دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ رۆژى هه‌ینى دواخرا

دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ هه‌ینى دواخرا

بڕیاربوو سبه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت و په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ رۆژى هه‌ینى دواخرا .

سه‌رچاوه‌یه‌ك له فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان ڕاگه‌یاند: "كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ڕۆژى هه‌ینى 15/9/2017 دواخراوه‌، هۆكاره‌كه‌شى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ به‌ پێی په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان ده‌بێت 48 كاتژمێر پێش هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌ك واژووى په‌رله‌مانتاره‌كان بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌ كۆبكرێته‌وه‌".

ڕوونیشى كرده‌وه‌، كه‌ ژماره‌ى ئه‌و واژوویانه‌ى تا ئێستا بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌ كۆكراونه‌ته‌وه‌، ژماره‌ى یاساییان تێپه‌ڕاندووه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى دواتر تانه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌درێت و نه‌گوترێت كه‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ پێشێل كراوه‌، تا 48 كاتژمێره‌كه‌ ته‌واو نه‌بێت كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجام نادرێت، بۆیه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ كاتژمێر 7 یان 8ى ئێواره‌ى ڕۆژى هه‌ینى 15/9/2017 له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت.

تێزانین پێشتر ئه‌نجومه‌نى باڵاى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بڕیارى دا كه‌ 14/9/2017 په‌رله‌مانى كوردستان كارا بكرێته‌وه‌ و یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى خۆی له‌ هه‌مان ڕۆژدا ئه‌نجام بدات.

كوردستان تیڤی/رفعت مزروى