زۆر سوپاس جەنابی سەرۆك بۆ ئەو دەرفەتە، خۆشحاڵین بە دیداری جەنابتان و خۆشحاڵین لە بەغداوە هاتینە ئێرەو لەو ئارامییە داین .
سەرۆكی كوردستان: زۆر سوپاس بۆ ئێوە بەخێربێن .
با بەگشتی باسی بارودۆخی كوردی ئێراق بكەین، كاتێ سەیری ئەو خەباتە دەكەین كە باوكی بەڕێزتان لە پێناویدا كردی و لە پێناویدا شەڕی كرد و تێكۆشا ئایا بە بارودۆخی ئێستای ئێراق خۆشحاڵن ؟
سەرۆكی كوردستان: بێگومان بەو بارودۆخەی هەیە زۆر خۆشحاڵم، چونكە ئەگەر لەگەڵ بارودۆخی پێشتری بەراورد بكەین دەبینین پرسی نەتەوەكەمان زۆر چۆتە پێش.
هەرچەندە ئەمڕۆ ئێراق، ئێراقی فیدراڵییەو دەستووری خۆی هەیە، كە دەستوورێكی زۆر رێكوپێكە، ئەگەر خیلافیشمان هەبێ، بەڵام ئێمە لە حوكم بەشدارین لە حكوومەت و پەرلەمانی فیدراڵ .
ئەمڕۆ لە كوردستاندا حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان هەیەو میللەتی ئێمە ئازادە، كوردستانیش ئاوەدانە و رۆژ بەرۆژ ئاوەدانتر دەبێ . لەگەڵ ئەوەی تێبینی و كێشەش هەن، بەڵام بێگومان من خۆشحاڵم، چونكە ئەو خەبات و ماندووبوونە بەفیڕۆ نەچوو .
ئەگەر سەیری قۆناغەكانی مێژوو بكەین دەبینین كورد قوربانیەكی زۆری داوە بەتایبەتی لەسەردەمی سەددام. ئەو پێشبینی و ویستانەی كاتی خۆی هەتانبوو چی بوون و ئایا ئەوەی ئێستا بەدەست هاتوون لە ئاستی ئەو قوربانیانەن كە ئێوە داوتانە؟
سەرۆكی كوردستان: لە دەستپێكی شۆڕشی گەورەی كوردستان، شۆڕشی ئەیلوول دروشمی ئێمە دیموكراسیەت بۆ ئێراق و مافی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی كورد بوو، ئەمەش بۆ فیدراڵیزم پێشكەوت ئێستا ئەوە هاتۆتە دی، بەڵام وەكو هەر نەتەوەیەك ئێمە مافێكی سرووشتی رەوای خۆمان هەیە كە وڵات و دەوڵەتی خۆمان هەبێ، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدانیم ئەو مافە بەتوندوتیژی و بەشەڕ بێتەدی .
مەبەستی من جەنابی سەرۆك ئەوەیە، ئایا ئەو فیدراڵیزمەی لە ئێراقدا هەیە ویستەكانی ئێوەی بەدەستهێناوە ئایا ئەو مافانەی هەتانە بەقەد ئەو قوربانیانەیە كە داوتانە ؟
سەرۆكی كوردستان : بەپێی ئەو دەستوورەی كە ئەمڕۆ ئێراق هەیەتی دەستكەوتێكی زۆر بۆ گەلی كورد بەدەست هاتوون، بەڵام هەندێجار ناكۆكی دەربارەی تەفسیری چەند ماددەیەكی دەستووری دێتە ئاراوە یانیش لەبارەی جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە ناكۆكی دێتە ئاراوە. ئێمە ناكۆكیمان دەربارەی دەستوور نییە، بەڵام هەندێجار لەسەر جێبەجێكردن یا لەسەر تەفسیری ماددەكانی دەستوور ناكۆكی دێنە ئاراوە .
دەربارەی پرسی كەركووك و راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان وەك باسكراوە ئێوە تێبینی زۆرتان دەربارەی ئەو راپۆرتە هەیە، زۆر لایەن دەڵێن ئێوە ناتانەوێ دەسەڵاتی كەركووك دابەشبكرێ یانیش ببێتە هەرێمێكی سەربەخۆ یانیش هەر پێشنیارێك كە لە "UN"ەوە بێت، دەتوانن پێمان بڵێین مەسەلە چییە ؟
سەرۆكی كوردستان: بەپێی دەستوور ماددەی 140 ماددەیەكی گرنگی دەستوورەو تەنها بۆ كەركووك نییە، بەڵكو بۆ شوێنەكانی دیكەشە، بەڵام ماددەی 140بەپێی دەستوور چارەسەری بۆ ئەوە مەسەلەیە داناوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆ جێبەجێ ناكرێ ؟
راپۆرتی UNزۆر درێژە. ئێمە لیژنەیەكمان بۆ دیراسەتی داناوە وەڵامەكەش لەكاتی خۆیدا ئامادە دەبێ. ئێمە نامانەوێ بەر لە تەواوبوونی كاری لیژنەكە وەڵامی خۆمان بخەینە بەردەست دیمستۆرا و لایەنەكانی دیكە، بۆیە من جارێ ناتوانم وەڵامی ئەو مەسەلەیە لە رۆژنامە بدەمەوە تەنها دەمەوێ یەك خاڵ بڵێم، ئێمە ئالتەرناتیڤی 140 قبوڵ ناكەین .
جەنابی سەرۆك ئەگەر باسی پەیوەندی نێوان حكوومەتی كوردستان و حكوومەتی ئێراق بكرێ، وەك دیارەو زۆر لە میدیاكان باسی لێوەدەكەن گرفتی زۆر لەنێوان ئێوەو بەغدا لەساڵی رابردوودا هەبوو، دەكرێ بەڕێزتان جۆری ئەو پەیوەندییەمان بۆ روونبكەنەوە لە كاتی ئێستادا؟ دەكرێ پێمان بڵێن ئەو پەیوەندییە ئەمڕۆ لە پێشكەوتندایە ؟
سەرۆكی كوردستان: من ناتوانم ئینكاری ئەوە بكەم ناكۆكی لەنێوان ئێمەو بەغدا هەیە، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی پێویستە ئەو گرفتانە چارەسەر بكرێ، دەستووریش لەو بارەیەوە حەكەم بێ .
جەنابی سەرۆك لە دوایین دیمانەتان لە رۆژنامەی "الشرق الاوسگ" ئێوە گوتتان كورد لێبووردەیی لە ماوەی رابردوودا زۆری هەبووە ئەو لێبووردەییەش لە پێناوی بەرژەوەندیی باڵای ئێراقدا بووە، ئایا لە چ شتێكی دیكەدا ناتوانن تەساموح بكەن ؟
سەرۆكی كوردستان: وا بزانم ئەوەی لە ئێمە پێویست بووە بۆ ئێراق كردوومانە و لەمەش زۆر زیاترمان كردووە و وابزانم هیچمان نەماوە لەوە زیاتر بیكەین .
جەنابی سەرۆك پێتانوایە ئێستا مالیكی بەشێوەیەكی دیكتاتۆر بەتاكڕەوانە كاردەكات؟
سەرۆكی كوردستان: لەو خاڵەدا داوای لێبوردن دەكەم، من ناتوانم باسی شتی تایبەتی بكەم.
من تێبینم لەسەر ئەدای خۆی و حكوومەتەكەی هەیە، بەڵام لەهەمانكاتدا سەرۆك وەزیرانی ئێراقە و كۆن ئێمە هاوبەش و هاپەیمان بووین و ئێستاش لە حوكمدا شەریكین. من تێبینیم لەسەر ئەدای ئەو هەیە .
پرسیاری من جەنابی سەرۆك لەسەر ئەدای حكوومەتەكەیەتی نەك پرسیاری شەخسی ؟
سەرۆكی كوردستان: تێبینیمان زۆرە لەسەر ئەدای ئیدارەی مالیكی .
جەنابی سەرۆك پێتوایە لەو بارودۆخەی ئێستای ئێراق پرسی ئاشتەوایی نیشتیمانی گونجاو بێت و بێتە دی ؟
سەرۆكی كوردستان : بەقەناعەتی من تا ئێستا هەنگاوی جیددی بۆ ئاشتەوایی نیشتیمانی راستەقینە نەنراوە راستە زۆر شت هاتۆتە دی، ئەگەر ئیرادەیەكی تەواو هەبێ دەكرێ، بەڵام بەوشێوەیەی تا ئێستا كراوە قەت ئاشتەوایی نایەتە دی، چونكە تەنها كۆنفرانسی میدیاییە بەڵام بەشێوەیەكی كردەنی هیچی وا نەكراوە .
دەبێ چی بكرێ كە تا ئێستا بۆ پرسی ئاشتەوایی نیشتمانی نەكراوە ؟
سەرۆكی كوردستان: یەكەم پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئاشتەوایی نیشتمانی لەگەڵ كێ؟ یەكەمین پرسیار ئەوەیە، ئەگەر مەبەست ئاشتەوایی بێ لەگەڵ بەعس ئەوە بابەتی سەرەكیی ناكۆكیی نێوان هاوپەیمانانە، ئەو ناكۆكییە ئێستا قووڵتربووە. پێویستە یەكەمجار ئاشتەوایی لەنێوان خۆیاندا بكرێ، پێویستە ئەوان دابنیشن و ئاشت ببنەوەو راستیەكان بخەنە بەردەمی یەكتر و بڕیاری كردەنی بۆ ئاشتەوایی بدرێ، دەبێ فەرهەنگی لێبوردەیی باڵی خۆی بەسەر هەموو لایەكدا بكێشێ. با لە یەكتر ببوورن و واز لە تۆڵەسەندنەوەو لادان و سڕینەوەی بەرامبەر و پەراوێزخستن بهێنن، مەسەلەی ناكۆكی مەزهەبی دەبێ نەمێنێت و چتیر لەسەر ناسنامە یەكتر نەكوژن. ئەوانەی دەیانەوێ دوژمنایەتی كورد بكەنە پێوەر بۆ نیشتمانپەروەری خۆیان، دەبێ ئەو هزرە شۆفینیە نەمێنێت، هەروەها زۆر شتی دیكە پێویستە بكرێ .
پێت وا نییە جەنابی سەرۆك نەبوونی ئاشتەوایی نیشتمانی هۆكاری تێكچوونی باری ئەمنی بێ لە ئێراق ؟
سەرۆكی كوردستان: بەڵێ وایە، ئەوە هۆكارە، تێكچوونی باری ئەمنی لە ئێراقدا لە ئەنجامی نەبوونی ئاشتەواییەكی نیشتمانییە لە ئێراقدا .
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراق كە لە كۆتایی ئەمساڵدا ئەنجامدەدرێ تا چەند كاریگەریی بەسەر پەیوەندیی نێوان كوردو عەرەب یا پەیوەندیی نێوان بەغداو هەولێرەوە دەبێ ؟
سەرۆكی كوردستان: ئەو هەوڵانەی كە دەدرێن بۆئەوەی مەسەلەكە بكەنە دوژمنداری لەنێوان كوردو عەرەب، مەحاڵە رێگە بە هاتنەدییان بدەین.
چەكی كیمیایی و ئەنفال نەیانتوانی كورد بۆ ناو شەڕی كوردو عەرەب رابكێشن، ئێستا ئەوانەی ئەو هەوڵە دەدەن دیارە هیچ عیبرەتێكیان لە رابردوو وەرنەگرتووە و هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە ناتوانن بیكەنە شەڕی دوو میللەت، بەڵام من پێموایە رەنگە لە هەڵبژاردنی ئایندەدا نەخشەی سیاسی لە ئێراقدا بگۆڕدرێ پەرلەمانیش وەكو ئەوەی ئێستا نابێ، بەڵام لە راستیدا جارێ نازانم چۆن دەبێ .
دەربارەی لیستی كوردی لە رووی هێزو یەكگرتووی ئایا وەكو خۆی لە پەرلەمانی ئایندەدا دەمێنێتەوە؟
ئێستا كورد لە پەرلەمانی ئێراق لیستێكی بەهێزی هەیە و قسەكەرێكی بنەڕەتیە لە رەوشی سیاسیدا،
ئایا وەكو خۆی دەمێنێتەوە ؟
سەرۆكی كوردستان: پێموایە هەروەكو خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر لەنێوان خۆشماندا هەندێ بۆچوونی جیاواز و ناكۆكیشمان هەبێ، بەڵام بۆ مەسەلەی دەرەوە پێویستە ماڵی كورد یەك بێت .
ئەو جیاوازییانەی لەنێو یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەن و وازهێنانی بەشێك لەوانە كاریگەری بەسەر ئەم یەكگرتووییەدا دەبێ ؟
سەرۆكی كوردستان: كورد لە بەرامبەر دەرەوەدا وەكو یەك دەبێ و هەمیشە هەوڵی ئەوەش دەدەین گوتاری كورد بە یەكگرتوویی بمێنێت و ماڵی كورد وەكو یەك بێ .
جەنابی سەرۆك لە هەندێ دیمانەی رابردووی بەڕێزتانم دا خوێندوومە كە مەرگتان لە ژیانی دیكتاتۆرییەت پێ خۆشترە ؟
سەرۆكی كوردستان: ئێستاش وا دەڵێم.
كەواتە ئێستا ئێراق بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەڕوات؟
سەرۆكی كوردستان: تا ئێستا وانییە، بەڵام من دەڵێم ئەگەر . ئومێدەواریشم هیچ وای لێ نەیەت . بەڵام مومكین نییە ئێمە ژیان لە ژێر سیستەمێكی دیكتاتۆریەدا قبووڵ بكەین و رێگاشی پێنادەین و لە ژێر سایەشیدا ناژین .
تا چەند لەگەڵ ئەو رایەدان هێزی پێشمەرگە لە كەركووك و نەینەواو ئەو سنوورانەی هەرێمی كوردستان هەیەتی بكشێنەوەو تا چەند متمانەتان بە جموجۆڵی سوپای ئێراقەوە هەیە ؟
سەرۆكی كوردستان: ئەو ناوچانەی پێشمەرگەی لێیە بەهەرێمەوە ناوچەی كوردستانین و لە راستیە مێژوویی و جوگرافیەكانیشدا كوردستانین، بەڵام بەپێی ماددەی 140 هێشتا ناكۆكیی لەسەرە. ئێمە قبوڵمان كرد بەپێی ماددەی 140 جێبەجێ بكرێ، جێبەجێنەكردنی ماددەی 140 لەبەرپرسیاریەتی لایەنی دیكەیە نەك لایەنی كوردی. بۆ ئەوەی ئەو هاوسەنگییە تێك نەچێ هێزێ ئاسایش و پێشمەرگە لەو ناوچانەدا هەن ئەوەش مافێكی سرووشتی ئێمەیە .
ئەوەش بۆ پاراستنی ئەو كوردانەیە كە لەو ناوچانەن تا تەعەدایان لێ نەكرێت یانیش ئیجرائاتی وانەكرێ واقیعی دیموگرافیی ناوچەكە بگۆڕدرێ .
جموجۆڵەكانی سوپای ئێراق لە هەندێ شوێندا زۆرجار نامورتاحمان دەكات، بەڵام ئێمە هەمیشە بەتەفاهم و پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا دەتوانین هەر گرفتێك چارەسەر بكەین. ئەگەر باسی "Green Line"یش دەكەن ئێمە نە بڕوای پێدەكەین و نەدانیشی پێدادەنێین ئەو هێڵە سەوزە هێڵی تەماس بوو لەنێوان ئێمەو هێزەكانی رژێمی پێشوو نە شەرعیەتیشی هەیە و نە یاساییە و نەجوگرافیە و نەهیچ .
ئەی ئێستا جەنابی سەرۆك لەو جموجۆلانەی سوپای ئێراق نیگەران نین؟
سەرۆكی كوردستان: ئومێدەوارم هیچ جموجۆلێكی وا بۆ تێكچوونی بارودۆخەكە نەكرێ و هەرچیش بكرێ با بەهەماهەنگی بكرێ، چونكە هەندێ جار پرۆسەی هاوبەش بەرێكو پێكی لەنێوان پێشمەرگەو سوپای ئێراقدا دەكرێ .
جەنابی سەرۆك دەمەوێ لێرەدا پرسیار دەربارەی پەیوەندیی نێوان كوردستان و هێزە دەرەكییەكان بكەم بەتایبەتی ئەمەریكا .
ئێوە پەیوەندی مێژووییتان لەگەڵ ئەمەریكادا هەبوو پێتان وابوو دوای ئەوەی ئەمەریكا دێت داواو ویستەكانتان دێنێتە دی ؟
سەرۆكی كوردستان: بێگومان ئێمە پەیوەندیی دۆستانەمان هەبوو و هەیەو بەهێزیشە. بەڵام بەراستی ئێمە پێشبینی لەوە زیاترمان لە ئەمەریكادا دەكرد لەبواری پاڵپشتیكردنمان بۆ نموونە لە جێبەجێكردنی ماددەی 140 لەساڵانی رابردوودا دەیانتوانی لەوە زیاتر رۆڵ ببینن كە نەیاندیت.
ئەی جگە لە ماددەی 140 ؟
سەرۆكی كوردستان: هەر ئەوەندە بەسە.
ئایا ئەمەریكییەكان رۆڵیان هەبووە لە ناساندنی ئەو تاوانانەی لەسەردەمی رژێمی پێشوودا كراون واتا زەمانەتی ئەوە بدەن كە جارێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە ؟
سەرۆكی كوردستان: من پێموایە ئەوە زیاتر ئیشی ئێراقە، پەرلەمانی ئێراقیش بڕیاری دا كە ئەوە جینۆسایدە، هەروەها دادگای باڵای تاوانیش كاری خۆی دەكات، بۆیە من نازانم ئەمەریكا چ رۆڵێك لەمبارەیەوە دەبینێ . لەسەر ئاستی دەوڵەتیشدا نەمبیستوە ئەوان كۆسپێكی دیاریكراویان دروست كردبێت یا شتێكی جیددی بۆ ناساندنی ئەو مەسەلەیە، وەكو ئەوەی ئەوان بێلایەن بووبن و ئەوەندەی من بزانم بۆ خەڵكی ئێراقیان جێهێشتووە. بەڵام لە مەسەلەی چەكی كیمیاویدا كە لە دژی گەلی ئێراقدا بەكار هات نە ئەمەریكا و نە ئەورووپا رۆڵیان نەبووە بەتایبەتی بۆ ئاشكراكردنی ئەو كۆمپانیایانەی لە مبارەیەوە دەستیان هەبووە یانیش بۆ قەرەبووكردنەوەی خەڵكی كوردستان لەمەدا سیستیەك هەست پێدەكەین .
دەتوانن چی بكەن ؟
سەرۆكی كوردستان: ئەو كارگانەی یارمەتییان داون، ریسوایان بكەن و بدرێنە دادگا و بۆ خەڵكی كوردستان قەرەبوویان لێ بسەندرێ.
كاریگەریی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر كورد چی دەبێت و چ ترسێكتان لەو كشانەوەدا هەیە؟
سەرۆكی كوردستان: كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا مانای ئەوە نییە ئەمەریكا بەتەواوی دەست لە ئێراق هەڵدەگرێ .
ئێمە ئومێدەوارین پێش ئەوەی ئەمەریكا هێزەكانی سەربازی لە ئێراق بكشێتەوە، ئەو كێشانەی ناو ئێراق و رەوشی سیاسیی ناو ئێراق چارەسەر بكرێ. من پێموایە ئەمەریكا دەست لە ئێراق هەڵناگرێ، لەوانەیە پێویستی بەهێزی سەربازی نەبێت، بەڵام بوونی ئەمەریكی بەهەر شێوەیەك بێت لە ئێراق زەروورییە و بەقەناعەتی من دەشمێنێ، بۆیە مەزەندە ناكەم بەكشانەوەی هێزی سەربازی شت زۆر بگۆڕێت، ئەگەر رەوشی سیاسیی ئێراق سەقامگیر بوو ئەو وەختە هیچ كێشەیەك نابێت .
جەنابی سەرۆك ئایا پێتوایە لە هەڵبژاردنی دادێی پەرلەمانی كوردستاندا هێزی زیاتر دێنە ناو پەرلەمان، بۆچی تا ئێستا هیچ كەسێك نییە ركابەریی جەنابتان بكات لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا؟
سەرۆكی كوردستان: ئێمە سەربەرزین بەوەی ئەو ئازادییەمان بۆ میللەتی خۆمان هێناوەتە دی، هەر گۆڕانێك ببێت ئێمە پێشوازیی لێدەكەین، ئێمە رێز لەو بڕیارە دەگرین كە میللەتەكەمان دەیدات، كێ دێنێ و كێ لادەبات، خۆی ئازادە، باسەیری هەڵبژاردن بكەین.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەكەت، خۆی لە 17ی مانگ دەرگای تۆماركردنی پاڵێوراو بۆ سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێتەوە، هەر كەسیش ئازادە خۆی بپاڵێوێ و هیچ لارییەك لەوەدا نییە، بەڵام هێشتا وەختی ماوە.
بۆچی جەنابتان داوای ئەوەتان كرد كە میكانیزمێكی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم هەبێت نەك ئەو میكانیزمەی كە پێشتر لە پەرلەمان هەبوو ؟
سەرۆكی كوردستان: ماوەی پێشوو، ماوەی ئینتقالی بوو، واتە دەرفەتی ئەوە نەبوو هەڵبژاردنی راستەوخۆ ببێت، هەروەها لە رەشنووسی دەستوورو لە قانوونی سەرۆكایەتی هەرێمیشدایە كە بۆ خولی داهاتوو راستەوخۆ دەبێت. هەڵبەت من پڕوپاگەندەو ئاماژەی وام بیستبوو كە ئەمە سەفقەیەكە لەنێوان پارتی و یەكێتی، حزبەكانی دیكەش موحریجن و لە پەرلەمان شەرم دەكەن دەست بەرز نەكەنەوە، لەبەرئەوە ئەوە بەو مانایە دێت كە فەرزكراوە. رێك دەمانەوێ بزانین رای شەقام و خەڵكی كوردستان چییەو چیی دەوێ بۆ ئەوەی كەس موحریج نەبێ. لەوانەیە بتوانی 100كەس لەناو هۆڵێك ئیحراج بكەی، بەڵام ناتوانی 2-3 ملیۆن كەس ئیحراج بكەی، كە ئەوكاتە خەڵكی دی ئازادە بۆ ئەوەی بزانین میللەتی كورد رای چییە.
رەخنە لە سیستمی سیاسیی كوردستان دەگیرێ بەوەی كە سیستەمێكی كێبەڕكێ نییەو دوو هێزی گەورە دەستیان بەسەر پرۆسەی سیاسیدا گرتووە ؟
سەرۆكی كوردستان: ئەو بارودۆخە بۆ ئێمە، تازەیەو پراكتیزەكردنی دیموكراسییش بۆ ئێمە تازەیە، ئێمە ئیدیعای ئەوە ناكەین كە هەموو شتێكمان تەواوە، هێشتا كەموكوڕیمان زۆرە، زۆری ماوە فێرببین .
ئەگەر كێشە لەنێوان ئەو دوو هێزە رووبدات كاریگەری لە هەموو دەستكەوت و رەوشەكە دەكات. بۆیە بۆ ئەم قۆناغە واپێویست دەكات كە رێك بن . هەروەها رێگە لە كێبەڕكێش نەگیراوە. لەوانەیە لە هەڵبژاردنێكی دیكەدا ئەو دوو حزبەش بە لیستی جیاواز دابەزن، بەڵام رێگە لە خەڵكی دیكە نەگیراوە كە دابەزن.
لەبەر ئەوە دابەزینی ئەو دوو هێزە بەیەكەوە شتێكی ئاساییە، باشە چ خیلافێكی قانوونی یا دەستووری هەیە كەئەم دوو حزبە پێكەوە هاوپەیمانی بكەن ، هەروەها پروپاگەندەیەكی زۆر هەبوو كە ئەم دوو حزبە خەریكە تەواو دەبن و كۆتاییان دێت ، با ئەوەش بزانین كە فیعلەن وایە، ئەم دوو حزبە تەواو بوونە ؟ باشە بۆ بڕیار لەسەر ئەوە درا سیستەمی هەڵبژاردن بەلیستی داخراو بێت؟
سەرۆكی كوردستان: پەرلەمان ئەو بڕیارەی داوە و هەموو حزبەكانیش تێیدا بەشداربوون. من شەخسی رام وابوو بازنەیی بێت.
وەكو بیستوومە جەنابی جەلال تاڵەبانی خۆی بۆ سەرۆكی ئێراق هەڵنابژێرێتەوە؟ ئایا كوردێك بێت دەبێ كێ بێت ؟
سەرۆكی كوردستان: خۆی حوكمڕانی ئێراق تەوافوقییە، واتە بۆ ئەم قۆناغەو رەنگە بۆ قۆناغی داهاتووش هەر دەبێ تەوافوقی بێت، كە بێگومان دەبێ یەكێك لە پۆستە سیادییەكان بۆ كورد بێت، بەپێی ئەو رێككەوتنەی ئێستا هەیە سەرۆك كۆمار بەشی كوردە. هیچ گومانی تێدا نییە مام جەلال ـ یش رێز لەرای پەرلەمان و حزبەكانی كوردستان دەگرێ، كە خۆشی ئەو بڕیارە بدات، بەڵام ئەگەر داوای لێكرا كە داواشی لێدەكرێ، بێگومان دەبێ واز لەو بڕیارە بهێنێ.
ئایا پێتوایە جارێكی دیكە خۆی هەڵدەبژێرێتەوە؟
سەرۆكی كوردستان: جارێ هێشتا بۆ ئەوە زووە، خۆی وای گوتووە، بەڵام لەوانەیە لێی قبوڵ نەكرێ .
بەپێی دوا بڕیار هەرێمی كوردستان دەتوانێ نەوت بنێرێتە دەرەوە، ئایا پێتوایە ئەمە سەركەوتنێكە بۆ كورد؟
سەرۆكی كوردستان: ئەمە سەركەوتنە بۆ ئێراق، بەڵام كورد ئەو سەركەوتنەی بەدەستهێنا، وەكو ئەوەیە یەكێك گۆڵێك بكات، بەڵام گۆڵەكە لەلایەن یاریزانی كوردەوە بووە.
ئایا ئەوە نیفاقەك نییە لە وەزیری نەوتی ئێراقەوە، كە دەڵێ قبووڵ دەكەین نەوت بنێرنە دەرەوە، بەڵام گرێبەستە نەوتییەكانتان قانونی نین؟
سەرۆكی كوردستان: خۆیشی لە خۆی تێناگا چ دەكات و چ دەڵێ، لەلای ئێمە گرنگ نییە ئەو چ دەڵێ، لەبەر ئەوەی نازانێ چ دەكات و چ دەڵێ.
جەنابی سەرۆك دەتوانن بۆمان روون بكەنەوە كە چۆن پارە بەو كۆمپانیایانە دەدرێتەوە كە نەوتەكەیان دەرهێناوە؟
سەرۆكی كوردستان: بۆ وردەكاریی ئەو بابەتە با بچێ لەگەڵ وەزیری نەوت قسە بكات.
ئایا بڕیاری ناردنە دەرەوەی نەوتی كوردستان ئاماژەیەكی ئیجابی نییە بۆ تێپەڕاندنی قانونی نەوت و غاز لە پەرلەمانی ئێراقدا؟
سەرۆك كوردستان: هەنگاوێكی باشەو بەڕاستی جێبەجێكردنی دەستوورە، هەروەها لەبەرژەوەندیی هەموو گەلانی ئێراق دایە.
جەنابی سەرۆك هەندێك پێیانوایە كە ململانێ لەسەر قانوونی نەوت و غاز بۆ دواقۆناغ دەهێڵدرێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر مەسەلەی كەركووك تەبادولی پێ بكرێ؟
سەرۆكی كوردستان: بەنیسبەت ئێمەوە شتی وا نییە.
جەنابتان كەسەیری هەموو شتەكان دەكەی ئەوانەی لە 1991 و لەدوای 2003 ـ ەوە بەدیتانهێناوە، شانازیی زیاتر بەكام دەستكەوتەوە دەكەی و زیاتر بیر لەكام شت دەكەیتەوە كە تا ئێستا نەتانتوانیوە بەدیی بهێنن؟
سەرۆكی كوردستان: دەسكەوتەكان زۆرن، لەوانە ئەو ئازادییەی بۆ میللەتی كوردستان بەدەستهاتووە، پەرلەمان، حكوومەتی هەرێم، چەسپاندنی دامەزراوەكانی دەستووری و دیموكراتی و بەدەستهێنانی دەستوورێكی پێشكەوتوو بۆ ئێراق كە كورد تێیدا رۆڵێكی سەرەكی بینی، هەروەها ئەو ئاوەدانییەی كە هەموو كەس دەیبینێ، ئەمانە هەموویان جێی شانازین .
وەكو هاووڵاتییەكی كوردیش هیواو ئاواتم ئەوەیە رۆژێك ببینم ئەم نەتەوەیە وەكو هەر نەتەوەیەكی دیكە دەوڵەتی خۆی هەبێت.
واتە وڵاتێكی سەربەخۆ؟
سەرۆكی كوردستان: مافێكی سروشتییە.
دوای 10 ساڵ یا 20ساڵی دیكە؟
سەرۆكی كوردستان: هەر كاتێك بەبێ شەڕو خوێنڕشتن ئیمكان بێت، بۆیە هەر كاتێك بێت گرفت نییە، مەرج نییە لە ژیانی نەوەی ئێمەدا بێت.
لەبەغدا ئێستا قسەی زۆر لەسەر گەندەڵیی وەزارەتی بازرگانی دەكرێ كە داوا دەكەن مالیكی بچێتە پەرلەمان، بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی لە كوردستان چی كراوە؟
سەرۆكی كوردستان: ئێمە دەزگایەكی نەزاهەی بەهێز دادەنێین و بەجددی كار بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی دەكەین.
كەس لە بەرپرسانی هەرێم بەوە مەحكوم كراون؟
سەرۆكی كوردستان: هەر كەس شكایەتەكی
هەبێت دەتوانێ لە دەزگای نەزاهە سكاڵا بكات. ئێستا وای لێهاتووە هەركەسێ هەستێ باسی ئەوە دەكات. خەڵكێكی زۆر گەندەڵیش باسی گەندەڵی دەكات. لەبەر ئەوە با دەزگای نەزاهە ساغی بكاتەوە كە كێن ئەوانەی گەندەڵن.
ئایا گەندەڵی لێرە پرسێكی گەورەیە؟
سەرۆكی كوردستان: پێموایە زێدەڕۆیی لێدەكرێ، بەڵام هەیە و دەبێ بنبڕ بكرێ.
جەنابی سەرۆك ئایا هیچ پلانێك لە ئارادایە سەردانی سەرۆك ئۆباما لە واشنتۆندا بكەی؟
سەرۆكی كوردستان: بەم نزیكانە نا، بەڵام خۆشحاڵ دەبم ئەو دەرفەتە بێتە پێش سەردانی بكەم، من لە بەغدا ئەوم بینی.