ئه‌گه‌ر رێگه‌یان پێبده‌ن هاوشێوه‌ی وان و كۆبانێ هاوكاری و كۆمه‌ك ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ كرماشان

له‌ شاری كرماشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان رێژه‌ی زیانه‌ گیانی و مادییه‌كان له‌ به‌رزترین ئاستدا بووه‌و

 له‌ دوای ئه‌و بومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌ى شه‌وی 12\13 /11/2017  كه‌ باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانى هه‌ژاند و بووه‌ هۆكاری كوژرانی سه‌دان كه‌س و برینداربوونی هه‌زاران كه‌س و روخانی هه‌زاران خانو كه‌ ئه‌وه‌ش زه‌ره‌رو زیانێكی زۆر گه‌وره‌ی مادی و گیانی لێكه‌وته‌وه‌و خه‌ڵكانێكی زۆری بێ ماڵ و حاڵ كرد و ئاواره‌ی جاده‌و شه‌قامه‌كانی كردن.

له‌ شاری كرماشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان رێژه‌ی زیانه‌ گیانی و مادییه‌كان له‌ به‌رزترین ئاستدا بووه‌و سه‌دان خێزان بێ لانه‌ بوون به‌هۆی رووخانی ماڵه‌كانیان و پێویستیان به‌ كۆمه‌ك و هاوكاری كردنه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه‌ بۆ یارمه‌تی دانی مرۆیی     زیان لێكه‌توانی كرماشان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ فه‌رمی داوایان له‌ كونسووڵگه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ هه‌ولێر كردووه‌ بۆ ناردنی هاوكاری مرۆیی بۆ زیانبه‌ركه‌وتوانی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی كرماشان و ده‌وروبه‌رى

ئیبراهیم سیمین ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێری ده‌زگای خێرخوازی بارزانی به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی راگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك ده‌زگای خێرخوازی بارزانی داوایه‌كی فه‌رمیمان ئاراسته‌ی كونسووڵگه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ هه‌ولێر كردووه‌و ئاماده‌یی هاوكاری مرۆییمان بۆ زیانبه‌ركه‌وتوانی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی كرماشان ده‌ربریوه‌و ئه‌وانیش سوپاسی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێمه‌یان كردووه‌و وتوویانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رووی خۆمانه‌وه‌ ده‌كه‌ین و وه‌ڵامتان ده‌ده‌ینه‌وه‌، له‌ ئێستاشدا ئێمه‌ پێداویستیه‌ مرۆییه‌كانمان ئاماده‌ن و چاوه‌روانی وه‌ڵامین.

هاوكات ده‌زگای خێرخوازی بارزانی هه‌میشه‌ له‌ هه‌رێم و له‌ هه‌رسێ پارچه‌كه‌ی تری كوردستان له‌ خه‌می لێقه‌وماوان دابووه‌ و به‌ هانایانه‌وه‌ چووه‌

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ بوموله‌رزه‌یه‌كی به‌هێز شاری وانی باكووری كوردستانی هه‌ژاند له‌ مانگی 11 ی 2011 ده‌زگای خێرخوازی بارزانی كه‌مپینێكی هاوكاری به‌ناوی كه‌مپینی بارزانی راگه‌یاند و 400 كه‌ره‌ڤانه‌ی پر له‌ پێداویستی خۆراكی و ناخۆراكی ره‌وانه‌ی شاری وانی باكووری كوردستان كرد

هه‌روه‌ها له‌ رۆژئاوای كوردستان به‌ تایبه‌ت له‌ كۆبانێ له‌ سه‌ره‌تای شه‌ری داعشه‌وه‌ تا قۆناغه‌كانی شه‌ره‌كه‌و دوای رزگار كردنی كۆبانێ و گه‌رانه‌وه‌ی ئاواره‌كانیش بو ناو شاره‌كه‌ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ماندوو نه‌ناسانه‌و به‌رده‌وام سه‌ره‌رای بوونی ده‌یان مه‌ترسی و به‌ربه‌ست هاوكاریه‌كانی گه‌یاندۆته‌ لێقه‌وماوان و ئاواره‌كان.

كوردستان تیڤى: داستان ئه‌میر