوو، ده‌بێ به‌هه‌مان
شێوه له‌سه‌رده‌می كابینه‌ی شه‌شه‌م له خه‌می جێبه‌جێكردنی
داخوازیه‌كانی هاوڵاتیاندا بێت و ده‌بێ حكوومه‌ت هه‌وڵی دامه‌زراندنی
كۆمه‌ڵگایه‌كی دروست و خوێنده‌وار و دیموكراس بدات و خزمه‌تگوزارییه‌كانی
له‌هه‌موو روویێكه‌وه بۆ دابین بكات، ئێمه جه‌خت له‌سه‌ر دروستكردنی
په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و ده‌كه‌ینه‌وه له نێوان ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ر بۆ
بوونی تێگه‌یشتنی زیارتر، تاوه‌كو به‌رنامه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی خواستی
هاوڵاتیان بێ.
پێنج: یه‌كێك له‌و كاره گرنگانه‌ی كه
خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه شانازی پێوه ده‌كه‌ن باری ئارام و
سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستانه، له ماوه‌ی چوارساڵی رابردوو قورسترین
ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم به‌رقه‌راركردنی ئاسایش و پارراستنی سه‌ر و ماڵی
هاوڵاتیان بووه، هیوادارم كابینه‌ی شه‌شه‌م له‌سه‌ر هه‌مان رێچكه گرنگی
به پاراستنی سه‌روماڵی هاوڵاتیان و ئارامی و سه‌قامگیریی بدات، چونكه
ئاشتی و سه‌قامگیریی كلیلی هه‌نگاونانه بۆ به‌دیهێنانی به‌رنامه‌كانی
په‌ره‌پێدان.
شه‌ش: سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان
دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق توانی هێزی پێشمه‌رگه وه‌ك هێزێكی فه‌رمی و
نیزامی له ده‌ستووری عێراق بچه‌سپێنێ بۆ پارێزگاریكردن له هه‌رێمی
كوردستان، ئه‌ركی هه‌رێمه گرنگیی به یه‌كخستن و رێخستنی ریزه‌كانی
پێشمه‌رگه بدات و ژیان و گوزه‌رانیان باشتر بكات، ده‌بێ ژیانێكی
شایسته‌یان بۆ مسۆگه‌ر بكات، چونكه ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه كردوویه‌تی له
قۆناغه سه‌خت و دژواره‌كان ناكرێ له یاد بكرێت، ئه‌ركی هه‌ره گه‌وره‌ی
هه‌رێم ئه‌وه‌یه یه‌ك له‌شكر بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست بكات، و به هیچ
جۆرێك نابێ له‌مه‌ودوا له‌شكری سه‌ر به حزبه‌كان بمێنێ، هه‌روه‌ها
ده‌زگایه‌كانی تری ئه‌منیی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و یاسایی بێنه رێكخستن،
ئێمه ده‌وڵه‌تی موئه‌سه‌سات داده‌مه‌زرێنین، و دڵنیام گه‌لی كوردستان
هه‌مووی له‌پشتمانه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ده‌فه ته‌حقیق بكه‌ین، و به‌ڵێن
به گه‌لی كوردستان ده‌ده‌ین حه‌تمه‌ن ئه‌م ئامانجه ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێ،
و ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ نه‌كرا دیسان به‌ڵێنی ئه‌وه به گه‌لی كوردستان
ده‌ده‌م پێیان بڵێین بۆ جێبه‌جێ نه‌كرا و كێ سه‌به‌به.
حه‌وت:
نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه رێك بخرێت و له‌مه‌ودواش نابێ حزبه‌كان
په‌یوه‌ندییان به حكوومه‌تی وڵاتانی تره‌وه هه‌بێ، ومن ئه‌م قسه‌یه
ئاراسته‌ی حزبه‌كانی تری هاوپه‌یمان ده‌كه‌م یه‌كه‌مجار مه‌به‌ستم پارتی و
یه‌كێتییه، ئه‌مه نه‌ك له‌سه‌ر حزبه‌كانی تر ته‌تبیق ده‌بی و پارتی و
یه‌كێتیش به ئاره‌زووی خۆیان مه‌كاتب بكه‌نه‌وه عیلاقات دروست بكه‌ن،
عیلاقاتی ره‌سمی له‌رێگه‌ی هه‌رێمه‌وه ده‌بێ.
هه‌شت:
دیاره حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌میشه رێزی له خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی
شه‌هیدان گرتووه، ئه‌و شه‌هیدانه‌ی ئازادییان بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان
به‌ده‌ستهێنا، ده‌بێ خانه‌واده‌ی ئه‌نفالكراوه‌كان و منداڵ و بنه‌ماڵه‌ی
شه‌هیدان زیاتر ئاوڕیان لێ بدرێته‌وه و له‌هه‌موو به‌رنامه و پرۆژه‌یه‌ك
به‌شی شیاوی خۆیان بۆ دابین بكرێت.
نۆ: حكوومه‌تی هه‌رێم
توانی رێ له‌هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه بگرێت كه ده‌یانویست درز بخه‌نه
نێوان پێكهاته ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بگره
عێراقیش، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ریته جوانه بشێوێنن، كه تا ئێستا شانازی
به پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان ئاین و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان
ده‌كه‌ین له هه‌رێمی كوردستان، بۆیه پاراستنی كه‌لتووری لێبورده‌یی و
پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه ده‌بێ له‌سه‌رووی هه‌موو به‌رنامه كۆمه‌ڵایه‌تی
و سیاسییه‌كانمان بێت.
ده: وه‌ك ده‌زانن چه‌ند پرسێكی
گرنگ به هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه له نێوان هه‌رێم و به‌غدا، وه‌ك پرسی
ماده‌ی سه‌دوچلی ده‌ستوور و پێشمه‌رگه و نه‌وت و غاز و هاوبه‌شی
له‌ده‌سه‌ڵات له ئاستی فیدراڵ، و له‌پاڵ پرسی فیدراڵیزم دیموكراسی بۆ
عێراق، دیاره هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌رێگای دایه‌لۆگ و پشت به‌ستن به
ده‌ستوور دێنه دی، هه‌رێم هه‌وڵی زۆری دا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان،
ئه‌و كێشانه ئه‌مڕۆ گرنگن بۆ ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌مان، ئێمه به هیچ
شێوه‌یه‌ك سازش له‌سه‌ر مافی گه‌له‌كه‌مان ناكه‌ین و پشت ئه‌ستوورین به
ده‌ستوور.
یازده: ئێمه پشت له به‌غدا ناكه‌ین و به
پێچه‌وانه‌وه رووله به‌غدا ده‌كه‌ین، پێگه‌ی خۆمان له به‌غدا به‌هێز تر
ده‌كه‌ین، ئێمه هاوبه‌شی سه‌ره‌كین له پرۆسه‌ی سیاسی و بنیاتنانه‌وه‌ی
عێراق، چه‌كی كاریگه‌ریشمان ده‌ستووره كه زۆرینه‌ی عێراقییه‌كان
ده‌نگیان بۆ داوه، له دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراقیش ئێمه به كرده‌وه
سه‌لماندمان كه به‌شێكین له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و ئێمه یه‌كێتی
عێراقمان پاراست، له هه‌وڵه‌كانمان پاشگه‌ز نابینه‌وه بۆ بنیاتنانی
عێراقێكی فیدراڵی دیموكراتی فره‌حزبی.
دوازده:
په‌رله‌مانی كوردستان له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا یاسای نه‌وت و
غازی هه‌رێمی كوردستانی په‌سه‌ند كرد، سیاسه‌تی كابینه‌ی پێنجه‌می
حكوومه‌ت له چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسایه داڕێژرا و پیاده‌كرا، سیاسه‌تی
سه‌ركه‌وتووی نه‌وت و غازمان، پێگه‌ی سیاسی و ئابووری هه‌رێمی كوردستانی
به‌هێزكرد، له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی و ئابووری جیهان، پاراستن و
گه‌شه‌پێدانی ده‌ستكه‌وته‌كانمان له بواری نه‌وت و غازدا ده‌بێ ئه‌ركی
سه‌ره‌كی كابینه‌ی شه‌شه‌م بێ، و ته‌ئكید ده‌كه‌مه‌وه كه ئه‌م
سیاسه‌ته‌ی نه‌وت و غاز به‌رده‌وام ده‌بێت و هیچ فشار و پلانێكیش ته‌ئسیر
ناكات.
سێزده: پێوه‌رمان بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی
هه‌ڵبژاردنه سه‌رتاسه‌ریه‌كانی عێراق پابه‌ندبوونه به ده‌ستوور و
دیموكراسی و چه‌سپاندنی سیسته‌می فیدراڵی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه به
رێگای دیالۆگ، لێره‌دا بۆ هه‌رێمی كوردستان داوای یه‌كهه‌ڵوێستی ده‌كه‌م
به‌رامبه‌ر به پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، سازدانی هه‌ڵبژاردنیش له كاتی
خۆیدا به پێویستییه‌كی گرنگ ده‌زانین.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ
به‌ڕێزتان ئاگادار بن، كه به راستی تێكه‌ڵكردنی كه‌ركووك به شێوه‌یه‌كی
تایبه‌تی له‌مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراق، راكردنه له حه‌قیقه‌ت
راكردنه له واقیع، هه‌ر رۆژه به‌زمێكی تازه‌مان بۆ دێنن، ره‌ئی ئێمه
زۆر روون و ئاشكرایه، په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان به راشكاوی ره‌ئی
خۆی دا، ئه‌و رۆژه له‌گه‌ڵ حزبه سیاسییه‌كان هه‌موو ره‌ئی خۆیان به
راشكاوی داوه و یه‌كهه‌ڵوێستین ئێمه وه‌كو خه‌ڵكی كوردستان و وه‌كو
هێزه سیاسییه‌كان، ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا
ببێ، ئێمه ده‌مانه‌وێ كه‌ركووكیش وه‌كو هه‌ر پارێزگایه‌كی تر هه‌ڵبژاردنی
تێدا بكرێ، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانێك هه‌ن به‌ختان ده‌كه‌ن ده‌ڵێن ته‌زویر كراوه
له كه‌ركووك یان هه‌ندێ جار ده‌ڵێن شه‌ش سه‌د هه‌زار، له‌هه‌ندێ شوێن لای
ئه‌مریكییه‌كان و لای ئه‌روپییه‌كان ده‌ڵێن هه‌شت سه‌د هه‌زار كوردمان
هێناوه له توركیا و ئێران چونكه كوردی عێراق به‌شی نه‌كردووه بۆ
ئه‌وه‌ی ئێمه دیموگرافی كه‌ركووك بگۆڕین، باشه ئه‌گه‌ر بوختانیش بكه‌ن
به شێوه‌یه‌ك بیكه‌ن بچێته عه‌قڵ، توخوا ئێوه ویژدانتان شه‌ش سه‌د
هه‌زار یا هه‌شت سه‌د هه‌زار كێشكه‌ش بزر ده‌بێ له شارێكی وا نه‌ك
ئینسان؟!، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه‌ش ده‌ڵێین زۆر ته‌زویر كراوه چۆن مووسڵ
یه‌ك ملیۆن كه‌سی زیاد كرد؟ خۆ ماشه‌ڵڵا كورد زۆرتره له خه‌ڵكی تر زووتر
زیاد ده‌كات، چۆن مووسڵ ملیۆنێك زیادی كرد؟!، گوتمان ئێمه مانعمان نییه
ئه‌گه‌ر حه‌ز بكه‌ن ته‌دقیق له سجلات بكرێ با له هه‌موو عێراق بكرێ،
له‌هه‌ر كوێ شكی له‌سه‌ر هه‌یه، به‌ڵام ته‌حدیده‌ن بۆ كه‌ركووك ئه‌مه
مه‌به‌ستێكی له‌پشته!، غه‌ره‌زێكی تری له پشته‌وه‌یه، ئێمه حازرین با
ته‌دقیق بكرێ له سجلات، ئنتیخابات با ببێ، ته‌زویر كرابێ فه‌رموو با ئه‌و
نسبه‌ته له‌غو بكرێ، به‌ڵام هه‌موو عێراق ته‌واوه ته‌نیا كه‌ركووك؟!، خۆ
قه‌ده‌ری كه‌ركووك و كه‌ركووكییه‌كان هه‌ر ئه‌وه نییه غه‌دریان لێ بكرێ،
هه‌ر له‌ژێر زوڵمدا بژین، هه‌ر غه‌دریان لێ بكرێ، ئه‌مجاره بڕیاری
كوردستانه با هه‌موو دنیاش تێبگات: ئێمه رازی نابین هیچ خسووسییه‌تێك بۆ
كه‌ركووك دابنێن و كه‌ركووك جیابكرێته‌وه له هه‌ڵبژاردن، یا وه‌كو
پارێزگایه‌كانی تر ده‌كرێ، یان ئێمه رازی نابین و چش ده‌بێ با ببێ.
و
لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم سوپاسی نوێنه‌رانی گه‌لی كوردستان بكه‌م له
په‌رله‌مانی عێراق، چونكه به راستی له‌م شه‌ڕه‌دا زۆر زۆر رۆڵێكی
كاریگه‌ریان بینیوه و سوپاسیان ده‌كه‌ین.
چوارده:
كابینه‌ی شه‌شه‌م ده‌بێ سوود له‌و په‌یوه‌ندییه فراوانه وه‌ربگرێ كه
له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوو له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان و دۆستانمان
له‌سه‌رتاسه‌ری دنیا دروستمان كردووه، تا ئێستا شازده وڵات نووسینگه‌ی
دبلۆماسییان هه‌یه له هه‌ولێر له هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێ كار بۆ
فراوانكدرنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و عه‌ره‌بی
و جیهان بده‌ین بۆ مسۆگه‌ركردنی تێگه‌یشتنی باشتر و به‌ره‌وپێشبردنی
په‌یوه‌ندییه سیاسی و ئابوورییه‌كان.
پازده: شان به
شانی كاركردن له كه‌رته‌كانی دیكه، ده‌بێ بایه‌خ به كه‌رتی ئابووری
بدرێ و پێویسته كابینه‌ی شه‌شه‌م له‌سه‌ر هه‌مان رێكه‌ی كابینه‌ی پێنجه‌م
به‌رده‌وام بێت و بایه‌خێكی زۆریش به كشتوكاڵ بدرێ، وه‌كو بڕبڕه‌ی پشتی
ئه‌و كه‌رته ئابوورییه، ئه‌ویش به هاوچه‌رخكردنی كشتوكاڵ له رووی
هێنانی ته‌كنه‌ڵۆجیا و به‌كارهێنانی شێوازی سه‌رده‌میانه، به‌شێوه‌یه‌ك
بگاته ئه‌و ئاسته‌ی هه‌رێم پێویستی به به‌رهه‌می هاورده نه‌مێنێ و پشت
به به‌رهه‌می خۆماڵی ببه‌ستێ و له‌م رووه‌وه‌ش گرنگیدان به كۆچكردنی
پێچه‌وانه واته له شاره‌وه بۆ دێهاته‌كان، ده‌بێ له ئه‌وله‌وییاتی
ئه‌و كابینه‌یه بێت.
شازده: بایه‌خدان به كه‌رتی
پیشه‌سازی و دروستكردنی كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنی هه‌مه‌جۆر بۆ ئه‌وه‌ی
ده‌رفه‌تی كار بۆ هاوڵاتیان زیاتر بێ و له‌رووی پێداویستی بیناسازی و
خزمه‌تگوزاری بتوانین پشت به به‌رهه‌می ناوخۆ ببه‌ستین، هه‌رێمی كوردستان
له رووی دامه‌زراندنی پیشه‌سازی گه‌وره و به‌رهه‌مهێنی له ئاستی پێویست
نییه و ده‌بێ زیاتر كاری بۆ بكرێ.
هه‌ڤده: بایه‌خدان
به دامه‌زراوه مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پێشخستنی بواری
په‌روه‌رده و ته‌ندروستی بۆ هێنانه‌ئارای نه‌وه‌یه‌كی هۆشیار و
خوێنده‌وار و ته‌ندروست، په‌روه‌رده و ته‌ندروستی دوو كۆڵه‌گه‌ی سه‌ره‌كی
هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كن، بۆ ده‌بێ بایه‌خ به‌و دوو بواره بدرێ.
هه‌ژده:
به‌رده‌وامبوون له هه‌وڵه‌كانی كابینه‌ی پێنجه‌م له رووی داكۆكیكردن و
پاراستنی مافی ئافره‌تان و ده‌ستهه‌ڵاتدان به ژنان و به‌هێزكردنی
پێگه‌یان له كۆمه‌ڵگا و هه‌روه‌ها بایه‌خدان به مافه‌كانی مرۆڤ به
شێوه‌یه‌كی گشتی.
نۆزده: په‌ره‌پێدان به رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی كه سوودیان له كوشوهه‌وای سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه.
بیست:
بڕوای ته‌واو به رۆژنامه‌گه‌ری ئازاد و ئازادی راده‌ربڕین، پێویسته
كوردستان ببێته نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو له رووی په‌یڕه‌وكردن و
پیاده‌كردنی بنه‌ماكانی دیموكراسی، ده‌ركردنی یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری و
ره‌خساندنی زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ رۆژنامه‌نووسان تا ئازادانه راستییه‌كان
بخه‌نه روو، هه‌نگاوێكی مه‌زن بوو، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ده‌بێ ئه‌و
رۆژنامه‌گه‌رییه پابه‌ندی په‌یمانی شه‌ره‌فی راگه‌یاندن بێت.
هه‌رێمی
كوردستان توانی بناغه‌یه‌ك بۆ گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتوگوزار دابنێ و
گرنگییش به شوێنه‌واره مێژوویی و ئاینییه‌كان بدات، به‌ڵام له كابینه‌ی
شه‌شه‌م پێویسته زیارتر هانی گه‌شتوگوزار بدرێ و سوود له سروشتی
سه‌رنجڕاكێشی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگیرێ، ئه‌ویش به‌سوود وه‌رگرتن له
شاره‌زایی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له‌و بواره‌دا خاوه‌ن ئه‌زموونن.
پاراستنی
ژینگه ده‌بێ زۆر بایه‌خی پێ بدرێ و پێویستیشه زیارتر په‌ره به
بڵاوكردنه‌وه‌ی هوشیاری بده‌ین له‌ناو هاوڵاتیاندا بۆ فراوانكردنی پانتایی
سه‌وزایی و دارستان و ناشبێ كارگه و دامه‌زراوه‌كان ببنه فاكته‌رێك بۆ
پیسكردنی ژینگه.
دامه‌زراندن و بایه‌خدان به ده‌زگای
ده‌ستپاكی و به‌هێزكردنی ده‌زگای چاودێری دارایی، داوا ده‌كه‌م هه‌موو
وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان پابه‌ندی یاسا بن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كاری
نایاسایی ئه‌نجام نه‌ده‌ن و نه‌چنه ژێر فشاری هیچ كه‌سێك، و له
حاڵه‌تێكیشدا ئه‌گه‌ر كه‌وتنه ژێرباری فشاری هه‌ر كه‌سێك یان به‌رپرسێك
له‌هه‌ر پله و پایه‌یێكدا بێ، بۆیان هه‌یه بێنه لام و ئاگادارم
بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به پێی یاسا ئیجرائاتیان له‌گه‌ڵدا بكرێ.
داوا
له فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت ده‌كه‌م كه به روویه‌كی خۆش پێشوازی له
هاوڵاتیان بكه‌ن و دوور له رۆتین كاره‌كانیان بۆ راپه‌ڕێنن، له‌هه‌مان
كاتیش‌دا داوا له هاوڵاتیانی به‌ڕێز ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر له فه‌رمانگه‌كانی
حكوومه‌ت كۆسپ خرایه سه‌ر رێگه‌ی كاره‌كانیان یان داوایه‌كی نایاساییان
لێ كرا به‌په‌له ئاگاداری دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكه‌ن.
له
كۆتاییدا داوای سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازم، ئینشائه‌ڵڵا به
پشت به‌ستن به خوای گه‌وره و به ئومێدێكی زۆر و به بڕوایه‌كی به
هێزه‌وه، پێكه‌وه هه‌نگاو به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش و خۆش ده‌نێین،
جارێكی تر سوپاس بۆ كابینه‌ی پێنجه‌م و داوای سه‌ركه‌وتن بۆ كابینه‌ی
شه‌شه‌م ده‌كه‌م و ئومێدم زۆره به‌رنامه‌ی لیستی كوردستانی
سه‌ركه‌وتووانه جێبه‌جێ بكه‌ن و له كۆتاییدا هه‌زاره‌ها سڵاو ده‌نێرین
بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كورد و كوردستان.
|
|