چۆن سێكته‌رى كشتوكاڵ بكه‌ینه‌ جێگره‌ى نه‌وت

حكومه‌تى هه‌رێم سه‌دا نه‌وه‌د زیاتر داهاتى له‌ رێگه‌ى فرۆشتنى نه‌وته‌وه‌یه‌

كاروان سورچى

هه‌میشه‌ گوێبیستى ئه‌وه‌ ده‌بین كوردستان وڵاتێكى كشتوكاڵیه‌و له‌ ناوه‌راستى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو به‌رهه‌مه‌كانى كشتوكاڵ جگه‌ له‌ دابینكردنى پێداویستى ناوخۆ به‌شێكى به‌رهه‌مه‌كانى هه‌نارده‌ى ناوه‌راست و خوارووى عێراق كراوه‌، ئه‌مه‌ش ببووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى ژێرخانى ئابوورى كوردستانى پێ به‌رز بێته‌وه‌ ، به‌ڵام له‌ دواى ساڵى نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ ئه‌و كه‌رته‌ نه‌یتوانیوه‌ وه‌كو پێویست رۆلى خۆى ببینێت له‌ گه‌شه‌پێدانى ئابوورى كوردستان، جگه‌ له‌وه‌ش وێرانكردنى گوند و ناوچه‌ گوندنشینه‌كان له‌لایه‌ن رژێمى به‌عس گورزێكى دیكه‌ى كوشنده‌ بووه‌ بۆ سرینه‌وه‌ى ژێرخانى ئابوورى كوردستان .

 له‌ دواى راپه‌رین و له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنى بریارى 986ـى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ ناسراوه‌ به‌ بریارى (نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ خۆراك )ئه‌و كه‌رته‌ زیاتر توشى پوكانه‌وه‌ كرد، له‌ دواى ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرا كه‌رتى كشتوكاڵى كوردستان مه‌ترسى دارووخانى زیاترى لێوه‌ كرا ، ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامى سیاسه‌تى حكومه‌تى ناوه‌ند كه‌ رۆڵى هه‌بووه‌ له‌ دروستكردنى كۆمه‌ڵێك گرفت و رێگریكردن له‌ هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان، حكومه‌تى ناوه‌ند له‌ رێگه‌ى ناردنى به‌شه‌ بودجه‌ ساڵانه‌ى هه‌رێمى كوردستان وایكرد هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان له‌ گونده‌كانه‌وه‌ كۆچ بكه‌ن بۆ شاره‌كان و له‌ شاره‌كان روو له‌ كه‌رتى حكومى بكه‌ن و به‌شێكى زۆریان ببن به‌ مووچه‌خۆر كه‌ ئه‌مه‌ش گرفتێكى زۆرى بۆ حكومه‌ت دروستكرد و هۆكارێكى دیكه‌ش بوو بۆ ئه‌وه‌ى كه‌رتى كشتوكاڵ زیاتر بپوكێته‌وه‌ و هاوڵاتیانمان واز له‌ كارى كشتوكاڵى بێن كه‌ ئێمه‌ى كردۆته‌ هه‌رێمێكى به‌كاربه‌ر، هه‌روه‌ها حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش له‌دواى فرۆشتنى نه‌وتى خۆى وه‌كو پێویست گرنگى به‌ سێكته‌رى كشتوكاڵ نه‌دا و زیاتر هه‌وڵه‌كانى بۆ بووژانه‌وه‌ى ئابوورى كوردستان له‌ رێگه‌ى فرۆشتنى نه‌وت بوو كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌ بوو.

حكومه‌تى هه‌رێم سه‌دا نه‌وه‌د زیاتر داهاتى له‌ رێگه‌ى فرۆشتنى نه‌وته‌وه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ى بینیمان له‌ ماوه‌ى سێ ساڵى رابردوو نرخى نه‌وت له‌ بازاره‌كانى جیهان دابه‌زینێكى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینى كه‌ ئه‌مه‌ش وایكرد هه‌رێمى كوردستانى تووشى قه‌یرانێكى سه‌ختى ئابوورى ببێته‌وه‌ ، له‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێویسته‌ ته‌نیا و ته‌نیا پشت به‌ به‌رهه‌مى نه‌وت نه‌به‌ستێت و رۆژێك دێت نه‌وت نامێنێت ئه‌وكات كوردستان چى ده‌كات؟ بۆیه‌ پێویسته‌ گرنگى به‌ سێكته‌ره‌كانى دیكه‌ وه‌كو كشتوكاڵ و پیشه‌سازى و گه‌شتوگوزار بدرێت ئه‌ویش له‌ رێگه‌ى پێدانى پێدانى قه‌رزى كشتوكاڵ و پیشه‌سازى و گه‌شتیارى بۆ ئه‌وه‌ى  هاوڵاتیانى كوردستان گرنگى به‌و سێكته‌رانه‌ بده‌ن و ئێمه‌ ببینه‌ خاوه‌ن به‌رهه‌مى خۆماڵى خۆمان و له‌م قۆناغه‌دا پشت به‌ به‌رهه‌مى خۆمان ببه‌ستین و له‌ قۆناغى داهاتووش به‌شێكى به‌رهه‌مه‌كانمان هه‌نارده‌ى وڵاتانى دراوسێ بكرێت .

 جوگرافیا و خاكى كوردستان زۆر به‌ پیته‌ و به‌ سووده‌ بۆ كارى كشتوكاڵى ده‌بێ حكومه‌تى هه‌رێم هاوڵاتیانى هانبدات ڕوو له‌ گونده‌كان بكه‌نه‌وه‌ و په‌ره‌ به‌ سێكته‌رى كشتوكاڵ بده‌ن و هه‌وڵبده‌ین ئه‌و سێكته‌ره‌ ببوژێنینه‌وه‌ و ركابه‌رى سێكته‌رى نه‌وت بكات بۆ ئه‌وه‌ى ئابوورى كوردستان ببوژێته‌وه‌ و ببینه‌ خاوه‌ن ئابووریه‌كى سه‌ربه‌خۆ و چاومان له‌ ده‌ستى ئه‌م و ئه‌و نه‌بێت .