لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی: پێویسته‌ عێراق خه‌ڵكی خورماتوو قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌

لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی: پێویسته‌ زه‌مینه‌سازی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خێزانه‌كانى خورماتوو بكرێت

لین مه‌علوف، به‌ڕێوه‌به‌ری توێژینه‌وه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ناسراو به‌ "ئه‌مینیستی ئینته‌رناشناڵ"، له‌باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌ پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی فره‌ پێكهاته‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی رووداوه‌كانی خورماتوو له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌غداوه‌ ده‌ڵێت: ئه‌وان پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ی حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن.

مه‌علوف جه‌ختی كرده‌وه‌ "پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی له‌م جۆره‌ نه‌ك ته‌نیا هه‌نگاوێكی گرنگه‌ و بۆ دادپه‌روه‌ری بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی مافی ئه‌و قوربانیانه‌ی له‌ شاری خورماتوو پێشێلكاریان به‌رامبه‌ر كراوه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ ببێت به‌ قه‌ڵغانێك بۆ ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی كه‌ له‌داهاتووشدا به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتیان ده‌كرێن".

به‌ڕێوه‌به‌ری توێژنه‌وه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی گوتی "رۆژی 16ی ئوكتۆبه‌ری 2017، به‌هۆی هێرشی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقه‌وه‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، به‌ ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی سڤیل ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بهێڵن و ئاواره‌ ببنن".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "سه‌دان خانووی هاووڵاتیان و ماركێت و دوكان له‌گه‌ڕه‌كه‌ كوردنشینه‌كان تووشی روخان و سووتاندن و وێرانكاری بوونه‌وه‌ و، له‌ماوه‌ی ته‌نیا چه‌ند خوله‌كێكدا هه‌زاران هاووڵاتی بێ ماڵ و حاڵ و سه‌روه‌ت و سامان مانه‌وه‌".

مه‌علوف جه‌ختی كرده‌وه‌ "پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق له‌وه‌ دڵنیا بێته‌وه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان گشتگیر و ئاكتیڤ و شه‌فاف بن و، ده‌بێت قوربانیانی ئه‌و رووداوانه‌ش قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌ و ئه‌نجامی به‌دواداچوونه‌كانیش هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌و رووداوانه‌ له‌خۆ بگرێت. هه‌وره‌ها پێویسته‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان بۆ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به‌رز بكرێنه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی رێوشوێنی پێویست و یاسایی بگرنه‌ به‌ر".

له‌كۆتایی قسه‌كانیدا مه‌علوف گوتی "ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ خێزانه‌ ئاواره‌كان له‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێدا ده‌ژین و، نازانن ئاخۆ ده‌توانن جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان یاخۆد نا. بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق به‌په‌له‌ هه‌نگاوی یاسایی له‌مباره‌یه‌وه‌ بنێن و، زه‌مینه‌سازی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ بۆ خورماتوو بكه‌ن".

دوای رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر، رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ئیمینیستی ئینته‌رناشناڵ یه‌كه‌م رێكخراو بوو كه‌ به‌ ووردی ده‌ستی دایه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌باره‌ی رووداوه‌كان و پێشێلكاریه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتیانی كورد له‌ خورماتوو. نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش به‌ نادردنی دوو شاندی چاودێری له‌ رۆژانی 7 و 14ی دیسه‌مبه‌ر بۆ خورماتوو، پشتگیری له‌ كاره‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ كرد.